دایە قودرەت دەیەوێت بۆ جارێکیش بێت بچێتە سەر گۆڕی کوڕەکەی

09:55

هولیا ئۆکالین/ ژنها

جۆلەمێرگ- ماوەی مانگێکە شارۆچکەی گەڤەر لەلایەن هێزەکانی دەوڵەتی تورکەوە گەمارۆ دراوە، ڕێگە نادرێت هاوڵاتیان لە ماڵەکانیان دەرکەون و هەروەها ئەوانەی دەرەوەش بگەڕێنەوە ماڵەکانیان. دایە قودرەت لە ساڵی ڕابردوودا کورەکەی لە تەقینەوەی پیرسوس گیان لەدەست دەدات، ئێستاش دەیەوێت بۆ جارێکیش بێت ڕێگەی پێبدرێت بچێتە سەر گۆڕی کوڕەکەی و نزای بۆ بکات.

دەوڵەت و هێزەکانی سوپای تورکیا بە هێزی سەربازی و بە هاوکاری چەتەکانی داعش، لە ١٣ی مانگی ڕابردوەوە شارۆچکەی گەڤەری سەر بە پارێزگای جۆلەمێرگ-ی خستۆتە ژێر گەمارۆیەکی سەختی سەربازی. لە سەرجەم گەڕەکەکاندا باری نائاسایی ڕاگەیاندراوە. لە هەندێک گەرەکیش گەمارۆکەیان سەختتر کردوە و چەندین جۆر چەکی قورس بەکاردێنن، بەتایبەتیش ئەو گەرەکانەی کە شەرڤانان بەرخۆدانیەکی مەزن دەکەن. هەروەها چەند گەڕێکێکیش کرانەتە ناوچەی سەربازی و گەل لە ژێر هەلومەرجێکی سەخت دەژیت.

دایە قودەرەت تەمەنی ٦٠ ساڵە و یەکێکە لەو هاوڵاتیانەی کە بەزۆر لەماڵەکەی دوورخراوەتەوە، دایە قودەرت و ژمارەیەک زۆر لە هاوڵاتیان بەهۆی سەختی و بەردەوامی هێرشەکان ناتوانن بگەڕێنەوە بۆ ماڵەکانیان.

یەکێک لە کورەکانی دایە قودرەت بەناوی"سلێمان ئاکسۆی" لە ٢٠-٧-٢٠١٥دا لە تەقینەوەی شارۆچکەی پیرسوس لەکاتی چالاکی بۆ پشتیوانی بەرخۆدانی کۆبانێ شەهید دەبێت. دایە قودرەت دەڵێت: " هێزەکانی دەوڵەت ڕێگەم پێنادەن، کە بۆ جارێکیش بێت بگەڕێمەوە و بچم بۆ سەر گۆڕی کوڕکەم، تا نزای بۆبکەم."

دایە قودرەت باس لە تاڵانکردنی گەڤەر دەکات لەلایەن سوپای تورکیاوە و دەڵێت: " ماڵ بە ماڵ تاڵان دەکەن و دواتریش دەسوتێنن دەڕوخێنن، ئەوەی دەکرێت لە هیچ کتێب و مێژوێکدا نەبووە، شوێنێک نیە بمێنینەوە، هەر ڕۆژ دەماننێرن بۆ شارێک بۆ شارۆچکەیەک منیان بەزۆر لەماڵ دەرخست و ناردمیان بۆ جۆلەمێرگ، بەڵام چۆن دەتوانم لە جۆلەمێرگ بمێنمەوە کاتێک کوڕەکەم لە گەڤەر بێت."

دایە قودرەت، لەبەرامبەر هێرشی بەردەوامی سەر گەل و بێدەنگی ڕای گشتی ناڕازایی دەربڕی، هەروەها وتیشی: "هیچی دەوڵەتمان ناوێت، باوازمان لێبێنن. چی لێمان دەوێت، ئیتر بەسە با وازمان لێبێنن. ئەگەر ئێستا وڵاتێکیتر بوایە جیهان بۆی گریابوو، بەڵام هەرکەس چاوی کوێر بووە لە ئاست کوردان."

دایە قودرەت لە کۆتایشدا داوای لە سەرجەم هاوڵاتیان کرد کە بگەڕێنەوە بۆ ئەوەی فشار بخەنە سەر دەوڵەت و خاوەنداری لە بەرخۆدانی خۆیان بکەن.

(ش ب)