ناڕەزایی ژنان بەرامبەر بێدەنگی ڕای جیهان لە ئاست شێخ مەقسود
09:13
فیدان ڕێزنا/ ژنها
عەفرین- ژنان لە کانتۆنی عەفرین ناڕەزایی توندیان دەربڕی بەرامبەر بە بێدەنگی ڕای جیهان لە ئاست هێرشەکانی سەر گەڕەکی شێخ مەقسودی شاری حەلەب.
لە ژێر چاودێری نەتەوە یەکگرتوەکان لە ٢٧-٢-٢٠١٦ وە ئاگربەستی سوریا ڕاگەیاندراوە، بەڵام بە هاوکاری و سەرکێشی حکومەتی ئاکەپە و بە دەستپێشخەری ENKS هێز و گروپە چەتەکان لە شاری حەلەب بەردەوام هێرش دەکەنە سەر گەڕەکی کوردنشینی شێخ مەقسود، لە دواین هێرشەکاندا ڕۆژی دووشەمەدا ١٤ هاوڵاتی گیانیان لەدەستدا کە لەناویاندا ژن و منداڵیش هەبوون، هەروەها ٥٢ هاوڵاتیش بریندار بوون.
ئەو هاوڵاتیانەی کە ناچاری کۆچ پێکردن بوونەتەوە و ڕوویان کردە کانتۆنی عەفرین، هەندێک لەو ژنانەی کە ناچاری کۆچ پێکردن هاتوون ناڕەزاییان بەرامبەر بێدەنگی ڕای گشتی دەربڕی لە ئاست کۆمەڵکوژی و هێرشەکانی سەر گەڕەکی شێخ مەقسودی شاری حەلەب.
لەوبارەیەوە فاتمە سلێمان وتی: "دەبێت ئەو هێزە تیرۆرستانەی بەو شێوەیە هێرش دەکەن و کۆمەڵکوژی ئەنجام دەدەن، لە ئاستی نێودەوڵەتی و جیهانیدا پێناسە بکرێن، دەبێت بە ئاشکرایی ڕابگەیەنرێن کێ لەپشت ئەو هێزانەوەیە، چونکە هەرشت بەرچاوە ئێمە وەک گەلی ناوچەکە رووی ڕاستیەکانما بۆ ئاشکرابووە."
ناوبراو وتیشی: "لە بەرچاوی هەموو جیهان لەو گەڕەکەدا کارەساتێک ڕوودەدات، چەتەکان ڕێگەی کەلوپەلە مرۆییەکانیشیان گرتوە، بەڵام ئەو هەموو بێدەنگیە گومانی لا دروست کردووین، ئێمە سورین لەسەر پاراستنی دەسکەوتەکانی شۆڕش لە ڕۆژئاوا و بە هەموو شێوەیەک پشتگیری شەرڤانانمان دەکەین لە پاراستنی گەرەکەکەمان."
هەروەها زەکیە یوسف، ژنێکیتری ئاوارەبووی کانتۆنی عەفرینە، زەکیە داوای لە رای گشتی جیهان کرد کە ئیتر بێدەنگی بشکێنن، زەکیە وتیشی: "پێویستە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی نەتەوەیەکگرتوەکان دیواری بێدەنگی بشکێنێت، چونکە ئەمڕۆ هەزاران هاوڵاتی لە شێخ مەقسود ڕووبەڕووی کۆمەڵکوژین."
لە کۆتایشدا ژنێکیتربەناوی ڕوشین ئیبۆ ڕایگەیاند: "چۆن لە کۆبانێ چەتەکان شکستیان هێنا، لە حەلەبیش شکست دێنن، ناوبراو جەختیشی کردەوە: " هیچ هێزێک ناتوانێت ئیرادەی گەلی کورد بشکێنێت، بەڵام دەبێ ڕێگری بکرێت لە دووبارە بوونەوەی کۆمەڵکوژیەکیتر."
(ش ب)