"نامانەوێت لە ڕۆژی ئەنفالدا هیچ بڵێین"!

12:52

ژنها

سلێمانی- دیسان ساڵێكی نوێ و یادێكی تری پڕ ئازاری ئەنفالە، ئەو كارەساتەی لە كۆبونەوەیەكی ئەنجومەنی سەركردایەتی حیزبی بەعس لە 29\2\1987 كە دواتر بڕیاری ژمارە (106) بەفەرمانی(سەدام حسین) دەركرا كە (عەلیی حەسەن مەجید) ناسراو بە (عەلیی كیمیایی)كرا بە لێپرسراوی ڕێكخستنەكانی حیزبی بەعس و ئەنجامدانی پرۆسەی ئەنفال.

کورتەیەک لە شاڵاوی ئەنفال:
شاڵاوی ئەنفال لە كوردستان لە23\2\1988 لە هەشت قۆناغدا دەستی پێ كرد كە بووە هۆی بێ سەرو شوێن كردنی زیاتر لە ( 182 هەزار) مناڵ و پیرو گەنج , ویران كردنی زیاتر لە (4هەزار ) گوند و (4) قەزاو (30) ناحییەو (3هەزار)مزگەوت و (100) كلێسا .

ژنان و كچان قوربانی سەرەكیی ئەو نەهامەتی و ویران كارییە ی شاڵاوی ئەنفال بوون كە بەشێكیان لە گۆڕە بە كۆمەڵەكاندا دۆزراونەتەوە, دیار نەمانی هاوسەر و دەستگیران یاخود دیار نەمانی منداڵەكەی بەشێك تر بووە لە نەهامەتیەكانی ژنانی كورد لەو شاڵاوەدا و سەدەها چیرۆكی پر كارەسات ئەو مێژوەو زیندە بەچاڵ كردنی كورد دەگێرێتەوە.

شاڵاوی ئەنفال نزیكەی 6 مانگی خایاند,لە قۆناغی یەكەمدا لە ناوچەی جافایەتی دەستی پێ كرد لە 23\2\1988 بەردەوام بوو تا18\3\1988 .

قۆناغی دووەم لە ناوچەی قەرەداغ لە 22\3\1988 تا 1\4\1988 بەردەوام بوو.
قۆناغی سیێەم لە ناوچەی گەرمیان 7\4\1988 تا 20\4\1988 بەردەوام بوو.
قۆناغی چووارەم ناوچەكانی قەڵا سێوكەو دۆڵی زێی بچوك 3\5\1988 تا 15\5\1988 بەردەوام بوو.
قۆناغی پێنجەم و شەشەم و حەوتەم ناوچەكانی شەقڵاواو ڕەواندووز 15\5\1988
بەردەوام بوو .

قۆناغی هەشتەم و دوا قۆناغ ناسراو بە ئەنفالی بادینان لە 25\8\1988 تا 6\9\1988 بەردەوام بوو.

کەس وکاری قوربانیانی ئەنفال ناڕازین:

کەسوکاری ئەنفالکراوان، دوای ٢٧ ساڵ لەو کارەساتە هەمیشە ناڕازین بەرامبەر بەو سیاسەتەی بەامبەریان بەڕێوەدەچێت. ساڵانە چەندین جۆر چالاکی دەکەن وەک بایکۆت، ڕێپێوان، ڕێگەداخستن و ...هتد، کەسوکاری قوربانیانی ئەنفالداوادەکەن کە لە بری ئەوەی ساڵانە یادەکان بکرێتەوە و دووبارە برینەکان هەڵبدرێنەوە، بار و گوزەرانی کەسوکاری قوربانیانی ئەنفال باشتر بکرێت، داوا دەکەن کارێک بکرێت کە ئەنفال دووبارە نەبێتەوە.

هەروەها ئەوەی جێگەی داخە هاوڵاتیان لەچالاکیەکانیاندا ئاماژە بەوە دەکەن کە وەزارەتی شەهیدان و ئەنفال، هە ساڵێک وەك لەكۆڵ كردنەوەی ئەركێكی خۆی ببینێت هیچی تر، وە هێندە مەبەستیان گوزەر كردنی یادەكەیە هێندە مەبەستیان خزمەت كردن نیە بەو كەیسە نیە، لەکاتێکدا پێویستە زیاتر گرنگی بە شێوازی وەبیر هێنانەوەی بدرێت وبە هەستیاری مامەڵە لەگەڵ کەسوکاری ئەنفال کراوان و سەرجەم شەهیدان بکرێت.

هاوڵاتیان لە خاڵێکیتریش هەمیشە ڕەخنە لە کەمتەرخەمی حکومەتی هەرێم دەگرنو دەڵێن: ئەو پڕۆژانەش، کە لە لایەن حکومەتەوە کراون بۆ کەسوکاری قوربانیانی ناوچەکە، بە هۆی کەموکوڕی زۆرەوە وەک نەبوونی کارەبا، ئاو و خزمەتگوزاریەکانی وەک پێویست سودیان لێوەر ناگیرێت.

دایە ناسکە یەکێک لەو ژنانەیە کە زۆربەی کەسوکاری ئەنفال کراوە، دەڵێت: نامەوێت لەو ڕۆژەدا یەک قسەش بکەم. زۆرێکن لەوانەی کە ئیتر بێزاربوونە لە قسەکردن و بەڵێنی بەدینەهاتووی دەسەڵاتدارانی حکومەتی هەرێم.

دایە ناسکە وەک خۆی دەڵێت: کار بۆ ئەو کەیسە ناکرێت، سیاسەت لەسەر قوربانیانی ئەنفال دەکرێت، بۆیە ئەوەی ئێستاش دەکرێت ئەنفالێکی ڕۆحی ئەو کەسانەیە کە لە ئەنفال ڕزگاریان بووە.

(ش ب)