پەیامێک لە دایکی سێ شەهیدەوە بۆ گەلی کورد

12:50

ژنها

ناوەندی هەواڵ- دایە درەخشان ئیبراهیم کە دایکی سێ شەهیدە دوای بیستنی هەواڵی سێیەمین کوری شەهیدی پەیامێکی گرنگی بۆ گەلی کورد و بەتایبەت دایکان راگەیاند.

دایە درەخشان لە بەرنامەی ڕاستەوخۆی "پێشهات" لە تەلەفزیۆنی (نەورۆز تیڤی)دا بە هەست و سۆزی دایکایەتی و شۆڕشگێری پەیامێکی بۆ گەلی کورد ڕاگەیاند ئێمەش لە بەرگرنگی پەیامی پیرۆزی ئەو دایکە بەشێک لە پەیامەکەی بڵاودەکەینەوە:

"سەرەتا سڵاو و ڕێزم لێرەوە تا ئیمڕاڵی بۆ ڕێبەری گەلی کورد و سەرکردەی کۆڵنەدەر ڕێبەر ئاپۆ دەنێرم، کە ١٧ ساڵە لە گرتووخانەدا بەرخۆدانی دەکات، سەرەخۆشی خۆشم سەرەتا ئاراستەی بەڕێزی دەکەم. من وەک دایکی سێ شەهید فەخر و شانازی دەکەم بە سێ ڕۆڵەکەم و سەرجەم شەهیدانی کوردستان. ڕۆڵەکانم لەپێناو بەرگریکردن لە نیشتیمان و خاوەندەرکەوتن لە مێژوو گیانیان فیدا کرد، وەک دەزانین ئێمەی کورد بە درێژایی مێژوو، جگەلە ماڵوێرانی، کۆمەڵکوژی، و دەربەدەربوون هیچی ترمان بۆ نەماوەتەوە. من وەک دایکێک سەرم بەرزە کە ڕۆڵەکانم لەپێناو نیشتیمان و گەلەکەیان گیانیان بەختکرد، نەک لە پێناو بەرژەوەندی کەسی، ماڵ و سامان و پلە وپایە. ئەرکی هەموومانە لە پێناو دادکۆکیکردنی مافەکانی گەل و نیشتیمان، لەپێناو ئازادی خۆمان و گەلەکەمان، تێبکۆشین. بۆ ئەوەی چیتر سیاسیەکان یاری بە ئەقڵیەتی کۆمەڵگە نەکەن، چیتر خیانەت و سیاسەتی دووفاقی و خەڵک خەڵەتاندن بەڕێوەنەچێت. بەسە ئیتر بەرژەوەندی ڕیسوایی، دوژمن دوژمنی گەلی کوردە، هیچ جیاوازیەکمان نیە. ڕۆڵەکانم گەورەترین سەرمایەن بۆ گەلەکەم پێویستە هەر کەس بەو تێگەیشتنە بیر بکاتەوە، ڕاستە من دایکی شەهیدانم بەڵام شەهیدان شەهیدەی بنەماڵەیەک نین، شەهیدی گەلن، من خۆشحاڵم کە ڕۆڵەی باشور دەچێتە پارچەکانی تر سنگی خۆی دەداتە بەر گولـلە. ئەمە نیشانەی سەرکەوتنی تێکۆشانە. داوا لە دایکان دەکەم ئاستەنگی بۆ ڕۆڵەکانیان دروست نەکەن و ڕێگری نەکەن بە کچ و کوڕەوە با ڕوو لە تێکۆشان بکەن چونکە دوژمن دەیەوێت، ئیرادەمان بشکێنێت و خۆبەڕێوەبەریەکانمان داگیر بکات، گەلەکەمان کۆمەڵکوژ دەکات، بەڵام دوژمنان خەیالیان خاوە، ئێمەی گەل گەورەترین چەکمان پێیە، ئەویش ئیرادەیە."

بروسك جەمال سابیر ناسراو بە هەڤاڵ باكور كەلەدایكبووی ساڵی 1984ی شاری سلێمانیە. لەتەمەنێکی بچوکەوە چووتە رێزەكانی خەباتی شۆڕشگێری لە هەموو پارچەکانی کوردستان تێکۆشاوە. لیهاتوو بەردەوامبوون لەخەباتكردن هەڤاڵ باكوری گەیاندە ئاستی فەرماندە.هەڤال باکور لە پارێزگاریكردنی لەخاكی رۆژئاوای كوردستان‌ و گەڕەکی كوردنشینی شێخ مەقسودی باکوری شاری حەلەب گیانی لەدەستدا. هەروەها هەریەک لە (سیامەند وغەمگین)ی براکانی لە ساڵانی ڕابردوو لە ناو تێکۆشانی ڕزگاریخوازی گەلی کورد لە ڕیزی گەریلاکاندا گیانیان لەدەستداوە.

(ش ب)