وان؛ منداڵان لەسەر بنەمای کەلتور و هونەری ڕەسەن پەروەردە دەبینن
10:41
ڤیلدان ئاتماجا/ژنها
وان- ئاسمین ئاجار وتەبێژ و خەباتکاری سەنتەری کەلتور و هونەری بێریڤان بۆ پەرەپێدان و پەروەردەی منداڵان لە شاری وان، باس لە کار و خەباتەکانی دەکات و چۆنێتی پەروەردەکردنی منداڵان بە شێوازێکی سەرکەوتوو و پێگەیاندنیان وەک نەوەی ئایندە هەڵدەسەنگێنێت.
ناوەندی کەلتور و هونەری بێریڤان دەکەوێتە سەر ڕێگەی ئارموش-وان لە باکوری کوردستان، ئێستا زۆر چالاکە لە بواری پەروەردە و فێرکردنی منداڵ. ئاسمین ئاجار وتەبێژی و خەباتکاری ئەو سەنتەرە ڕایگەیاند: "منداڵان و خێزانەکانی ناوچەکە پەیوەندی زۆرمان پێوەدەکەن و و بە گەرمی پێشوازی لە کارەکانمان دەکەن، بەتایبەتیش بەشێک کە هەرەزیاتر سەرنجیان ڕادەکێشێت، بەشی زمانی زکماکیە کە دوور لە سیاسەتەکانی دەوڵەت پێشخراوە و بەڕێوەدەچێت."
ناوبراو وتیشی: " بەگشتی بە چوار بەش منداڵان پەروەردە دەکرێن، هەروەها ١٣٧ خوێندکارمان هەیە، بەشەکانیش بریتین لە؛ خولی هونەری و پەروەردەیی (پیانۆ، گیتار، تەمبور، نیگارکێشی، گۆڤەند، شانۆ، تابلۆ)، بەر لەوەی منداڵان بخرێنە ئەو خولانە فێری زمانی دایک دەکرێن و دواتریش بە ویست و ئارەزووی خۆیان هونەرێک هەڵدەبژێرن."
ئاسمین ئاجەر لە کۆتایشدا جەختی کردەوە: "لە هەموو وانەکاندا کەلتور و هونەری ڕەسەن بەبنەما دەگرین، دەمانەوێت منداڵان لەسەر بنەما و پێوانەکانی ئازادئی کۆمەڵگە پەروەردە بکەین، چونکە منداڵان زامنی ئایندەن."
(ش ب)