چاک: ٢٨ ساڵ تێپەڕی و هێشتا چاوه‌ڕێی به‌سزاگه‌یاندنی تاوانبارانین

12:59

ژنها

ناوەندی هەواڵ- لەساڵیادی تاوانی ئەنفال دا، ڕێکخراوی چاودێری کوردۆساید-چاک، بەیاننامەیاکیان بڵاوکردووەتەوە و تێیدا هاتووە: کەمتەرخەمی و پشتگوێخستنی ئەنفال وەک تاوانێک بەردەوامی هەیە،چ لەلای حکومەت و چ لەلای خەڵکی کوردستان، ئێستاش لە باکور و ڕۆژئاوای کوردستان کۆمەڵکوژی بەڕیوە دەچێت، دەبیت پێکەوە دژ بە کۆمەڵکوژیەکانی دەولەتی تورک و بەکرێ گیراوەکانیان دەر هەق بە کوردان شەرمەزار بکەین و به‌ یەک دەنگ هاوار بکەین ئیتر بەسە جینۆسایدی کورد".

چآک ڕایگەیاندووە: "هێشتا ئەنفال لەسەرەتایی دایە،تائیستا وەک پێوست خەڵکی کوردستان زانیاریان نیە لەسەر تاوانی ئەنفال، چونکه‌ کار نەکراوە بۆ چەسپاندنی تاوانی ئەنفال و تاوانەکانیتر لە مێشک و هزری خەڵکدا، لایەنی مەعنەوی تاوانەکە وەک پێوست گرنگی پێ نەدراوە، ژیانێکی ئاسودە بۆ کەسوکاریان دابین نەکراوە، روفاتی قوربانیان هێشتا لە ژێر خۆڵی بیابانەکاندایە، قەرەبوی ماددی کەسوکاری قوربانیان وەک پێوست نه‌کراوه‌ته‌وه‌‌، تاوانبارانی ئەنفال موچەیان لە کەسوکاری قوربانیان و پێشمەرگە زیاترە، سه‌رباری هه‌موو ئه‌وانه‌ش، دەستدرێژی بۆ سەر قوتی کەسوکاری شەهیدان و قوربانیانی جینۆساید ئەوەندەی تر زامەکانی ئەنفالی قوڵتر کردۆته‌وە".

لەبەیاننامەکەیاندا ڕێکخراوی چاک ئاماژەیان بەوە کردووە، تا ئێستا ناوەندێکمان نیە بۆ پاراستنی دۆکیومێنتەکانی ئەنفال، پێشمانوایه‌ که‌ بەجینۆساید ناساندنی ئەنفال، هێشتا لە خاڵی دەستپێکدایە، ئێمه‌ له‌ ناره‌زایه‌تیی و داوای به‌سزاگه‌یاندنی تاوانبارانی ئه‌نفال، بێزار نابین و ئه‌مساڵێش وه‌ک ساڵانی رابردوو، جه‌خت ده‌که‌ینه‌وه‌ له‌ پێویستیی به‌سزاگه‌یاندنی موسته‌شار و تۆمه‌تبارانی ئه‌و پرۆسه‌ به‌دناوه‌، گرنگی نەدان بە تاوانی کۆمەڵکوژی ئەنفال وایکرد کە تاوانی تری هاوشیوه‌ چه‌ند بارە ببنەوە لەسەر گەلەکەمان، ئیستا کۆمەڵکوژی لە سەر کوردی باکور بەرێوە دەچێت لەلایەن دەولەتی تورکەوە، لەلایەن چەتەو بەکرێ گیراوانیشەوە لەشاری حەلەب بەهەمان شیوە کۆمەڵکوژی بەردەوامە، لەچەندین شوین چەکی کیمیایی و گازی خنکێنەر دژ بە خەڵکی مەدەنی کورد بەکار دەهێنرێ و جیهانیش بێدەنگە.

لەکۆتاییدا چاک دەڵێت: ئێمە لە چاودێری کوردۆساید-چاک، داوا دەکەین لەگشت ڕێکخراوەکانی بواری جینۆساید و کەسوکاری قوربانیانی جینۆساید و خەڵکی کوردستان، بۆ بەرز راگرتنی یادی ئەنفال و ئاسودەبونی ڕۆحی قوربانیان، پێکەوە دژ بە کۆمەڵکوژیەکانی دەولەتی تورک و بەکرێ گیراوەکانیان دەر هەق بە کوردان شەرمەزار بکەین و به‌ یەک دەنگ هاوار بکەین ئیتر بەسە جینۆسایدی کورد".

(ش ب)