"لە بەرامبەر کودەتای پەرلەمان بێدەنگ نابین"
19:42
ژنها
مانیسا- هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان لە کۆنگرەی هەدەپەی شاری مانیسا وتەیەکی پێشکەش کرد و ڕایگەیاند کە لە پەڕلەمانی تورکیا کودەتا ئەنجامدەدرێت و ئەوانیش لەبەرامبەر ئەو کودەتایە بێ دەنگ نابن.
فیگەن یوکسەک داغ هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لە وتەیەکیدا کە ئەمڕۆ لە کۆنگرەی" هەدەپە لە شاری مانیسای تورکیا پێشکەشی کرد ڕایگەیاند: "کە حکومەتی ئاکەپە دەیەوێت دەسەڵاتی ١٣ ساڵان بکات بە دکتاتۆری لە سەر گەلان، بۆیە ئێستا هێزێکی کودەتاچی لە سەر کارە و لەناو پەرلەمان دەستیان پێکردوە." ناوبراو وتیشی دەسەڵات و ملیتاریزم لەبەرامبەر کوردان کارێکی هاوبەش ئەنجام دەدەن، بەڵام هێرش و پلانەکان چەندە گەورەش بن، ئێمە پاشەکشەناکەین و وەک ئەوان لە پرسە گرنگەکان ڕانەکەین."
هاوسەرۆکی هەدەپە جەختیشی کردەوە: "ئێمە بۆ کۆتایی هێنان بە هێرش و ستەمی دەوڵەت بەگژداچوونەوەی هێرشەکان بە بنەما دەرگرین و تەسلیم بە سیاسەتی نکۆڵی کردن و بنەبڕکردنی کەلتوری و ڕەچەڵەکی نابین. ئەگەر ئێمە ڕووبەڕووی هێرشەکان نەبینەوە ئەوا بە واتای تەسلیم بوونە، بۆیە با هەرگیز بیر لەوە نەکەنەوە کە تەسلیم بە ستەم و زوڵم ببین، ئێمە خاوەن ئیرادەی گەلێکین، ئیرادەی گەلیش بریتیە لە گیانی سەرکەوتن، سەرکەوتنێک کە هیچ هێرش و گەمارۆیەک نایشکێنێت."
فیگەن یوکسەک داغ لە بەردەومی وتەکانیدا ئاماژەی بەئامانجی هێرشەکانی دەوڵەت کرد، وتی: "ئامانجی حکومەتی ئاکەپە بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزی سەربازی دەوڵەتی تورک، شکاندنی ئیرادەی گەل و بەردەوام کردنی شەڕە، بەڵام دەبێت ئەوە باش بزانن کە دەسەڵاتەکان هەمیشە لە کاتێک هەڵوەشاونەتەوە کە خۆیان بەهێزترین دەسەڵات پیشانداوە."
فیگەن یوکسەک داغ هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)، لە کۆتایشدا جەختی کردەوە، کە دەسەڵاتی ئاکەپە دوای ١٣ ساڵ لە حکومڕانی، گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە ماڵی هاوڵاتیان بە سەر سەریاندا بڕوخێنێت، کۆمەڵکوژی ئەنجام بدات و کوردستان وێران بکات. ئەوە ئەنجامی ئەقڵیەتی فاشیزمانەیە کە لە هەرێمەکە کۆتایی هاتووە، کاتێک ئێمەش بەڵێنی خۆمان بۆ گەلی کورد دووپات دەکەینەوە کە زیاتر گوڕ بە تێکۆشان دەدەین."
(ش ب)