پانێلێک لەسەر دۆخی ژنانی رۆژنامەنووس بەڕێوەچوو

08:57

ژنها

سلێمانی- پاشنیوەڕۆی دوێنێ گروپی هەڵوێست بە بۆنەی 118هەمین ساڵیادی رۆژنامەگەری کوردییەوە، پانێڵێکی سازکرد لە سلێمانی، لەژێر ناونیشانی دۆخی رۆژنامەنووسی ژن لەناو دامودەزگاکانی راگەیاندن.

کۆڕاڵ نوری، میدیاکار لە پانێلەکەدا سەرنجی ڕاکێشایە سەر دۆخی کچان و ژنانی رۆژنامەنووس و میدیاکار، ڕایگەیاند: بەگشتی ئەوانەی لە میدیادا کاردەکەن روبەڕووی کۆمەڵێک رێگری دەبنەوە.

کۆڕاڵ وتی: "ژنانی ڕاگەیاندن کار لە بوارەکانی کۆمەڵایەتی و هزری رووبەرووی چەندین ئاستەنگی دەبنەوە، ئەمەش کایگەری نەرێنی لە ڕووی پێشکەوتنی میدیا دەکات بە ڕەنگی ژنانەوە.

کۆڕاڵ ئاستەنگیەکانی بۆ چەند بوار دابەش کرد:

١-کۆمەڵایەتی: کۆسپ و رێگریە کۆمەڵایەتیانە کاریگەری گەورەی هەیە لەسەر ئەوەی کە ژنان و کچان کەمتر بێنە بواری راگەیاندنەوە، وە لەوانەیە بشگەڕێتەوە بۆ ئەوانەی کە لە لایەن هەندێک لە خێزانەکانەوە جێگای قبوڵ نیە، لەسەرێکەوە دەڵێن رەنگە لەسەری بکەوێت و وە هەندێکیتریش پێی وابێت ئەمە کارکردنە لە کەرتی تایبەتدا، کە کەرتی تایبەتیش گرنتی نیە و داهاتووی نیە، وەک خانەنشینی و دوای خانەنشین کردن موچەیەکی هەبێت.

٢-رەگەزپەرستی: دەزگای راگەیاندن لای ئێمە نێر دەیبات بەڕێوە، بۆیە ستراتیژێک و نەهجێکی پیاوان دەیبات بەڕێوە، وەک چۆن لە بواری سیاسیشدا پیاوان کۆنتڕۆڵیان کردووە، بە هەمان شێوەش لە بواری میدیاوە کۆنتڕۆڵکراوە.

٣-دانانی سنورێکی دیاری کراو بۆ ژنان و کچانی رۆژنامەنووس: ئەو سنورەش ئەوەیە دەیانگرن بە بابەتێکی دیاریکراوەوە یان روماڵی بابەتی کۆمەڵایەتیان بۆ بکات، یان لە ئاستێکی بچوکدا، وە پۆستە باڵاکانی ناو میدیا نادرێت بە ژنان و کچان.

٤-پێگەیاندن و هەلڕەخساندن: پێگەیاندن و هەلڕەخساندن نیە بۆ ژنان و کچان کە بچنە ناوە میدیاوە.

٥-تەحەڕوش (هەراسانکردن): کە ئەم ڕێگریەش لەسەر ئاستێک هەیە، بەڵام شاراوەیە.

(ش ب)