"خۆم و شەش منداڵم کەوتینە دەست داعش"
10:42
دەلیلا ئاخین- هەولێر شاهین/ژنها\
شەنگال- حەنیفە مەحەل حەسۆ یەکێکە لەو هەزاران ژنەی بوون بە دیلی دەستی دوژمنی مرۆڤایەتی و ئەنجامی خیانەتی ئەم سەدەیە، حەنیفە دەڵێت: بە گشتی ١٤پیاو منیان بەیەکتری فرۆشتەوە، هەریەکە و چەندین ژنی بە دیل گرتبوو بازرگانی و کڕین و فرتۆشتنی پێدەکردن.
لە ٧٣مین فەرمانی سەر ئێزیدیەکان لە شاری شەنگال جگەلە کۆمەڵکوژی هەزاران کەس بە هەزاران کچ و ژنی ئێزیدی بە دیل گیران و لەبازاڕەکان وەک کۆیلە بازرگانیان پێکرا، دوای ئەوەی بە هەوڵی ئاڵوگۆڕ کردن و هەڵمەتی هاوبەشی شەرڤان و گەریلاکان، توانرا چەندین ژنی ئێزیدی لە ژێر دەستی چەتەکانی داعش دەربهێنرێن. بەتایبەتیش لەو دوایانە چەندین خێزانی ئێزیدی ئازادکران کران، حەنیفە مەحەل حەسۆ یەکێک لەو ژنانەیە کە لە هەڵمەتی ئەم دوایەنە لەلایەن یەکینەکانی پاراستنی گەل(یەپەگە) ئازادکران، حەنیفە چیرۆکی خۆی بۆ ژنها دەگێڕێتەوە.
حەنیفە سەرەتا وتی: "من خەڵکی گوندی 'کۆچو'م، لە کاتی فەرماندا هەوڵماندەدا خۆمان ڕزگار کەین و هەڵاتین، بەڵام داعش ئێەمی لە شەنگال دەسگیر کرد، کاتێک ئێمەیان گرت، جارێک هەڵاتین و دیسان جارێکیتر ئێمەیان گرتەوە، ئەو کات هاوسەرەکەم خۆی رزگار کرد وئێمەش ماوینەوە لە دەست داعش، سەرەتا نەخۆش و بەساڵاچووەکانیان لە ئێمە جیا کردەوە و ڕەوانەی عەقدیان کردن، دوو شەو ئێمەیان لە شەنگال هێشتەوە، خۆم و شەس منداڵم لەدەستیاندا ماوینەوە چوار کچ و دوو کوڕم هەیە هەمووان لەگەڵم دابون، کچەکانیان لێسەندم و دوو کچم ئێستا لە موسڵ و دووەکەیتریش لە تەلەعفەرن، ئێمەیان زۆر گەڕاند لە موسڵ و دەوروبەری و مامەڵەی کۆیلەیان پێدەکردین."
حەنیفە لە بەردەوامی قسەکانیدا وتیشی: "سەرەتا هەرچی پیاو هەیە جیایان کردوە پاشانیش منداڵی سەرووی حەوت ساڵانیان لێسەندینەوە، چونکە ژنان بۆ منداڵەکانیان دەگریان و نەیان، داعش بە دار و قامچی لێیدەداین، سەریان دەشکاندین. لە تەلەعفەر بووین کاتێک پێیان وتین خۆتان ئامادەکەن دەتان بەیەن بۆ سوریا، شەو و ڕێژێک بە ڕێگەوە بووین و گەیشتینە ڕەقا، ئێمەیان خستە ژێرزەمینێکدا، ناوی هەموومانیان گرت و هەر ١٠ ژن و منداڵیان خستە ژوورێک، دوای مانگێک پیاوێک هاتە ژوور و وتی؛ ' ناوی کامەتان خوێندەوە هەڵسنە سەر پێ، وتیشی؛ ئێوەم کڕیوە و ئێوە موڵکی منن، لە حەوشەیەکدا زیاتر لە سەد پیاو هەبوو ئێمەیان لە پێس ئەوان دەگەڕاندو بانگی دەکرد (یەڵا بۆ فرۆشتنن) هەر پیاوێک خێزانێکی دەگرت و بۆخۆی دەبردن، پیاوێک منی برد و تا ماوەیە لای ئەو مامەوە، تا ڕۆژێک هاتەوە و پێی وتم؛ 'خۆت ئامادە بکە تۆم فرۆشتۆتە یەکەکێکیتر'، کاتێک لە ڕێگەدا منیان دەبرد بۆ لای پیاوەکەی تر داعش بە گروپێکەوە ڕێگەی پێگرتین و منیان خستە زیندان، ئەوانیش پێیان وتم لای ئەو پیاوە چ کارت هەیە ئەوە بازرگانی مادە هۆشبەرەکانە، منیش وتم؛ هیچ کامتان ناناسم و هەر ڕۆژ بەیەکێکیتر دەم فرۆشنەوە."
"هیوام وابوو کە خێزانێک من بگەیەنێتە یەپەگە" ئەمە ئەو بیرکردنەوەیەی حەنیفەیە کە تروسکی هیوای بۆ دروست دەکات و بەم شێوەیە بەردەوام بوو، چەنین جار هەوڵمدا ڕابکەم، بەڵام ناسنامەو شتمان پێنەبوو، هیچمان پێنەبوو، بۆیە هەر جار ئێمەیان دەگرتەوە و دەیان فرۆشتین بە شوێنێکیتر و پیاوێکیترەوە، پیاوێک منی کڕی ناوی ئەبو فاروق بوو، لەماڵ دەردەچوو تا ١٠ ڕۆژ نەدەگەڕایەوە، تا جارێکیان ونبوو، ڕۆژێک هاوڕێیەکی نزیکی خۆی هات وتی؛ ئەبو فاروق لەشەڕدا کورژاوە و تۆشی بەخشیوە بە من، بە گشتی ١٤ پیاو منیان کڕی و فرۆشت، هەر ڕۆژە و دەستی منداڵەکانم(دوو کورەکەی) دەگرت و بۆ ماڵێک و لای داعشێکیتر."
حەنیفە ڕۆژێک دەچێتە ماڵێک و داوای هاوکایان لێدەکات، حەنیفە سەرەتا چیرۆکی ژیانی خۆیان بۆ دەگێڕێتەوە و پاشانیش داوایان لێدەکات بیگەیەێننە شەرڤانانی یەپەگە، ئەو خێزانەش هاوکاری دەکەن و دەیگەیننە شەرڤان، حەنیفە لە کۆتایی دا وتی: " زۆر سوپاسی شەرڤانان دەکەم کە هاوکاری زۆریان کردم مامەڵەیەکی تەواو مرۆیی و ویژدانیان کردین."
(ش ب)