ژنانی خورماتوو: بۆ ئەبێ ڕۆڵەی ئەنفالکراوان دەستی کۆنە جاشەکان ماچ بکەن؟!

09:15

ژنها

خورماتوو- ژنانی بەرکەوتووی شاڵاوی ئەنفال لە شارۆچکەی خورماتوو، کە زۆربەی کەسوکاریان بەر ئەنفال کەوتوون و شوێنبزر بوون، ساتەکانی ئەنفال دەگێڕنەوە و ڕەخنەی توندیش لە دەسەڵاتی ئێستای هەرێمی کوردستان دەگرن لە ئاست کەمتەرخەمیان بۆ کەیسی ئەنفال.

ژنان ڕایانگەیاند: ئەوانەی ئەنفال و کۆمەڵکوژی سەرکوردانیان پێکهێنا جاش و موستەشارەکان بوون، ئەگەر دەسەڵاتی هەرێم دڵسۆزبوایە لە بەرامبەر قوربانیانی ئەنفال بە ڕێبازی یەکگرتن و تۆڵەسەندنەوە خاوەنداریان لەکەیسی ئەنفال دەکرد و لەسەر خوێنی شەهیدان دانەدەنیشتن. ژنان ڕایانگەیاند کە ئەوان شتێکیان بۆ خۆیان ناوێت، بەڵکو بۆ پێشمەرگەیان دەوێت، کە هەمووان ڕۆڵەی شەهید و ئەنفالکراوەکانن و ئێستاش لە بەرەی جەنگدان و وەک پێویست هاوکاریان ناکرێت.

ئامینە عەلی یەکێک لەو ژنانەی بەر شالاوی ئەنفال کەوتوە و بەسەدان لە کەسوکاری ئەنفال و شوێن بزرکراون، ئامینە عەلی سەرتا باسی لە چۆنێتی شاڵاوی ئەنفال کرد و وتی: "ئێمە زیاتر لە ١٥٠ ماڵ دەبووین بەر لە ئەنفال، ئێستا بە گشتی ئەگەر ٢٥ ماڵمان مابێت، یان دەتوانم بڵێم لە بنەماڵەیەک کەسێک یان دووانمان ماوین، ئەوەی بەسەری ئێمەی هێنا جاش و موستەشارەکان بوون، ڕاستە فەرمانیان لە حکومەتی عێڕاق وەردەگرت بەڵام ئەوان جێبەجێیان دەکرد."

ئامینە بەو شێوەیە بەردەوامی بە قسەکانیدا: "ئێمە حەوت سەر خێزان بووین، لەکاتی ئەنفال ڕامانکرد و نۆ ڕۆژ ڕوومان کردە دەشت، ئەو نۆ ڕۆژە ناچار بووین لەبەر باران بەو ئاردەی لە سەر پشتم بوو لەسەر دەمە بێڵێک بیکەمە نان و بیدەم بە منداڵان. پاشان حکومەت ئێمەی برد بۆ تکریت و ماوەی پێنج ڕۆژ لە ژێر ئەشکەنجەمایەنەوە، لەوێشەوە بردمانی بۆ 'نوگرەسەلمان'، شەش مانگ لە نوگرە سەلمان ماینەوە کچێک ١١ ساڵام بەناوی مەلەک و کوڕێکی ٣ ساڵانم بەناوی تاهیر، لەوێ مردن، هەردووکیان بەدەرزی ژەهر کوشت، شەو دەرزیان لێدان بەیانی هەردوکیان مردبوون، ١٢ ڕۆژ هەردوو تەرمەکە لەبەردەستمان بوو، داوام لەپاسەوانەکان دەکرد بەس تەرمەکان دەرخەن، پێیان دەوتین؛ 'با دە دانەی ترتان لێ بتۆپێت پاشان فڕێیان دەدەین'. ڕۆژێک هاتن و وتیان کێ دەرەچێت، منیش وتم دەرەچم، پیرەژنێک وتی مەڕۆ ئەوانەی دەردەچن دەکوژرێن، ئەوسا وتم دوو منداڵم داوەتە دەم سەگ چیترم بۆ نەوماوە بۆ دەرنەچم لە چی بترسم، ئینجا کە ناوی خۆمان نوسی پێنج ڕۆژ ئێمەیان خستە ژورێک و زۆر بەدڕندانە ئەشکەجەیان کردین، هیچ ئاو و نانیان پێندەداین، پاشان ئێمەیان هێنا بۆ تۆپزاوە، دواتر ئێمەیان برد بۆ چەمچەمال پاشان ئێمەیان گواستەوە سلێمانی پاشان جارێکیتر ئێمەیان گەڕاندوە بۆ چەمچەمال، پاش زەحمەتی و ژیانێکی سەخت و بردەو بەردەی زۆر خۆمان ڕزگارکرد."

