هەولێر؛ چالاکوانان لەسەر کەیسی ئەنفال داوایەک ئاڕاستەی حکومەت دەکەن

12:29

ژنها

هەولێر- له‌ 28‌ مین ساڵیادی کاره‌ساتی ئه‌نفال تائێستا داواکاریه‌کانى که‌سوکارى ئه‌نفال به‌شێکیان وه‌ک خۆیان به‌‌جێبه‌جێنه‌کراوى ماوه‌ته‌وه‌.

ئه‌مڕۆ، ژماره‌یه‌ک چالاکوان له‌شارى هه‌ولێرى باشورى کوردستان و له‌به‌رده‌م وه‌زاره‌تى داد گردبوونه‌وه‌یه‌کیان ئه‌نجامدا، به‌ڵام هه‌مان ئه‌و داواکاریانه‌یان به‌رزکرده‌وه‌ که‌ ساڵانه‌ له‌ویاده‌ باسى ده‌که‌ن و جێبه‌جێ ناکرێت.

به‌پێى یاداشتى ئاماده‌بوانى گردبوونه‌وه‌که‌، له‌ساڵى 2007 تائێستا ناوى 423 تاوانیارى ئه‌نفال نێردراوه‌ بۆ حکومه‌تى هه‌رێم بۆ ئه‌وه‌ى ده‌ستگیریان بکات، به‌ڵام به‌بیانوى جیاواز ئه‌و بڕیاره‌ى دادگا جێبه‌جێ نه‌کراوه‌.

هه‌ربه‌پێى یاداشته‌که‌، تۆمه‌تبارانى ئه‌نفال به‌رده‌وام ژماره‌یان له‌که‌مبوونه‌وه‌یه‌ به‌هۆى مردن یان کوژرانیان که‌ ئه‌وه‌ش زیانى زۆرى به‌که‌یسى جینۆساید گه‌یاندوه‌.

له‌به‌شێکى داواکارى ئه‌و یاداشته‌دا که‌ چه‌ندین ساڵه‌ دوباره‌ ده‌کرێنه‌وه‌ ئه‌وانه‌بوون: لیستى ناوى تۆمه‌تبارانى ئه‌نفال بدرێته‌ پۆلیسى ئینته‌رپۆڵ و تۆمه‌تبارانى ئه‌نفال به‌دام و ده‌زگاکانى حکومه‌ت وه‌ک تاوانبار سه‌یربکرێن و پارته‌سیاسیه‌کان ئه‌ستۆپاکى خۆیان له‌بوونى تۆمه‌تبارى ئه‌نفال ڕابگه‌یه‌نن.

کاره‌ساتى ئه‌نفال 28ساڵ به‌رله‌ئێستا له‌باشورى کوردستان له‌سه‌رده‌ستى حکومه‌تى ڕوخاوى به‌عس به‌چه‌ند قۆناغێک ئه‌نجامدرا.

(ش ب)