"تورکیا داوامان لێدەکات لە بەرامبەر برا کوردەکانمان سەنگەر بگرین"

09:41

ژنها

ناوەندی هەواڵ- په‌رله‌مانتارێکی یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستان، رایده‌گه‌یه‌نێت:" تورکیا داواى ئه‌وه‌مان لى ده‌کات که‌ پشتگیرى براکورده‌کانمان نه‌که‌ین له‌ باکور و بچینه‌ سه‌نگه‌رى ئه‌وان بۆ سه‌رکوتکردنى برایانمان له‌ باکور".

ئاڵا تاڵه‌بانی، سه‌رۆکی فراکسیۆنی یه‌کێتی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانێ عێراق، له‌ پۆستێکیدا له په‌یجی تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕی کۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووک نوسیوێتی:" تورکیا نامه‌ى نیگه‌رانى ناردووه‌ بۆ سه‌رکردایه‌تى یه‌کێتى و داواى ئه‌وه‌مان لى ده‌کات که‌ پشتگیرى برا کورده‌کانمان نه‌که‌ین له‌ باکور، هه‌روه‌ها داوا ده‌که‌ن که‌وابچینه‌ سه‌نگه‌رى ئه‌وان بۆ سه‌رکوتکردنى برایانمان له‌ باکور".

ناوبراو، داواکاریه‌ک ئاڕاسته‌ی سه‌رکردایه‌تی یه‌کێتی و دڵسۆزانی یه‌کێتی ده‌کات و ده‌ڵێت:" داواکارم له‌ سه‌رکردایه‌تى یه‌کێتى و دڵسۆزانى یه‌کێتى نه‌چنه‌ ژێر بارى فشار و داواکارى ده‌وڵه‌تى ئیخوانى تورکیا، و داواکه‌یان زۆر به‌توندى ره‌تبکه‌نه‌وه‌،چونکه‌ ستراتیجى یه‌کێتى بریتیه‌ له‌ پشتگیرى و پشتیوانى گه‌لى کورد له‌ هه‌رشوین و جێگه‌یه‌ک".

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی یه‌کێتی جه‌ختده‌کاته‌وه‌:" ده‌بێت زۆر به‌جدى پشگیرى له‌و چالاکیانه‌ى حزبه‌ کوردیه‌کان بکه‌ین تایبه‌ت ( په‌که‌که‌ )، که‌ له‌ باکور ئه‌نجامى ده‌ده‌ن، بۆ ئێمه‌ى یه‌کێتى زۆر گرنگه‌ که‌ پشتگیرى و پشتیوانى وڵاتیک بین که‌ له‌ هاوکێشه‌ سیاسیه‌کانى عێراق هاوکارمان بێت نه‌ک تورکیا".

(ش ب)