ڕۆژنامەنوسانی ژن: ڕاگەیاندنی ڕاستیەکان ئەرکی ئێمەیە
10:01
بێریتان ئەلیاکوت/ژنها
ئامەد- سەرەڕای ١١٨ ساڵ تێپەڕبوون بەسەر دامەزراندنی ڕۆژنامەگەری کوردی، بەڵام هێشتاش ڕۆژنامەوانان و ڕاگەیاندنی کوردی لە ژێر فشاردایە و ڕووبەرووی ئاستەنگی زۆر دەبێتەوە، ڕۆژنامەنوسانی ژن ڕایدەگەینن سەرەڕای مەترسی سەر گیانیان، بەردەوامن لە پیشەی ڕۆژنامەوانی و لەناو گەلدا ڕۆژانە ڕووماڵی هەواڵ و پێشهاتەکانی بەرخۆدانی گەل دەکەن.
ڕۆژنامەنوسانی ژن، لە ١١٨ مین ساڵڕۆژی دامەزراندنی یەکەمین رۆژنامەی کوردی ڕایدەگەینن کە کە ئەوانان سەرەڕای هەموو ئاستەنگیەکان لە ناوبەرخۆدانی گەلدا دەمێننەوە بۆ گەیاندنی هەواڵی ڕاست بە جیهان، ژنانی ئاستەنگی و زەحمەتیەکانی بەردەم ڕۆژنامەنوسان و ڕاگەیاندن کارانیان هەڵسەنگاند.
زەهرا دۆغان سەرنوسەری ئاژانسی ژنها، کە بۆ ماوەی چەندین مانگ لە ناو هەرێمەکانی بەرخۆدانی خۆبەڕێوەبەری گەلدا مایەوە، بە چاوی خۆی شایەدی هەموو ئەو بەربەست و زەحمەتیانە بوو کە لە باکوری کوردستان ڕووبەڕووی ڕۆژنامەگەری ئازاد دەبنەوە. زەهرا ڕایگەیاند کە لەساڵی ١٩٩٠ تا ئێستا بەبەردەوامی هێرش و فشاری سیاسی دەخرێتە سەر ڕاگەیاندنی کوردی لەباکوری کوردستان.
زەهرا دۆغان وتی: "گەلی کورد هەنگاوی زۆری نا تا گەیشتە ئەو ئاستە، بەدرێژایی مێژوو هەرگیز بە قەدەر ئەمڕۆ نزیک بەدەست خستنی داوای ڕەوای خۆی نەبۆتەوە، ئێستا گەل لە ناو بەرخۆدانێکی مێژووی دایە، ئێمە بە چاوی خۆمان چەندی داستانی قارەمانی و بێوێنەمان بینی، بەڵام هێرشەکان زۆر دڕندانەن، هاوڵاتیان لە ماڵەکانیان، لەناو کۆڵانەکانیان لە شوێن کارکردندا کۆمەڵکوژ دەکرێن، ڕاگەیاندن لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی گرنگی زۆری هەیە، ئێمەش چونکە هەمیشە لەناو بەرخۆدانی گەل دابووین، بە کامێراکەمان بووین بە پارچەیەک لە بەرخۆدانی."
بێریتان ئیرلان، پەیامنێری ئاژانسی هەواڵی دیجلە، کە لە ناو بەرخۆدانی جزیرە ڕۆژنامەوانی دەکرد، لەوباریەوە ڕایدەگەیەنێت: "کاتێک من لەجزیر بووم، بینم کە هەرچی بەناوی مرۆڤایەتیەوەیە مردوە، بەچاوی خۆم بینیم نیشانبڕەکانی دەوڵەت بەسەدان هاوڵاتیان کوشت، زەحمەتی زۆرمان بینی، بۆ هەر شوێنێک دەچووم کوژراو بریندار، هەرگیز ناتوانم ئەو ڕۆژانە لە یاد کەم و هەمیشە لە هۆش و بیرم دا دەمێنێتەوە."
ڕۆژنامەگەری و تاوان
هەروەها هولیا ئۆکالین، پەیامنێری (ژنها) لە شاری جۆلەمێرگ، ئاماژە بەوەدەکات کە گەلی کورد لەباکوری کوردستان رووبەڕوو سیاستی قڕکردن بۆتەوە، هەروەها ناوبراو وتی: "کاتێک چاوێک بە مێژووی کۆمەڵگەدا دەخشێنینەوە، هەمیشە ڕۆژنامەنوسان و نوسەران بوونە کە ڕاستی و کۆمەڵکوژی سەر گەلانیان نوسیوەتەوە، بۆیە زۆرجار گیانیشیان لەڕێگەی پیشەکەیان داناوە، ڕۆژی ئەمڕۆشمان کە مێژووی دکتاتۆری و چەوساندنەوە بەردەوامە و خۆی دووبارە دەکاتەوە، ڕۆژنامەنوسان لە باکور ناتوانن چاو لە ڕاستی شەڕ و بەرخۆدانی بپۆشن."
هولیا سەرنجیشی ڕاکێشایە سەر بەرخۆدانی ژنانی ڕۆژنامەنوس و وتیشی: "ژنانی رۆژنامەنوس بۆ ئەوەی ڕاستی ڕووداوەکان بگەیەننە ڕای گشتی، لە گۆڕەپانی بەرخۆدانیدا ڕووماڵی هەواڵەکان دەکەن، ئێمە لەژێر زەحمەتی زۆردا هەوال ئامادە دەکەین، ئێمە مەشخەڵی بەرخۆدانی ژنانی تێکۆشەرمان هەڵگرتووە و لەسەر ڕێبازی ئەوان بەردەوامی دەدەین بە ئەرکەکانمان. هەرچەند نوسینی هەواڵێک وەک تاوان لەقەڵەم دەدرێت، بەڵام ئێمە وەک ژنانی ڕۆژنامەنوس بەردەوام دەبین لە نوسین، چونکە ڕۆژنامەوانی تاوان نیە."
( ش ب)