ناشارەزایی دکتۆرەکان کیژۆڵەیەک ١٣ ساڵان دەکاتە قوربانی

09:44

ژنها

ناوەندی هەواڵ- جارێکی دیکە ناشارەزایی و کەمتەرخەمی پزیشکان، بوو بە هۆی گیان‏لەدەستدانی کچێکی تەمەن ١٣ ساڵەی نورئاوای لوڕستان.

کچێکی تەمەن ١٣ ساڵان بە ناوی شکۆفە فەتحی ‏ئابادی کە تووشی نەخۆشیی ڕێخۆڵەکوێرە هاتبوو ، ڕۆژی ١١ی ئادار، لە لایەن بنەماڵەکەیەوە دەبرێتە نەخۆشخانەی نورئاوای لوڕستان و بە هۆی نەشارەزایی پزیشکانەوە بەشێک لە ڕیخۆڵەکانی ئەو کچە دەپسێندرێت.

پاش ئەوەی شکۆفە دەبرێتە ژووری نەشتەرگەری، دوکتورەکان بە هۆی کەمتەرخەمیەوە بەشێک لە ڕێخۆڵەکانی ئەو کچە دەبسێنن و بەو هۆیەوە باری تەندرووستیی ناوبراو ڕۆژ لە داوی ڕۆژ خراپتر دەبێت و بەپێی هەڵسەنگاندنی پزیشکی نەخۆشخانەی نورئاوا، بۆ یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری کرماشان دەگوازرێتەوە.

شکۆفەی تەمەن ١٣ ساڵ دوای گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە ئیمام ڕەزای کرماشان، جارێکی دیکە نەشتەرگەری بۆ دەکرێتەوە، بەڵام نەخۆشییەکەی چارەسەر نابێت و دوای دوو جار نەشتەرگەریی و ٢١ ڕۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە دواجار گیانی لەدەست دا.

ڕۆژی دووشەمە، بنەماڵەی شکۆفە بۆ وەرگرتنی تەرمی کچەکەیان دەچنە نەخۆشخانە، بەڵام دکتورەکان تەرمەکەیان پێ نادەنەوە و داوای ٤ میلیون و ٦٠٠هەزار تەمەن دەکەن و دواتر پێیان ڕادەگەیەنن کە ئەوە تێچووی گشتی نیە و دەبێ ٨٧ میلیۆن تەمەن بۆ وەرگرتنی تەرمەکە بدەنە نەخۆشخانە.

(ش ب)