لەسەر تیرۆرکردنی دوو هاوڵاتی پێنجوێن 'کۆدار' لێدوانێک ڕادەگەینێت

10:37

ژنها

ناوەندی هەواڵ- دوای ئەوەی شەوی ١٣ی ئەم مانگە لە شارۆچکەی پێنجوێنی سەر بە پارێزگای سلێمانی، دوو وڵاتپارێز بەناوەکانی وەستا سەدیقی ساڵی ئاوایی و کەمالی شێخ سادە، ناسراو بە کەمالە خڕەی پێنجوێن، لە کاتژمێری 06:04 ئێوارە لەلایه‌ن کەسانێکی نەناسراوەوە رێفێندران و پاش ماوەیەکی کورت و لە کاتژمێر 7 بۆ 7:10 خوله‌کی ئێواره‌ تەرمی سەدیقی ساڵی ئاوایی بە کوژراوی لە نزیک دوورڕیانی گوندی نزارە (نزیک چۆمی گەورەی پێنجوێن) دۆزرایەوە کە شوێنی هه‌شت گولـله‌ دەمانچەی پێوە دیاربووە، کاتژمێر 3:00 ی پاش نیوه‌ڕۆی دوێنێش ته‌رمی کەمالی شێخ سادە، هه‌ر له‌وده‌وروبه‌ره‌ دۆزرایه‌وه‌.

لەوبارەیەوە جەنگاوەر باهۆز ئەندامی کۆمەڵگای دیموکراتیک و ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان- کۆدار، بە ئاژانسی هەواڵی ڕۆژنیوزی ڕایگەیاندوە : "دوای ئەوەی دوێنێ دوو وڵات پارێز ڕفێندران و دواتر تەرمەکانیان دۆزرایەوە، ئێمە ڕایدەگەیەنین، کە دەستمان بە لێکۆڵینەوە کردووە لەو تیرۆرەو هەڤاڵان بەشەهیدی خۆمان هەژمار دەکەین و لەلایەن هەر دەستێکیشەوە ئەم تاوانە کرابێت بێگومان دەستی دەبڕینەوە".

ناوبراو ڕاشدەگەیەنێت: "هەڤاڵ کەمال ساڵانێکی زۆرە لەناو خەباتدابووە بۆ گەلەکەی و خزمەتێکی زۆری کردووە بە باشور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هەر لە دروستبوونی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانەوە تائێستا لەخەباتدایە، بەهۆی خەباتی خۆیەوە لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە دەستگیرکراوە و سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندراوە، بەڵام دواتر لە ساڵی ١٩٩١دا دیل بە دیلی پیدەکرێت و ئازاد دەکرێت، لە ساڵی ٢٠٠٧ تیشەوە وەک هەڤاڵێکی چالاکی ئاپۆچی تێکەڵ بەخەباتی ئاپۆچێتی دەبێت".

جەنگاوەر بەناوی کۆدارەوە جەخت دەکاتەوە: "لەسەر خەباتی ئاپۆچێتی هاوکاریکردنی پارچەکانیتر، چەندین جار لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە هەڤاڵ کەمال هەرەشەی لێکراوە، هەر بەو هۆیەوە چەندین جار لەلایەن بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و یەکیتەوە دەستگیرکراوەو ئەشکەنجە دراوە، بۆ داوا لە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان بەگشتی و بەتایبەت یەکێتی کە دەسەلاتی یەکەمە لە ناوچەکەدا دەکەین، دەستی پشت شەهیدکردنی ئەو دوو هەڤاڵە ئاشکرابکەن".

لە کۆتایی لیدوانەکەیدا ئاماژەی بەوەکردوە: "ئێمە لای خۆمانەوە بەدواداچونی جدیمان دەستپێکردووەو هەر کەس و لایەنێک بێت و لەهەر شوێنێک بێت، دەبێت بەگرانی باجی ئەم تیرۆرەبدات، ڕێگە نادەین خوێنیان بە فیڕۆ بچێت و تۆڵەیان دەکەینەوە، پەیمانیش دەدەین کە بەردەوامی بە خەباتەکانیان بدەین و تا بەدیهێنانی ئازادی بۆ تەواوی گەلەمان ڕێگەی شەهیدانمان بەرنەدەین.

(ش ب)