گێڕانەوەی چیرۆکێکی شێخ مەقسود لە زمانی دایکێک
10:51
ژنها
ناوەندی هەواڵ- شیرین دایکی حەوت منداڵە و هاوسەرەکەی لەلایەن چەتەکان ڕفێنراوە، ئێستاش لە نێو هەلومەرجی سەختی ژیانی نێو شەڕ، خۆی و منداڵەکانی لە شێخ مەقسود دەمێنێتەوە، سەرەڕای هەموو هێرش و گەمارۆیەکی سەربازی شیرین سورە لەسەر بەرخۆدانی کردن و مانەوە لەو گەڕەکەدا.
شیرین تەمەن ٢٣ ساڵان دوای ئەوەی بەر لە ساڵێک هاوسەرەکەی لەلایەن گروپە چەتەکانەوە دەڕفێندرێت و بێسەروشوێن دەکرێت ئێستا خۆی و حەوت منداڵەکانی لە گەڕەکی کوردنشینی شێخ مەقسود، لە باکوری حەلەب دەژیت، هەروەها گوزەران و بژێوی ژیانی دابین دەکات.
شیرین بەو شێوەیە بەسارهاتی ژیانی خۆی دەگێڕێتەوە: "ماڵەکەم لەگەڵ زەوی تەخت کراوە، بەرد لە سەر بەرد نەماوە، لەگەڵ منداڵەکانم ڕۆژانێکی تاڵ و ناخۆشم تێپەڕاند، برسێتی، شەڕ، دەربەدەری هەرشتمان بینی، زۆر جار شتێک نەبوو بیدەم بە منداڵەکانم نانە وشکەو تەڕدەکرد و منداڵانم پێدەخەواند."
"ماوەی دوو ڕۆژ ٤٨ کەس لە ژوورێک گیرمان خوارد"
شیرین لە بەردەوامی قسەکانیدا وتی: "کاتێک هێرشی سەر شێخ مەقسود بە دژواری پێکهات، زۆربەی هاوڵاتیانی ئەو کۆڵانەی منی تیا دەژیم گیانیان لەدەستدا و بەسەدانیش بریندار بوون، بۆیە ئەوانەی کە مانەوە دووچاری تەرک کردنی ماڵەکانیان هاتن و چوون بۆ ئەو کۆڵانانەی کە پارێزراوترن." بنەمالەی شیرین کە یەکێک لەوانەیە کە قوربانی زۆری داوە، بۆیە شیرین باسیشی لەوەکرد کە خۆی و بنەماڵەکەی بە گشتی ٤٨ کەس ماوەی دوو ڕۆژ بە هۆی ڕووخانی خانوو و بەردەوامی هێرشەکان لە ژوورێکدا گیریان خواردەوە، دوای ئەوەی دوو ڕۆژ ڕووبەڕووی کارەساتێک دەبنەوە لە ژێرەوە خانوەکە ڕێڕەوێک دەکۆڵن و خۆیان ڕزگار دەکەن.
شیرین سورە لە سەر مانەوەی لە ماڵەکەی و گەڕەکی شێخ مەقسود و وەک گەڕەکی بەرخۆدان نادێری دەکات، شیرین دەشڵێت: "تا شەرڤانانی یەپەژە و یەپەگە لێرە بمێنێن، کە لەپێناو گەلەکەیان گیانیان فیدا دەکەن، منیش بەشێک دەبم لە بەرخۆدانی." هەروەها ناوبراو ئاماژەشی بەوە کرد کە شوێنیک شک نابات بێجگەلە ماڵەکەی بۆیە شێخ مەقسود تەرک ناکات.
(ش ب)