ئەل شەهبا، ئەو هەرێمەی چەتەکان وێرانیان کرد و ژنان بونیادی دەنێنەوە

09:17


فیدان رێزن/ژنها

عەفرین- ئەندامی دەستەی ژنان لە بەڕێوەبەری ئەنجومەنی بەڕێوەبەرایەتی هەرێمی "ئەل شەهبا"، سەبارەت بە کاروخەباتەکانیان لەو هەرێمەدا ڕایدەگەیەنێت کە ئەوان کاردەکەن بۆ سڕینەوەی کاریگەری و شوێنەواری شەڕ لەو هەرێمەدا.

ئامینە خدرۆ، ئەندامی دەستەی ژنان لە بەڕێوەبەری ئەنجومەنی هەرێمی ئەل شەهبا، سەبارەت بە کارو خەباتەکانیان لەو هەرێمەدا بۆ ژنها دواو ڕایگەیاند کە پێویستی ژنان لەو هەرێمە زیاتر بە هاوکاری هەیە، چونکە ژنان لەلایەن چەتەکان و بەگشتی ئەو هێزانەی لەو هەرێمەدا شەڕیان کردوە رووبەڕووی توندو تیژی بوونەوەتەوە، بە گشتی شەڕ لە سەر کۆمەڵگە کاریگەری خراپی جێهێشتووە.

ئامینە وتی: " لەسەدا٥٠%ئەندامانی ئەنجومەنی بەڕێوەبەرایەتی هەرێمی "ئەل شەهبا" لە ژنان پێکهاتووە، ئەنجومەنی بەڕێوەبەرایەتی ئەل شەهبا لە لە ٢٤-٣-٢٠١٥ دامەزراوە، ئێمەش وەک ژنان هەم لە ناو ئەنجومەندا هەمیش بە تایبەت خۆمان بەڕێکخستن دەکەین. هاوکاری ژنان دەکەین لە ڕووی مادی و مەعنەویەوە، بەتایبەتی هاوکاری ئەو ژنانەی بوونەتە قوربانی شەڕ و تیرۆر لە ناوچەکەدا، هەروەها ئەو ژنانەی کە دووچاری کۆچبەری هاتوون و ڕوویان لە کانتۆنی عەفرین کردووە."

ئامینە ئاماژەی بەوەکرد کە دامەزراندنی دەستەیەک لە ژنان کارێکی زۆر پێویست بووە و وتیشی: "یەکێک لە ئەرکە سەرەکیەکانیشمان پێشخستنی کەلتوری یەکسانی و پێکەوە کارکردنی ژنان و پیاوانە، هەروەها پێویستی بە پتەو کردن و بە هێزکردنی هێزی ژنان هەیە بۆ ئەوەی بتوانین بەرەنگاری هەموو هێرشێک ببینەوە لەو ناوچەیەدا، بۆئەمەش دامەزراندنی دەستەیەکی ژنان پێویستیێکی بەپەلە بوو."

ئامینە سەرنجی ڕاکێشایە سەر چۆنێتی کارکردن و جەختیکردەوە: "ئێمە دەستمان بە خەباتێکی ورد کردوە بۆ بە ڕێکخستن کردنی ژنان، بۆ ئەمەش ماڵ بە ماڵ دەگەڕێین، گوتوبێژ لە گەڵ ژنان دەکەین و هەوڵ دەدەین لە ئازار و گرفتەکانیان کەم کەیەنەوە. ئامانجیشمان لە کارکردندا بونیادنانەوەی کۆمەڵگەیەکی ئەخڵاقی و سیاسیە، کە تاک و کۆمەڵ بتوانن خاوەن ڕۆڵبن تیایدا، لەو چوارچێوەیەدا سمینار، خولی فێرکردن، پەروەردەی هزری و کۆبونەوە پێشدەخرێن."

ئامینە خدرۆ، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری ئەنجومەنی ژنان لە هەرێمی ئەل شەهبا، لە کۆتایشدا وتی: " ئێمە بەهەماهەنگی و بەستنی پەیوەندی لەگەڵ ڕێکخراو و دەزگاکانی ژنان کاردەکەین."

هەرێمی ئەلشەهبا دەکەوێتە باشوری شاری حەلەب، دانیشتوانی پێکهاتوون لە پێکهاتەی کورد، عەرەب، تورکمەن و سریانی. ساڵی ڕابردوو ئەو هەرێمە بەتەواوی لە چەتەکان پاککرایەوە، دوای ئازادکردنی ئەو هەرێمە لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکراتی(مەسەدە) هاوڵاتیانی هەرێمەکە ئەنجومەنێکی بەڕێوەبەرایەتیان دامەزراندوو کارەکانی خۆیانی لێ ڕادەپەڕێنن، ژنانیش ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕن لە کارەکانی ئەو بەڕێوەبەریەدا، ئەمەش لەلایەن هاوڵاتیانی هەرێمەکە وەک هەنگاوێکی گرنگ لە قەڵەم دەدرێت.

(ش ب)