ژنانی رۆژنامەنوس: بەچالاکیەکانمان دیواری بێدەنگی جیهان دەڕوخێنین
12:32
ژنها
قامیشلۆ- چالاکی ڕۆژنامەنوسانی(یەکێتی ڕاگەیاندنی ئازاد) لەسەر سنوری نێوان قامیشلۆ- نوسەیبین بەردەوامە، ژنانی ڕۆژنامەنوس لە سەر سنور ڕادەگەیەنن بە چالاکیەکانمان کۆتایی بە بێدەنگی ڕای جیهان دێنین لە بەرامبەر کۆمەڵکوژی هاوڵاتیانی باکوری کوردستان.
چالاکی ئێشکگرتن لە سەر سنوری نێوان قامیشلۆ- نوسەیبین بە دەستپێشخەری یەکێتی ڕاگەیاندنی ئازاد، بەمەبەستی چاودێریکرنی بارودۆخی شەڕ و گواستنەوەی هەواڵی ڕاستی شەڕەکە، زیاتر لە حەفتەیەکە بەردەوامە، چالاکیەکە ڕۆژبەرۆژ بەرفراوانتر دەبیت، دوێنێش رۆژنامەنوسانی فیدراسیۆنی ڕۆژئاوا-سوریا بۆ سەرنجراکێشانە سەر هێرشی سەر ناوچەی نوسەیبین. بەشداری خۆیان لە چالاکیەکە ڕاگەیاند.
ژنانی ڕاگەیاندنکار لەچالاکیەکەدا ڕایدەگەیەنن کە ئەوان دەیانەوێت کۆتایی بە بێدەنگی ڕای گشتی جیهان لەبەرامبەر کۆمەڵکوژی سەر هاوڵاتیان لەباکوری کودستان بێنن.
ئەڤیندا حەسەن، پەیامنێری دەستەی بەڕێوەبەرایەتی ناوچەکە لەو بارەیەوە ڕایگەیاند: "دەبێت هەرکەس بە ئەرک و بەرپرسارێتی ویژدانیەوە بەشداری بکات لەو چالاکیەدا، دەمانەوێت ئەوەی لێرە ڕوودەدات رایگەینین، دەمانەوێت بە چالاکیەکەمان دیواری بێدەنگی جیهان بڕووخێنین."
هەروەها رۆژنامەنوس ڤیان ئیسماعیل سەبارەت بەچالاکیەکەیان وتی: "ئێمە هاتوین بۆ چاودێریکردنی بارودۆخی شارۆچکەی نوسەیبین کە لەژێر سەختترین هێرشدایە، ئەمە ئەرکێکی رۆژنامەوانیە، بانگەوازی لە هەموو هاوپیشەکانم دەکەم کە بەشداتی ئەم چالاکیە بکەن.
(ش ب)