لەلالەش ٣٦٦ مەشخەڵ هەڵگیرسێندران
09:49
ژنها
ناوەندی هەواڵ- ئێوارەی دوێنێ بۆ یادکردەنەوە جەژنی چوارشەمی سور کە جەژنێکی دێرین و پیرۆزی ئێزیدیەکانە، بەسەدان هاوڵاتی ڕوویان کردە لالەش و مەشخەڵی ئاگریان هەڵگیرساند.
ئێوارەی دوێنێ هاوڵاتیانی ئێزید لە شێخان و دەوربەری ڕوویان کردە لالەش و بەمەراسیمێکی ڕێزگرتن جەژنی چوارشەمی سوریان پیرۆز کرد، ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتیان و باوەڕدارانی ئایینی ئێزیدی، بەشداریان کرد و بە چەند نمایشێکی ئایینی یادی جەژنی چوارشەمی سوریان کردەوە کە یەکێکە لە جەژنە دێرین و پیرۆزەکانی باوەڕدارانی ئاینی ئێزیدیە.
لە مەراسیمەکەدا بۆ ڕێزگرتن لەو جەژنە و ئەو ڕۆژە پیرۆزە ٣٦٦ مەشخەڵی ئاگر لەلایەن هاوڵاتیانەوە هەڵگیرسێندارن.
بڕیار وایە ئەمڕۆش کە ڕۆژی چوارشەمەی سورە لە زۆربەی شوێنەکانی کە هاوڵاتیانی ئێزیدی دەمێننەوە یان لێی بەجێکراون، بە مەراسیم و پیرۆزبایی پیرۆز بکرێت.
هەر بەو بۆنەیەوە بڕیار وایە لە هەرێمی کوردستان ڕۆژی ٢٠/٤ ساڵانە بکرێتە ڕۆژی پشوی فەرمی چونکە چوارشەمەی سور گەورەترین جەژنی ئێزیدیەکانە. هەر ساڵ لە چوارشەمەی دوای ١٣ نیسان یادی دەکرێتەوە.
( ش ب)