بەرەوپێشچوونی ژنانی ڕۆژئاوا لە بواری دادوەریەوە
09:17
ڕۆنیدا حاجی/ژنها
تل تەمەر- ئەندامان و کارمەندانی بەشی دادگای گەل لە شارۆچکەی 'تل تەمەر' لەبارەی کاروخەباتی ژنان لەو دەزگایەدا ڕایدەگەیەنن، کە ژنان دەتوانن یەکسانی و دادوەری لە داداگا و ناوەندەکانی دادوەری پێشبخەن.
ژنانی ڕۆژئاوای کوردستان، لەهەموو بەشەکانی کۆمەڵگە پێشەنگی بونیادنانەوەنەی کۆمەڵگەیەکی ئازاد و دادوەری دەکەن، لە شارۆچکەی تل تەمەری سەر بەکانتۆنی جزیرە ژنان کاردەکەن بۆ پێشخستنی سیستەمێکی نوێ دادگاکان کە ژن تیایدا خاوەن ڕۆڵ بێت. ژنان لەوباەرەیەوە بۆ ئاژانسەکەمان دوان.
نادین فەواز بەرپرسی کاروباری دادوەری لە شارۆچکەی تل تەمەر باسی لە بەرەوپێشچوونی ڕۆڵی ژنان کرد لە بواری یاسایی و دادوەریدا، ناوبراو وتی: "ژنان لە ڕووی دادوەری و هەموو بەشەکانی دادگادا هەنگاوی گرنگیان ناوە، ئێستا ژنان گەیشتوونەتە ئاستێک کە ئیتر دانیشتنی دادگا بەڕێووە دەبەن لەو شارۆچكەیە، شەش ژن لە بەڕێوەبەری کاروباری دادوەریدا کاردەکەن."
نادین فەواز لەبەردەوامی قسەکانیدا ڕایگەیاند: "هەموو کەیسەکانی پەیوەندیدار بە پرسی ژنان ئێمە ڕاوەستەیان لەسەر دەکەین، لەسەرەتایی ئەم ساڵەوە ٣٩ کەیسی ژنانمان یەکلایی کردۆتەوە، زیاتر ژنان سکاڵای یاسایی تۆمار دەکەن، کێشەکانیشیان زیاتر کێشەی میرات، جیابوونەوە، توندوتیژی خێزانین."
هەروەها لەوبارەیەوە نەدا عەلی ئەندامی دیوانی داد لەوشارۆچکەیە، ڕایگەیاند: " ژنان لەهەموو بەشەکانی دادگا و بەڕێوەبردنی کاروخەباتی دادوەری پێشکەوتنێکی بەرچاویان بەخۆوە دیوە، ئیتر ژنان دەتوانن ڕێگەچارەسەری و دانانی نەخشە و پلانی یاسایی دابڕێژن، ژنان بەتایبەت بۆ گۆڕینی عەقڵیەتی دەسەڵاتداری تێدەکۆشن لەناو کۆمەڵگە بە گشتی و لەپێناو بەدیهێنانی مافەکانیان لەو بوارەدا تێدەکۆشن."
ئیبتیسام شێخ سالح، ئەندامی دیوانی داد و بەڕەگەز عەرەب لەسەر هەمان مژار بەو شێوەیە دوا: "بەشداربوونم سەرەتا لەسەر بنەمای پاراستنی هەموو ژنان بوو ئێستاش دۆخەکە بەرەو پێش دەڕوات و ڕۆژانە ژنان لە هەموو بوارە کۆمەڵایەتی، سیاسی، سەربازی و سەرکەوتنی نوێ تۆمار دەکەن."
هەروەها ناوبراوجەختیشی کردەوە کە دەبێت بە بێ جیاوازی چین، ئایین، کەلتور، زمان و نەتەوە ئێمەی ژنان کاربکەین بۆ ئەوەی کۆتایی بە ئەقڵیەتی کۆنەپەرست و دواکەوتوویی بهێنین.
(ش ب)