ژنانی ئێزیدی، جەژنی چوارشەمەی سور لە ئێزدیەکان پیرۆزدەکەن

10:21

بنەوش ساریا-ئەڤین نەجدەت/ ژنها

قامیشلۆ- بەبۆنەی چوارشەمەی سور جەژنی ئێزیدیەکان، ژنانی ئێزیدی لە ڕۆژئاوای کوردستان، ئەو جەژنەیان لە هەموو ئێزدیەکان پیرۆزکرد.

چوارشەمەی سور کۆنترین و پیرۆزترین جەژنی ئێزیدیەکانە بۆیە لەو ڕۆژەدا بە چەندین مەراسیم لە هەرشوێنێک کە باوەڕدارانی ئێزیدی لێبمێننەوە ئەو ڕۆژە پیرۆز دەکرێت، ئەو ڕۆژەش دەکەوێتە چوارشەمەی دوای ١٣ ی مانگی نیسان، واتا ئەمڕۆ. ژنانی ئێزیدی لە رۆژئاوای کوردستان بەو بۆنەیەوە جەژنی چوارشەمەی سوریان لە هەموو ئێزیدیەکان پیرۆزکرد.

سەعدا خیدۆ کە ژنێکی ئێزیدیە، سەرەتا ئەو جەژنە لە هەموو مرۆڤایەتی پیرۆز دەکات و وەک جەژنی ژیانەوە ناودێری دەکات. سەعدا وتی: "ئێمە وەک گەلی ئێزیدی هەرساڵێک ئەو ڕۆژە پیرۆز دەکەین، لەو ڕۆژەدا هیچ کەس ناچێت بۆ شوێنی دوور و ڕێگەی درێژ، نابێت لەو ڕۆژەدا هیچ کارێکی تایبەت یان بۆنە و ئاهەنگێکیتر ساز بکرێت."

خاتێ خدر ژنێکیترە ئەویش سەرەتا ئەو جەژنەی لە هەموو ئێزدیەکان پیرۆز کرد و وتی: " هیوادارم جەژنی ئەم ساڵ ببێت بە جەژنی خۆشی و گەڕانەوەی هەموو ئەوانەی لێمان دوورکەوتوون، لەو ڕۆژەدا ئێمە دڵخۆشین، خواردنی فرەچەشن ئامادەدەکەین، هێلکەی ڕەنگاو ڕەنگ دەدەینە منداڵان، ئەو ڕۆژە لەیەکتری پیرۆز دەکەین، ئەوە ڕۆژێکە بۆ هاوبەشکردنی ژیان و بەرهەماکانی سروشت، ڕۆژێکە بۆ گەش کردنی ژیان."

نەجوا جەمیل، ئەو ڕۆژە لە سەرجەم ژنان و گەلی ئێزیدی پیرۆز دکرد و وتی: " سەرەتا ئەو ڕۆژە لە هەموو گەلی کورد و لە ڕێبەر ئاپۆ پیرۆز دەکەم، لە کەلتوری ئێمەی ئێزدیدا مانگی نیسان وەک بوکی ساڵ پێناسەدەکرێت، بۆیە نابێت لەو مانگەدا بووک بهێنرێت (نابێت لەم مانگەدا ئاهەنگی هاوسەرگیری بکرێت)، دایکانی بەتەمەن پەڕۆی سور و سپی لە نێوچەوانی کچ و کوڕانیان دەبەستن، چونکە ئەو مانگە پیرۆزە هەر ئاواتێکمان هەبێت بەدی دێت."

لەکۆتایشدا ژنێکی گەنج بەناوی لارا جدۆ، ئەو ڕۆژە لە هەموو ئێزدیەکان پیرۆز دەکات، لارا داوا دەکات هاوڵاتیانی ئێزدی بگەڕێنەوە سەر خاکی خۆیان و نیشتیمانی خۆیان تەرک نەکەن."
(ش ب)