NCRI لەبارەی دۆخی ژنە گیراوانی سیاسی لە ئێران هۆشیاری دەدات

12:12

ژنها

ناوەندی هەواڵ- شورای بەرگری نیشتیمانی ئێران لەڕاپۆرتێکدا ڕایدەگەیەنێت کە لە گرتووخانەکانی ئێران ٤٠ ژنە گیراوی سیاسی، بەهۆی بارودۆخی سەختی زیندان بەدەست چەندین نەخۆشی دەناڵێنن.

شواری بەرگری نیشتیمانی ئێران(NCRI) سەبارەت بە دۆخی ژنانی بەندکراو لە گرتوخانەکانی ئێران راپۆرتێکی بڵاوکردوە. لە ڕاپۆرتەکەدا سەرنج ڕادەکێشێتە سەر هەلومەرجی سەختی گرتوخانەکان و دۆخی بەندکراوان، بە گوێرەی ڕاپۆرتەکە ڕێگە بە ژنانی بەندکراو نادرێت چاویان بە منداڵەکانیان بکەوێت.

لە ڕاپۆرتەکەدا ئەوەش ئاشکرا کراوە کە زۆرێک لەو ژنانەی دەست بەسەر دەکرێن، ڕەوانەی شوێنێکی نادیار دەکرێن و لەکام گرتوخانە دەمێننەوە لە کەسوکاریان دەشاردرێتەوە.

شورای بەرگری نیشتیمانی ئێران ئاماژەی بەوە کردوە کە بە گوێرەی کاربەدەستانی ڕژێمی ئیسلامی ئێران، نابێت ژنان بەشداری لە چالاکی سیاسی بکەن و دەبێت لە چوارچێوەی ماڵدا بمێننەوە، ئەمەش وای کردوە کە ژنان لە ڕووی یاساییەوە رووبەڕووی زەحمەتی زۆر ببنەوە.

لە ڕاپۆرتەکەدا ڕاگەیاندراوە کە ژنانی بەندکراو لە یاسا و نەریتەکانی مرۆڤایەتی بێبەش کراون و ڕووبەڕووی ئەشکەنجەی دەرونی و جەستەیی دەبنەوە، ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی گیراوان ڕووبەرووی چەندین نەخۆشی ببنەوە.

لە ڕاپۆرتەکەی شورای بەرگری نیشتیمانی بەتایبەت باس لە دۆخی تەندروستی و ژیانی گیراوی سیاسی مریەم ئاکباری مۆنفەرد کراوە، کە بە بانگەشەی ئەندام بوون لە "ڕێکخراوی موجاهیدینی گەل" لە مانگی کانوونی دووەمی ٢٠٠٩ وە دەستگیرکراوە و بە سزای ١٥ ساڵ زیندانی کراوە و لە گرتوخانەی ئەوینی ئێران دەمێنێتەوە. چوار برای مریەم بە بەهانەی ئەندام بوونیان لە هەمان ڕێکخراو کوژراون. لە ڕاپۆرتەکەدا ڕاگەیاندراوە کە مریەم لە نامەیەکیدا بۆ نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتوەکان لە ئێراندا باسی لەوە کردوە کە دادوەر پێی راگەیاندوە؛ "تۆ باجی براکانت دەدەیت".

هەورها لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بە ناوی فەهیمە عارفی کراوە کە بە بانگەشەی ئەندام بوون لە رێکخراوێکی نایاسایی لە ٢٥-٨-٢٠١٥دا لەلایەن سوپای بەرگری شۆڕش دەستگیر کراوە. هەروەهابەهارین ئەسخەری لە ساڵی ٢٠١٥ بە دەست و چاوی بەستراوەیی لە تاران دەست بەسەر کراوە، بەڵام تا ئێستاش بێ سەروشوێنە."
(ش ب)