دایکی شەرڤانێکی یەپەژە: کچەکەم ڕێگەی شەرەفی هەڵبژارد

11:16

رۆنیدا ئیسماعیل/ ژنها

تل تەمەر- جیهان عوسمان ناسراو بە "بێریتان جودی" یەکەمین ئەندامی یەکێتی خوێندکارانی ڕۆژئاو، لە ساڵی ڕابردوودا لە شەڕێکی بەرامبەر چەتەکان شەهید بوو. دایکی ئەو کچە شەرڤانە باس لە ژیان و تێکۆشانی کچەکەی دەکات و دەڵێت: شانازی بە کچەکەم دەکەم و ڕێبازی پیرۆزی بەردەوام دەکەم.

جیهان عوسمان ناسراو بە "بێریتان جودی" وەک ئەندامێکی یەکێتی خوێندکاران، بەشداری شەڕی بەرگریکردن لە نیشتیمانەکەی دەکات و بەشداری ناو ڕیزی شەرڤانانی "یەپەژە" دەبێت، بێریتان لە شەرێکی بەرامبەر چەتەکانی داعش لە ١٥-١٠-٢٠١٥دا لە گوندی "خەرایە"ی نزیک چیای کەزوان(عبدولعزیز) شەهید بوو.

دایکی بێریتان نەک تەنها شانازی بە تێکۆشانیه کچەکەی دەکات، بەڵکو هەمیشە دەیەوێت کاربکات بۆ بەدیهێنانی خەونی کچکەی. دایە جەوهەر دەڵێت:کچەکەی زۆر بەنازداری گەورە کردبوو بۆیە هەرگیز بیری لەوە نەکردۆتەوە ڕۆژێک کچەکەی لێ دوورکەوێت.

دایە جەوهەر دەڵێت: "زۆر سەختە، ئەوەی نەیدیبێت نازانێت، ئازاری جەرگی دایکان هەر ئێمەی دایکان دەیزانین، کچەکەم ئەوینداری خاکەکەی بوو، بۆیە بڕیاری تێکۆشانی دا، سەرەڕای هەموو ئەو هەلومەرجە سەختانەی ڕووبەڕووی دەبوویەوە وازی لە تێکۆشان نەهێنا و هەمیشە لەگەڵ هەڤاڵانی بوو."

دایە جەوهەر دایکی شەرڤانی شەهید وتیشی: کاتێک چەتەکانی داعش هێرش دەکەنە سەر ئەو گوندەی کە کچەکەم و هەڤاڵانی تیا دەمانەوە، کاتژمێر ٢ی دوا نیوەڕۆ دەبێت، کچەکەم لە بینایەی خوێندنگەدا هەڤاڵانی دەخاتە شوێنێکی پارێزراو و خۆشی لەگەڵ هەڤاڵێکیتر بەناوی "ڕێزان" تا ڕۆژی دواتر کاتژمێر ١٠ ی بەیانی بەرخۆدانی دەکەن تا لەکۆتاییدا هەردووکیان شەهید دەبن."

دایە جەوهەری جگەر سوتاو هەرچەند وەک خۆی دەڵێت بە یادی کچەکەی دەژیت بەڵام شانازی بە شەهید بوونی کچەکەی دەکات و دەڵێت: "کچەکەم ڕێگەی شەڕەفی هەڵبژارد، هەر ئەو دەیزانی شەرەف چیە".

(ش ب)