ئامینە وتیشی: "ئێستا هیچ بۆ کورد و بۆ ئەنفال نەکراوە، من نەم دیت ڕۆژێک موستەشارێک بێنن و تۆڵەی پیاوەکان و ڕۆڵەکانمانی لێبکەنەوە. ئێستاش چاوی ڕۆڵەی شەهید و ئەنفالەکان لە دەستی موستەشارەکانە، ئاخۆ کەی کاغەزێکیان بۆ ئیمزادەکرێت یان بۆ پڕدەکرێتەوە، بۆ؟ بۆچی؟. کوردستان بەرهەمی شەهیدانە و ئەوانەی لەسەر دەسەڵاتن بەس حکومەتن و ڕۆڵەکانیشمان خوێنیان ڕشتووە، بۆیە ئەو دەسکەوتانەی ئێستا هەن بەرهەمی شەهیدانە کردوویانەتە کورسی بۆ خۆیان. ئێستاش حکومەتە بێئاگاکەمان ئاوارەی عەرەب و تورکمان دێنێت و پارووی دەمی ڕۆڵەکانمان دەبڕێت بۆ ئەوان، ئەوان چیان لێقەوماوە ئەوەی لێی قەوما کوردبوو هێشتاش لێقەوماوە، ئەگەر ئەوان ڕاست دەکەن بۆ کورد و کوردایەتی دەیکەن، ئەوا وەک کورد پشتی یەکدەگرن و بە مەردی حەقی کورد دەسێنن، تۆڵەی کچەکانمان دەکەنەوە، بەڵام ئەوان بۆ کورد ناکەن، کورسیەکانی ژێریان هی ڕۆڵەکانی ئەم گەلەیە، لەشەش مانگ جارێک شتێکمان نادەنێ خوا قەبوڵ ناکات، ئێمە نامانەوێت، بابیدەن بە پێشمەرگە کە لەبەرەی جەنگە و سنگی ئەدات بەگولـلە، ئەمەحاڵی پێشمەرگەیە بەرگری دەکات، دەچێت دەستی جاش ماچ دەکات تا کاغەزێکی بۆ ئیمزا دەکات. هیچیان بۆکورد نەکردوە، هیچیان بۆ کەسوکاری ئەنفال نەکردوە، بەڵام ڕۆڵەکانما گشت پێشمەرگەن و لە بەرەی جەنگدان."


پەخشان حەسەن، ژنێکیتری قەزای خورماتوە ئەویش بەو شێوەیە باسی لە سەختی هەلومەرجی ئەوکاتەکرد: "پێنج ڕۆژ لە جەواڵ ئابی خۆمان حەشاردا، بۆمباران و لێدانی فڕۆکە و شەڕ بوو، وتمان ڕەنگە بگەڕێینەوە بۆ ئاواییەکەمان، بەڵام سودی نەبوو، دواتر چووین بۆ قادر کەرەم، لەوێش بوردوومان فڕۆکە هەبوو، لەوێش ماڵی باوکم هاتوون و بەیەکەوە چووین بۆ حەفتەکان ڕێک شەش مانگ وەک ئەوەی لە زینداندا بووین لەوێ مایەنەوە، من شەش مانگ لە ماڵ باوکم مامەوە چونکە هاوسەرەکەم لە گرووخانەدابوو، منداڵەکانمان ووردبوون و زەحمەتی زۆرمان دەدیت چونکە هەر ڕۆژ دەهاتن و ئازاریان دەداین، جارنا بەنیوەشەو هەڵیاندەکوتایە سەر ماڵ و خێزانەکان."

پەخشان وتیشی: "چەند ساڵێکە تۆزێک باشترین ئەویش دوای ئەوەی منداڵەکانمان پێگەیشتن ئەگینا هاوکاری کەسوکاری ئەنفالکراون نەکراوە وەکو پێویست شتێکی بۆ نەکراوە."

هەروەها نەسرین عەلی، ژنێکیتری ئەو شارەیە نەسرین هاوسەر و براو دوو شوبرای ئەنفال کراون و نەهامەتی زۆری ژیانی چێشتووە. نەسرین وتی: " ئێمەش ئەوکات لە 'موفتی ئاغا' بووین، ئۆتۆمبێلێکی سەربازی هاتو هەرچی پیاوە بردیان، ویستیان ئێمەش بگرن بۆیە هەر خۆمان دەشاردەوە، هەر ڕۆژ لە ماڵێک لە کۆڵانێک، هەر پەرێشان ببوین، منداڵێکم هەبوو یەکێکیش دوای باوکی لەدایک بوو، تا ئیتر بێزار ببوین لە گەڕان و دەربەدەری، خانوێکمان گرت بۆخۆمان ڕۆژ تا ئێوارە لە ناو عەرەبەکان کارمان دەرکرد تا پاروێک بۆ منداڵەکانمان پەیدابکەین، لەئەنفالدا هاوسەرکەم و دووشوبرام و برایەکیان شوێن بزر کردم.

(ش ب)