له ئێران کچێکی ئەفغانی بەشێوەیەکی دڕندانە دەکوژرێت
09:58
ژنها
ناوەندی هەواڵ- کوژرانی کچێکی تەمەن شهش ساڵی ئەفغانی لە تاران و بێدەنگی میدیا جیهانییەکان لە بارەی ئهو روداوهوه، کاردانەوەی ئەفغانییەکانی لێدەکەوێتەوە.
ستایش قوڕەیشی، تەمەن شهش ساڵ کە دانیشتووی گەڕەکی "خێرئاوا"ی شاری وەرامینى سەر بە پارێزگای تاران بووە، دوای ئەوەی رۆژی یەکشەممەی رابردوو دیارنامێنێت، تەرمەکەی بە سووتاوی دەدۆزرێتەوە.
باوکی ستیاش، بە ماڵپەڕی "ئەحیا"ی ئەفغانی وتووە : " کچەکەم بە دەستی کوڕی دراوسێکەمان کوژراوە و دواتر تێزابی پڕژاندووەتە سەر تەرمەکەی و کاتێک ویستوویانە بە هاوکاری باوکی و هاوڕێیەکی دیکەى تەرمەکە لە ماڵی خۆیان دوور بخەنەوە لەلایەن پۆلیسەوە دەستبەسەر کراون.
لەئێستادا کۆمەڵێک لە چالاکانی مەدەنی ئەفغانستان پەیجێکیان بەناوی " منیش ستایشم" کردووەتەوە و داوا لە خەڵک دەکەن کە سهبارهت بهو تاوانە بێدەنگ نەبن.
لەلایەکی ترهوه، پەیجی فەرمیی رۆژنامەی پوڕ تیراژ "کابۆل پرێس" بە بڵاوکردنەوەی پۆستێک لەو باریەوە رخنەی لە بێدەنگی میدیا جیهانییەکان لهبارهی ئەو تاوانەوە گرتووە نوسیوویە "بۆ شەرمەزار کردنی دەستدرێژی و کوشتنی نامرۆڤانەی کچێکی تەمەن شهش ساڵی ئەفغانی لە تاران، وێنەی پرۆفایلەکانمان دهگۆڕین بۆ وێنەی ستایش".
ماڵپەڕی "ئەعیا" رایگەیاندووە کە هەتا ئێستا راپۆرتی پزیشکی یاسایی رانەگهێندراوە، بەڵام باس لەوە دەکرێت کە پیش کوشتنی ستایش دەستدرێژی کراوەتە سەر.
وەزیری ناوخۆی ئێران ساڵی رابردوو رایگەیاندبوو کە نزیکە ٢ ملیۆن و نیو ئەفغانی لەئێراندا نیشتەجێن، بەڵام میدیاکان باس لە هەبوونی زیاتر لە ٤ ملیۆن ئەفغانی لە ئێراندا دەکەن کە زۆربەیان بە شێوەی نایاسایی لەو وڵاتە دەژین.
(ش ب)