کردنەوەی فرۆشگایەک لەلایەن ٩٥ ژنەوە

09:38

ژنها

ناوەندی هەواڵ- کۆنگرەی ستار بەهاوکاری کۆپەراکتیڤی ئابوری لە شارۆچکەی زەرگان "فرۆشگای خواردنی باکور"تایبەت بە ژنانیان کردەوە.

بۆ کردنەوەی ئەو فرۆشگایە ٩٥ ژنی کورد و عەرەب هەریەکەو بە بڕی ١٥ هەزار لیرەی سوری بەشداریان کرد. فرۆشگاکە بەناوی "فرۆشگای خواردنی باکور" لەگوندی شوری سەربە شارۆچکەی زەرگان-ی نزیک دربەسیەی کانتۆنی جزیرەی (رۆژئاوای کوردستان) وەکو مارکێتێکی بچوک کرایەوەو لەلایەن ٣ ژنەوە بەڕێوە دەبرێت.

کردنەوەی فرۆشگاکە بە مەراسیمێک و بە بەرنامەیەک کرایەوەو سەرەتای بەرنامەکە بەڕێزگرتن بۆ گیان بەختکردوان دەستی پێ کرد، لە مەراسیمی کردنەوەکەدا دەیان ژنی گوندی شورو شارۆچکەی زەرگان ئامادە بوون.

دواتر لەسەر ناوی تەڤگەری دیموکراتیک( TEV-DEM)، زەلال دێرک و فاتمە عوسمان هاوسەرۆکی ئەنجومەنی گەلی هێڵی شەهید مالیک، قسەیان کردو ئاماژەیان بەوەدا کە ژنان لە ڕۆژئاوا هەنگاوی مەزنیان هاوێشتووە. ئیرادەی خۆڕێوەبردنیان سەلماندووە.

کردنەوەی فرۆشگاکە بە هەلهەلەو چەپڵە لیدان لە لایەن دایکانی ئاشتیەوە کرایەوە. لە کۆتایی بەرنامەکەدا شیرینیان دابەش کردو گۆڤەندو دیلانیان گرت.

(ش ب)