ئەلیزابێت گەوریە: ئامانج لە فیدرالی پێکەوە ژیانی گەلانە

09:48

لیلاڤ چۆلی-گوڵان بۆتان/ژنها

قامیشلۆ- ئەلیزابێت گەوریە ئەندامی ئەنجومەنی یاسادانان، ڕایگەیاند کە ئامانجیان لە سیستەمی فیدراڵی پێکەوە ژیانی گەلانە، بۆیەش چەندین پڕۆژەیان ئامادەکردوە.

دوو ڕۆژ لە مەوبەر دەستەی دامەزرێنەری سیستەمی فیدرال دیموکرات بۆ ڕۆژئاوای- باکوری سوریا سەردانی ناوەندی کۆنگرەی ستاریان کرد لە شاری قامیشلۆ و لەگەڵ سەرجەم ئەندام و بەڕێوەبەرانی کۆنگرەی ستار کۆبوونەوە. دوای کۆبوونەوەکە ئەلیزابێت گەوریە ئەندامی ئەنجومەنی یاسادانان، سەبارەت بە ناورۆکی کۆبوونەوەکە بۆ ئاژانسەکەمان دوا.

ئەلیزابێت ڕایگەیاند کە لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ کراوە لە سەر هاوپەیمانی کۆمەڵایەتی، بەڕێکخستن کردنی ژنان، پاراستنی ژینگە و سیستەمی فیدرالی، ناوبراو وتیشی: "دەستەی دامەزرێنەر پێکهاتووە لە ٣٣ ئەندام، ئەنجوومەنەکەمان خۆی بەچەندین بەش بەڕێکخستن کردوە و هەر بەشێک بە ئەرکەکەی هەڵدەستێت، بەشی ئامادەکاری پەیماننامەی کۆمەڵایەتی بۆ ئامادەکردنی پەیماننامەکە لەگەڵ سەرجەم دەزگاو ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگە کۆدەبێتەوە و گفتوگۆ لەسەر چۆنێتی ئامادەکردنی دەکات، ئێمەش کە پێکهاتووین لەو دەستەیە لەو چوارچێوەیەدا سەردانی هەموو ڕێکخراو و دەزگا کۆمەڵایەتیەکان دەکەین."

ئەلیزابێت گەوریە جەختیشی کردەوە: "تێگەیشتن و ناساندنی سیستەمی فیدراڵی، بۆ ئاییندەی سوریایەکی دیموکراتی گرنگی زۆری هەیە. بەر لە هەر کەس دەبێت ژنان جێگەی خۆیان لەو سیستەمە بگرن، هەورەها بە ئیرادەی کۆمەڵگە پەسند بکرێت، چونکە پێکەوە ژیان یەکێکە لە تایبەتمەندیە سەرکیەکانی دیموکراتی."

ئەلیزابێت گەوریە ئەندامی دەستەی ئەنجومەنی یاسادانان، لە کۆتاییشدا وتی: "ئەو مژارەی ئێستا کاری لەسەر دەکەین بناغەی سیستەمێک بوونیاد دەنێت، بۆیە چەندین پڕۆژەمان ئامادەکردوە لە ڕووی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابوری، هەروەها لەسەر ژیانی کۆچبەران. ئامانجی ئێمە ژیانێکی ئارامە بۆ کۆمەڵگە، ئامانجمان ئەوەیە کە گەلان لە ژێر باڵی دیموکراتی و پێکەوەژیان بژین، ئەو پڕۆژەیەشمان بۆ یەکخستنەوەی سوریایە بە شێوەی دیموکراتی."

(ش ب)