ڕێکخستنی ژنانی کورد لە ئەوروپا کۆنگرەکانیان سازکرد
12:31
ژنها
ناوەندی هەواڵ- ئەنجومەن و ڕێکخستنەکانی ژنانی کورد لە وڵاتانی ئەڵمانی و فەرەنسا دوو کۆنگرەیان بەست و لە شاری بۆدێنیسی ئەڵمانیاش کۆمەڵەی (RO-SA) یان دامەزراند.
دارمشتاد:
ئەنجومەنی ژنانی ڕۆزا لە شاری دارمشتاد-ی وڵاتی ئەڵمانیا سێیەمین کۆنگرەی خۆی سازکرد، کۆنگرەکە بە خولەکێک ڕێزگرتن بۆ گیان بەختکردوان دەستی پێکرد، پاشان ژنان لە بارودۆخی سیاسی ئێستایان تاوتوێکرد و ڕاپۆرتی کار و خەباتی ساڵێکی ئەنجومەنی ڕۆزا خوێندرانەوە و هەڵسەنگێندرا.
ژنان ڕایانگەیاند: دەبێت ئەوان وەک ژنان لە وڵاتانی ئەوروپا زیاتر خاوەنداری لە سیستەمی خۆبەرێوەبەری و بەرخۆدانی گەل بکەن لە چوارچێوەی مافی ڕەوای گەل، هەروەها جەختیشیان کردوە کە دەبێت ئەو کەم و کوڕیانەی پشێتر هەبوون وەک لاوازیەک ببینرێن بۆ ئەوەی لە ئایندەدا دووبارە نەبنەوە.
لە کۆتایی کۆنگرەکەدا هاوسەرۆک، کۆمسیۆنەکانی کاروباری کۆمەڵایەتی، دەستەی کاروباری ڕاگەیاندن، پەروەردە، کەلتور، هونەر و بەشەکانی ڕێکخستنی ئەنجومەن هەڵبژێردران.
ڤوپەرتاڵ:
لە شاری ڤوپەرتاڵی وڵاتی ئەڵمانیاش، ئەنجومەنی ژنانی ڤیان، هەشتەمین کۆنگرەی خۆی سازکرد، کۆنگرەکە سەرەتا بە ڕێزگرتن بۆ گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێکرد، کۆنگرە لە ناوەندی کۆمەڵگەی دیموکراتی کوردان لە ڤوپەرتاڵ، بەبەشداری ژمارەیەکی زۆری ژنان بەڕێوەچوو.
پاشان ئایتان ئاسلانەر وتەبێژی یەکێتی ژنانی کورد لە ئەڵمانیا وتەیەکی پێشکەش کرد، ئایتان لە وتەکەیدا سەرنجی ڕاکێشایە سەر ڕێبازی کار و خەباتی ژنان بە شێوەیەک سەرکەوتوو لە شاری ڤوپەرتاڵ.
کۆنگرەی ژنان بە خوێندنەوەی ڕاپۆرتی ساڵانەو هەڵسەنگاندنی کارو خەباتەکانیان بەردەوام بوو. لە کۆتاییدا ئەنجومەنێکی ٤٥ کەسی لە ژنان پێکهێنرا. هەورەها فاتمە ئۆزەر، زەینەب گۆنار و سەڤگی بۆز کورد، وەک وتەبێژی ئەنجومەنی ژنانی ڤیان هەڵبژێردران.
بۆدێنیس:
هەروەها لە شاری بۆدێنس-ی وڵاتی ئەڵمانیاش کۆمەڵەی ژنانی (RO-SA) دامەزرا، ئاهەنگی ڕاگەیاندنی کۆمەڵەکە بەئامادەبوونی زیاتر لە ٣٠٠ ژن بەڕێوەچوو، هەروەها لە ئاهەنگەکەدا باس لە گرنگی و چۆنێتی کارکردن و ناساندنی کۆمەڵەی (RO-SA) کرا.
هەروها ڕاگەیاندرا: ( RO-SA) کورتکراوەی ناوی هەردو ژنی تێکۆشەر و پێشەنگ "رۆزا لوکسەمبۆرگ و ساکینە جانسز"ە، لەو شەوە ئاهەنگەی کە بەبۆنەی ڕاگەیاندنی کۆمەڵەکە سازکرا، ئەندامانی کۆمەڵەکە، گروپی دوران ماندەس، بێریڤان ئارین و گورپی نوراس دەرکەوتنە سەر تەختی شانۆ.
ستراسبۆرگ:
ژنانی کورد لە شاری ستراسبۆرگ، لە وڵاتی فەرەنسا، بە کۆبوونەوەیەک کۆمینی ژنانی شەهید ئارمانج-یان ڕاگەیاند، سەرەتا ژنان بە رێزگرتن بۆ گیانی پاکی شەهیدان دەستایان پێکرد. پاشان دەریا هز هاوسەرۆکی ئەنجومەنی گەل لە شاری ستراسبۆرگ، وتەیەکی پێشکەش کرد، دەریا وتی: "ژنان بە ئیرادەی ئازادی خۆیان ئەمڕۆ هەنگاوێکی بەرچاو و مێژووی تریان ناوە لەسەر ئاستی جیهان." دەریا لە درێژەی قسەکانیا سەرنجی ڕاکێشایە سەر بەرخۆدانی گەلی کورد لە کوردستان بەتایبەتیش بەرخۆدانی بەرگریکردن لە خۆبەڕێوەبەریەکانی باکوری کوردستان.
پاشان نوێنەری تەڤگەری ژنانی کورد لە ئەوروپا (TJK-E)، گولای ئۆغوز وتەبێژی کۆمسیۆنی ژنان وتەبێژی گەنجانی گۆچ، وتە و پەیامی خۆیان پێشکەش کرد و پەیماننامەی کۆمین خوێندرایەوەو پەسند کرا.
هەروها لە کۆبونەوەکەدا کۆمسیۆنەکانی(بەڕێکخسن کردن، گەنجان، پەیوەندی دەرەوە) دەستنیشان کران، هەروەها گولای "ئۆغوز و دەریا هز" وەک وتەبێژی کۆمینی شەهید ئارمانج هەڵبژێردران.
(ش ب)