ژنانی گەلی زیلان: با دەستیان لە کوێستانەکانمان بکێشنەوە

09:56

ڤیلدان ئاتماجا/ژنها

وان- شەڕو سیاسەتی دەوڵەتی تورک لە سەر گەلی کورد کوێستانەکانیشی گرتۆتەوە، کوێستانەکانی کوردستانیش کراونەتە ئامانج، دەوڵەت بڕیاری داوە کە نابێت ئەم ساڵ هاوڵاتیان بچنە کوێستانەکانیان لە گەلی زیلان.

دەوڵەتی تورک بەوە نەوەستاوە سیاسەتی سەرکوتکارانەی لە ناو شار و شارۆچكەکان سنوردار کردبێت، بەڵکو هەر شوێنێک کەلتور، زمان، گەل و خاکی کوردانی لێبێت، ڕووبەڕووی هێرش و کۆمەڵکوژی سیاسەتی نکوڵی کردن دەبێتەوە، کوێستانەکانی باکوری کوردستان خاوەن گرنگیەکی زۆرن بۆ ژیان، دابینکردنی بژێوی ژیان و بە خێوکردنی مەڕوماڵات. بەڵام ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانە دەوڵەتی تورکیا هاوتای شارەکانی گەڤەر، نوسەیبین، جزیر و سور و سەرجەم ئەو ناوچانەی بڕیاری باری نائاسایی تیا ڕاگەیاندراوە.بڕیاری داوە کە هاوڵاتیان ئەم ساڵ نابێت بچن بۆکوێستانەکانیان و نابێت هیچ جۆەرە هاتن و چونێکیش بۆ ئەو کوێستانە ئەنجام بدرێت.

کوێستانی ئەرجیش-ی بەرزاییەکانی گەلی زیلان، لە هاوڵاتیان قەدەخەکراون و دەوڵەت بڕیاری داوە کە نابێت ئەم ساڵ هاوڵاتیان وەک ساڵانی ڕابردوو ڕووبکەنە کوێستانەکانیان، هاوڵاتیانی کوێستانەکانی "ئەرجیش" ناڕەزاییان بەرامبەر ئەو بڕیارەی دەوڵەت دەربڕی و ڕایانگەیاند کە لەبەرامبەر هەر جۆرە بڕیارێک بەرخۆدانی دەکەن و هەرچۆنێک بێت ئەوان دەگەڕێنەوە بۆ کوێستانەکانیان.

نەعیمە تاش ٤٥ ساڵان دانیشتووی گوندی (شۆڕ) لە ناوچەی گەلی زیلان لەوبارەیەوە وتی: "سەرۆک کۆمار بەرگەی چادرەکانیشمان ناگرێت، کۆمەڵکوژی و چەوساندنەوەی هاوڵاتیان لە شار و شارۆچکەکان بەش ناکات نۆرەی ئێمەیە لە کوێستانەکاندا، بەڵام دەبێت هەرکەس ئەوە بزانێت، کە ڕەچاوی هیچ جۆرە بڕیارێکی دەوڵەت ناکەین و وەک جاران دەچین بۆ کوێستانەکانمان."

هەروەها زەریفە کورت ٥٠ساڵان، لەو بارەیەوە وتی: "قەدەغەکردنی کوێستانەکانمان کە بۆ ئێمە شوێنێکی مێژووی، کەلتوری و ژیانی ئێمەیە واتای سڕینەوەی هەبوونی گەلێکە لە سەر پەڕەکانی مێژوو، واتای لە نێوبردن و نکۆڵی کردنی گەلێکە لە هەموو ڕوێکەوە. دوا دەکەم دەست لە کوێستانەکمان بکێشنەوە، بەڵام ئەوان دەزانن کە ئێمەش واز لە کوێستانەکان ناهێنین، چونکە کوێستانەکانمان سەرچاوەی ژیانی ئێمەن و ئەوان هەر جۆرە بڕیارێکیش بدەن ئێمە لەبەرامبەری دەوەستینەوە."

(ش ب)