ئێران؛ لەسەرەتایی ئەم ساڵ بەدەیان هاوڵاتی لە سێدارە دراون

09:41

ژنها

ناوەندی هەواڵ- دوای نزیک بە ٥٠ ڕۆژ لە هەڵبژاردنەکانی ٢٧ی شوبات، لە سێدارەدانی ‌هاووڵاتیانی کورد و ئێرانی لە گرتووخانەکانی حکوومتی ئیسلامی دەستی پێ‏کردوە و بە پێی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بەدەیان هاوڵاتی لە سێدارە دراون.

لە ئێوارەی ڕۆژی دووشەمە نزیکەی ١٠ زیندانی لە گرتووخانەی ڕەجایی شار گوازراونەتەوە بۆ ژووری تاکەکەسی و ئەگەری لەسێدارەدانیان لەئارادایە.

ئەو ڕێژە لە زیندانییان کە هەندێ سەرچاوە بە ١٢ کەسیان نووسیوە، تۆمەتی "قتل و قصاص"یان لەسەرە و شیمانە دەکرێت کە حوکمەکەیان سەرلەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە واتە ئەمڕۆ بچێتە بواری جێبەجێ کردنەوە، لە کاتێکدا ساڵێکە سزای لەسێدارەدان لە گرتووخانەی ڕەجایی شار بەڕێوە نەچووە.
هەر لەو چوارچێوەیەدا، سەرەتای ئەو حەفتەیە ٥ کەس لە گرتووخانەی ناوەندیی شاری ڕەشت لە پارێزگای گیلان لەسێدارە دران.

هەروەها ڕۆژی ١٢ی مانگی ڕابردوو، هاووڵاتییەکی تورکی ئازەری لە گرتووخانەی تەورێز بە تاوانی "زێنا" لەسێدارە دراوە.

بەوتەی چالاکانی مافی مرۆڤ، لەکاتی هەر ڕووداوێکی گرینگ لەنێوخۆی ئێران کە سەرنجی کۆمەڵگای جیهانی بۆلای ئەو وڵاتە ڕادەکێشرێت، ڕەوتی لەسێدارەدانەکان ڕوو لە داکشان دەنێ و هەڵبژاردنی مانگی شوبات بە هۆی هەلومەرجی دوای بەرجام و ململانێی بلووکی دەسەڵات، تەوەری سەرەکیی ڕووماڵی ڕاگەینەکان بوون.

لەنێوەڕاستی حەفتەی ڕابردوودا، ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی، ڕێژەی لەسێدارەدراوەکانی ئەوساڵی ئێرانی لە ٢٥ ساڵی ڕابردوودا "بێ وێنە" لەقەڵەم دا و ڕایگەیاند: لە ساڵی ٢٠١٥دا، حکوومەتی ئێران ٩٧٧ کەسی ئێعدام کردووە.

بە گوێرەی هەواڵی ڕێکخراوەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕژێمی ئێران سەرەڕای هۆشیاری ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی جیهانی دەستی کردوە بە لەسێدارەدانی هاوڵاتیان و لە سەرەتای ئەم ساڵدا بەدەیان هاوڵاتی لە سێدارە دراون، زۆربەشیان هێشتا رانەگەیاندوە.

(ش ب)