مامۆستایانی ژن ئیدانەی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک دەکەن
09:51
عەبیر ئەحمەد/ژنها
حەسەکە- مامۆستایانی ژنە لەشاری حەسەکە بەتوندی ئیدانەی هێرشی دەوڵەتی تورکیا دەکەن بۆ سەر گەلی کورد و ڕایدەگەینن کە ئەوان بێ دەنگ نامێنن.
لە باکوری کوردستان ئابلۆقە و هێرشی دەوڵەتی تورک بۆ سەر هاوڵاتیان بەردەوامە، پێشلکردنی مافەکانی مرۆڤ هەموو سنورێکی بەزاندوە، مامۆستایانی ژن لەشاری حەسەکەی کانتۆنی جزیرەی ڕۆژئاوای کوردستان ئیدانەی هێرشەکان دەکەن و دەڵێن هۆکاری هەموو هێرشەکان بە ئامانج گرتنی سیستەمی خۆبەڕێوەبەری باکوری کوردستان و فیدراڵی رۆژئاوای کوردستانە، ئامانجیان لەنێوبردنی هێزی گەلی کوردە.
لەوبارەیەوە ژیندا حەمۆ جێگری وەزیری پەروەردەی کانتۆنی جزیرە، ڕایگەیاند: "دەوڵەتی تورکیا کردەوەی دوور لە مرۆڤایەتی لەبەرامبەر گەلی کورد ئەنجامدەدات، دەوڵەتی تورک دەیەوێت بەو هێرش و کارە دڕندانەی ئیرادەی گەلێک بشکێنێت، ئامانجیان شکست هێنانە بە سیستەمی خۆبەڕێوەبەری باکوری کوردستان و فیدراڵی رۆژئاوای کوردستان، ئامانجیان لەنێوبردنی هێزی گەلی کوردە. بەڵام ئێمە هەموومان لەبەرامبەر ئەو هێرشانە یەک دەنگین، تا سەرکەوتن، گەلی کورد شوێنێکی وڵاتی کردۆتە مەیدانی ئازادی."
بوشرا تەلال مامۆستای بەڕەگەز عەرەب، سەرەتا بەتوندی هێرش و کۆمەڵکورژی دەوڵەتی تورک کرد بۆ سەر گەگەلی کورد، بوشرا وتی: "حکومەتی (ئاکەپە) سەرەتا ویستی لە ڕۆژئاوا گورز لە گەلی کورد بوەشێنێت، دوای ئەوەی سەرکەوتوونەبوو بەرامبەر هێزی کوردان و گەلانی ڕۆژئاوا، جارێکیتر ڕووی کردەوە باکوری کوردستان، لە باکوری کوردستان گەورەترین کۆمەڵکوژی ئەنجامدا، بەڵام لێرەوە بە تورکیا ڕادەگەیەنم کە ئیتر پلانەکانی پوچەڵ بوونەتەوە، چۆن لە ڕۆژئاوا سیستەمی گەل سەرکەوت لە باکوریش بەهەمان شێوە گەل سەردەکەوێت."
هەروەها عەفاف حەسەکە، بەڕێوەبەری خوێندنگەی عەدنان مالکی هەر لەوبارەیەوە وتی: "ئاشکرا بووە کە دەوڵەتی تورکیا بە سەرکێشی ئەردۆغان و بە هاوکاری چەتەکانی داعش، نامرۆڤانەترین تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی لەبەرامبەر گەلی کورد ئەنجامدەن، لەبەرامبەر ئەو هێرشانەی دەوڵەت بانگەوازی بەرخۆدانی دەکەم و ئێمەش بە هەرجۆرە هاوکاریەک پشتیوانی بە هێزتر دەکەین، دڵنیام کە جارێکیتر مێژوێکی قارەمانێتی لەسەر لاپەڕەکانی مێژوو تۆمار دەکرێت."
(ش ب)