بۆ یەکەمین جار ژنانی ئێزیدی لە ژێر ئاڵای 'YJŞ' چوارشەمی سور پیرۆز دەکەن

09:50

ژیندا ئاسمین/ژنها

شەنگال- زەینەب جودی ئەندامی کۆنسەی سەربازی یەکینەکانی ژنانی شەنگال ڕایگەیاند کە بەبۆنەی هاتنی جەژنی چوارشەمی سور، دەبێت ژنان بە شێوەیەکی چالاکانە پەیوەندی بکەن بە ڕیزی یەکینەکانی ژنانی شەنگال بۆ ئەوەی ئەم جەژنە بکەینە هۆکارێک بۆ سەرخستن و بونیادنانەوەی ژیانی واتادارتر لە چیای شەنگال.

چوارشەمی سور، یەکێکە لە ڕۆژە پیرۆزەکانی باوەڕی ئێزیدی، هەموو ساڵێک لە چوارشەمی دوای ١٣ نیسان، کە وەک چوارشەمی سور بەناو دەکرێت، ئەو ڕۆژە لە ناو ئێزیدیەکاندا بە گەرمی پێشوازی دەکرێت، زەینەب جودی ئەندامی کۆنسەی سەربازی یەکینەکانی ژنانی شەنگال، باسی لە گرنگی جەژنی چوارشەمی سوری ئەمساڵ کرد.

زەینەب جودی سەرەتا جەژنی چوار شەمی سوری لە سەرجەم ئێزیدیەکان، بەتایبەتیش ژنانی دیلی دەستی چەتەکانی داعش پیرۆزکرد، ناوبراو وتی: "چوارشەمەی سور بۆ ئێمەی ئێزیدیەکان سەرچاوەی ژیانە، لەگەڵ هاتنی وەرزی بەهار، سروشت بەرگ و گیانێکی نوێ دەپۆشێت، ئێمە بە پەرۆشەوە چاوڕوانی ئەو جەژنە دەکەین لە ساڵانی ڕابردوو زۆر جیاوازتر دەبێت، لە ساتێکی وەها دا هەستێکی زۆرجیاوازمان هەیە."

زەینەب جەختیشی کردەوە: "ئێمە وەک ژنانی ئێزدی جاری یەکەمە لە ژێر ناو و ئاڵای یەکینەکانی ژنانی شەنگال(YJŞ) ئەو جەژنە پیرۆز دەکەین، ئێمە هێزی گەلین، گەلێک کە لەبەرامبەر هەموو هێرشێکی دڕندانە بەرخۆدانی کرد، بۆیە گەل و (YJŞ) بە هاوکاری کردنی یەکتری یەکتری دەتوانین سەرکەوتنی گەورەتر بەدەست بێنین، ئێمە لە ژێر ئاڵای یەژەشە جەژنی چوارشەمەی سور پیرۆز دەکەین کە واتای زامن کردنی ئاییندەی ژیانێکی ئازادە بۆ ژنان و سەرجەم گەلەکەمان."

زەینەب جودی ئەندامی کۆنسەی سەربازی یەکینەکانی ژنانی شەنگال، لە کۆتایشدا وتی: "ئێستا جەژنی چوار شەمی سور جیاوازی زۆری هەیە، چونکە سوپای ئێزدیخان دامەزراوە،وەک یەکینەکانی ژنانی شەنگال، داوا لە ژنان دەکەم کە زیاتر پەیوەندی بکەن بە (YJŞ) بۆ ئەوەی بتوانین ئایندەیەکی رۆشن بونیاد بنێین. ئێمە شانازی دەکەین بەوەی بووینەتە ئەندامێکی یەکینەکانی ژنانی شەنگال."

(ش ب)