کژار گیان بەخت کردنی ڕەسوڵ عەلەم هولی و حەوت هەڤاڵی بەرز ڕادەگرێت

16:30

ژنها

ناوەندی هەواڵ- کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کژار) بە لێدوانێکی فەرمی سەرەخۆشی لە بنەماڵەی گەریلا ڕەسوڵ عەلەمهولی ناسراو بە (باگەر جودی) دەکات.

کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کژار) بە لێدوانێک سەرەخۆشی لە بنەماڵەی گەریلا ڕەسوڵ عەلەمهولی ناسراو بە (باگەر جودی) خەڵکی شاری ورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرد، کە ١٤ی ئەم مانگە لە شەڕێکی بەرامبەر سوپای تورکدا لە شاری ئامەدی باکوری کوردستان لە گەڵ حەوت لە هەڤاڵانی شەهید بوون.

کژار لە لێدوانەکەیدا ڕایدەگەینێت: "ئێمە وەک کژار، سەرەتا لە کەسێتی هەڤاڵ باگەڕدا هەر حەوت ڕێهەڤاڵی شەهیدی بیردێنینەوە و بەڵێنی بڵندکردنی تێکۆشان و بەدیهێنانی ئاواتەکانیان بۆ ژیانی ئازاد دەدەین.

کژار ڕاشیدەگەینێت: "گەلی کورد بە بەهای گران لەبەرامبەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بەرخۆدانی دەکات، هەر ڕۆژ هەنگاوێک بەرەو سەرکەوتن نزیک دەبێتەوە و بە بەخشینی هەر شەهیدێک پەیامێکی بەرخۆدانی و هیوای سەرکەوتن گەورەتر دەبێت، تێکۆشانی ئازادیخوازانەی گەلی کورد سنوری دەسکردی دوژمنانی بەخوێن دەسڕێتەوە، ئەمڕۆش بە ڕۆحی ئەو شەهیدانەیە کە هێز و هێرشە دڕندانەییەکانی دەوڵەتی تورک شکستیان هێناوە، هەڤاڵ باگەڕ جودی یەکێک لەو کەسایەتیانە بوو کە بە رۆحی نەتەوەیی خۆی تاوەکو دواین دڵۆپی خوێن لە بەرامبەر دەوڵەتی فاشیستی تورک بەرخۆدانی بێ وێنەی نواند تا گەیشتە کاروانی شەهیدان."

کژار لەبەردەوامی لێدوانەکەیدا دەڵێت: "هەڤاڵ باگەڕ لە بنەماڵەیەکی نیشتیمان پەروەری شاری ورمێ بوو، بنەماڵەیەک کە هەرگیز ملکەچی زوڵم و ستەمی هێزە داگیرکەرەکان نەبووە، لە ڕێگەی وەڵات پەروەری خۆیان چەندین قوربانی گرانبەهایان بەخشیوە، هەڤاڵ باگەر بە ڕۆحی شیرین عەلەمهولی گەورە دەبێت، چۆن شیرین عەلەمهولی بوو بەترسێک لە ناخی داگیرکەران و هەرگیز ئامادەنەبوو تەسلیم بە دوژمنان ببێت، چۆن شیرین وتی دەتوانن گیانم لێ بسەننەوە بەڵام هەرگیز ناتوانن شەڕەف و ڕامانی ئازادیخوازیم لێ بسەنن، تا لە کۆتایی دا بوو بە سمبۆلی بەرخۆدانی، هەڤاڵ باگەریش بەهەمان باوەڕی لە ساڵی ٢٠٠٥ و لە تەمەنی لاویدا ستەمی ڕژێم قبوڵ ناکات و پەیوەندی بە بزوتنەوەی ئازادی دەکات، هەڤاڵ باگەر لە هەلومەرجی سەختدا هەمیشە پێشەنگی هەڤاڵانی بووە."


کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کژار)، لە کۆتاییشدا دەڵێت: " ئێمە وەک کەژار سەرەخۆشی لە کەسوکاری شەهید باگەڕ و لە گەلی کورد دەکەین، جارێکیتر ئەو قارەمانانەمان بیردێنینەوە، هەوروەها جارێکیتر بەڵێنی خۆمان دووپات دەکەینەوە بۆ بەردەوام کردنی ڕێبازی پیرۆزیان بۆ ئازادی گەلان و مرۆڤایەتی."
(ش ب)