سلێمانی؛ بەبەشداری هەزاران کەس مەراسیمی فەرماندە باکور جیلۆ بەڕێوەچوو

20:20

ژنها

سلێمانی- ئەمڕۆ چوارشەمە کاتژمێر یه‌کی دوای نیوه‌ڕۆ، پرسە و مەراسیمی بروسک جەمال ناسراو بە باکور جیلۆ کە لە بەرخۆدانی ڕۆژئاوای کوردستان شەهید بوو، له‌ مزگه‌وتی شه‌هید شێرکۆ لە شاری سلێمانی، بەبەشداری هەزاران کەس بەڕێوەچوو.

پرسەی شەهید باکور لەلایەن کۆمیتەی شەهیدانی پەکەکەوە لەباشوری کوردستان، ڕێکخرابوو، لە پرسەکەدا دیار غەریب ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەرایەتی کەجەکە و گەریلاکانی هەپەگە و یەژا ستار و هاوسەرۆکانی تەڤگەری ئازادی و نوێنەری پەیەدەو کانتۆنەکانی ڕۆژئاوای کوردستان و نوێنەری چەندین پارت و ڕێکخراو، و هونەرمەندان و ڕۆشنبیران و نوسەرانی چوارپارچەی کوردستان و کەسایەتی و مامۆستایانی ئاینی بەشداربوون.

سەرەتا وتاری بنەماڵەی شەهید خوێندرایەوە و لە وتارەکەدا ڕاگەیاندرا کە شەهید باکور ڕۆڵەی سەرجەم گەلی کوردە، ئیتر ئەو بۆتە سمبۆلی ژیانی بەرخۆدان و بێ ئەوەی سنور و بەربەستەکان بناسێت ماوەیەکی درێژ لە تێکۆشان بوو تا بە پلەی شەهادەت گەیشت،هەروەها رایانگەیاند کە ئەوان وەک بنەماڵەی چوار شەهید سەرمان بەرزە و ڕێبازی پیرۆزیان بەردەوام دەکەین.

لەپرسەکەدا بەیاننانەی کەجەکە خوێندرایەوە کەتێیدا هاتبوو: "سه‌ره‌تا سڵاو و رێزی خۆمانتان پێشکه‌ش ده‌که‌ین و سه‌ری رێز و نه‌وازش بۆ شه‌هید (باکوور جیلۆ) و سه‌رجه‌م شه‌هیدانی کوردستان داده‌نه‌وێنین. به‌ ئێوه‌ش سه‌ربه‌رزین که‌ به‌بێ دوودڵی له‌ خزمه‌تی گه‌ل و نیشتیماندا بۆ گه‌یشتن به‌ ئازادی و عه‌داله‌تی کۆمه‌ڵایه‌تی و پاراستنی به‌ها ئه‌خلاقی و کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان سێ ڕۆڵه‌ی خۆتان پێشکه‌شی خاکی کوردستان و مرۆڤایه‌تی کرد، پێشکه‌شکردنی سێ شه‌هید، شه‌هیدان: قانع و شاهین و باکوور ته‌نیا له‌ خانه‌واده‌یه‌کی وه‌ک ئێوه‌ که‌ مامۆستا جه‌مال و یاده‌ دره‌خشان په‌روه‌رده‌ی کردبن ده‌وه‌شێته‌وه‌. بێگومان ئه‌وه‌ خانه‌واده‌ی ئێوه‌یه‌ که‌ پێویسته‌ له‌سه‌ر شه‌هید و خزمه‌ت قسه‌ بکه‌ن، چونکه‌ به‌ کرده‌وه‌ ئه‌وه‌تان سه‌لماندووه‌. هه‌ر ئه‌م گیانه‌ی تێکۆشان بوو مامۆستا جه‌مالی گه‌یاندبووه‌ ئه‌و ئاسته‌ی که‌ هه‌تا گیانی سپارد له‌ناو به‌رخۆدان و ململانێدابوو له‌گه‌ڵ ناعه‌داله‌تی و سته‌مدا.

هەروەها لە مەراسیمەکەدا شیلان شاکر هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان، وتەیەکی پێشکەش کرد و سەرەخۆشی لە هەموو گەلی کورد و خانەوادەکەی کرد شیلان لە وتەکانیدا ئاماژەی بەوەکرد کە داخوازیێکی هەڤال باکور ئەوە بووە کە بچێتە باکوری کوردستان و ناوی خۆی بکاتە باشور بۆ ئەوەی کۆتایی بە سنورە دەستکردەکان و سیاسەتی داگیرکەر و نۆکەران بێنێت.

هەروەها لەسەر ناوی ڕێکخراوی ژنانی ئازادیخوازی کوردستان (رژاک) بانو هەڵەبجەیی، لە مەراسیمەکەدا قسەی کرد، هاوکات چەندین پەیام و بروسکەی سەرەخۆشی لەلایەن ڕێکخراو و پارتیە سیاسیەکان پێشکەش کران. لە سەرجەم پەیامەکاندا ڕاگەیاندرا کە شەهید باکور سەمبۆلی تێکۆشەرێکی قارەمان و ناسنامەی یەکێتی نەتەوەیی گەلی کورد و پێکەوە ژیانی سەرجەم گەلانی ناوچەکەیە.

جێگای باسە، لە پرسەکەدا بۆ یەکەم جارە ژنان و پیاوان پێکەوە لە مەراسیم و پرسەیەکی بەو شێوەیە بەشداردەبن، ئەمەش لەلایەن هاوڵاتیانی ئامادەبووی مەراسیمەکە وەک شۆرشیکی کۆمەڵایەتی و شکاندنی دابونەریتی کۆن ناودێر کرا.

شەهید بروسک جەمال، ناسراو بە باکوور جیلۆ، خەڵکی شاری سلێمانیە و لە گەڕەکی کوردنشینی حەلەب لەشەڕێکدا دژی چەتەکانی داعش شەهیدبوو، شەهید بروسک بوویە سێ هەمین شەهیدی بنەماڵەکەی لە تەڤگەری ئازادی خوازی کوردستان کە لە ڕیزی گەریلادا شەهید دەبن، هەروەها باوکیشیان لە خەباتی ڕزگاریخوازیدا لە سەردەمی ڕژێمی بەعسی ڕووخاودا شەهید بووە.

(ش ب)