١٠ لە سودەکانی هەنگوینی سروشتی بۆ تەندروستی
10:25
ژنها
ناوەندی هەواڵ- هەنگوین بە یەکێک لە تەندروسترین خواردنەکان دادەنرێت، کە بەدرێژایی زیاتر لە 2500 ساڵ لە شارستانی وڵاتە جیاوازەکاندا بە بەردەوامی بەکارهاتووە،چ وەک خواردن و چ وەک دەرمانێکی سروشتی بۆ نەخۆشییە جیاوازەکان.
ئاسانی خواردنی هەنگوین هۆکارێکی گرنگە لە زۆر بەکارهێنانی ئەم خواردنە بە درێژایی مێژوو، کە دەکرێت بە تەنیا بخورێت، یاخود بکرێت بەسەر نانەوە، یان لەجیاتی شەکر لەگەڵ چادا تێکەڵ بکرێت،یاخود لەگەڵ ئاوی گەرم و رووەکە جیاوازەکاندا دەرمانی سرووشتی جیا جیای لێ دروست بکرێت.
چەندین جۆر هەنگوین هەیە کە لە ڕووەک یان لە گوڵی جۆراو جۆر دروست دەکرێت بەڵام گرنگترینیان هەنگوینی سروشتیە کە لە کوردستانیش زۆر جار لە ناو قەدی دار و لەناو قەڵاشە بەردەکان دەردەهێنرێت یان ئەو هەنگانەی کە دەبرێن بۆ کوێستان و شاخ و پێدەشتەکان، کە سودەکانی تایبەتن.
هەندێک لە سوودەکانی هەنگوینی سروشتی و چۆنێتی بەکارهێنان
١- کەمکردنەوەی کێشی لەش
هەنگوین بە بەراورد بە مادە شیرینییەكانی دیكە رێژەی وزەی كەمی تێدایە، (40%) رێژەی وزەی كەمترە، شیرینی هەنگوین هیچ كات نابێتە هۆی چوونە سەری كێشی لەش. هاوکات هەنگوین پڕە لە ماددەی گلوكۆزو فروكتۆز و مادەی كانزایی وەك (مانیزیۆم، پۆتاسیۆم، كالسیۆم، كالریدسیۆم، گوگرد، ئاسن و فۆسفۆت).
٢-دژە میکرۆبە
هەنگوین وەک ماددەیەکی دژە بەکتریا و دژە کەڕوو کاردەکات لە لەشدا، بۆیە زۆرجار لەزانستی پزیشکی سروشتیدا وەک پاککەرەوەیەکی سروشتی بەکاردێت بۆ پاککژکردنەوەی برینەکان.
٣- دژە شێرپەنجەیە
هەنگوین دەوڵەمەندە بە ماددەی (نوتراسی وتیکاڵ)، کە دەبێتە هۆی لەناوبردنی ماددە کیمیاوییە زیان بەخشەکان و ئەو ماددانەی زیان بە خانەکانی جەستە دەگەیەنن و دەبنە هۆی دروستبونی شێرپەنجە، ئەمەش وادەکات بەکارهێنانی بەردەوامی هەنگوین بمانکاتە خاوەنی سیستەمێکی بەرگری بەهێز.
٤-خواردنێکی پێویستە بۆ وەرزشەوانان
توێژینەوە نوێکان ئەوەیان سەلماندووە کە هەنگوین دەبێتە هۆی زیادکردنی توانای لەشی یاریزان و وەرزشەوانان. هەنگوین دەبێتە دووبارە بوژانەوەی ماسولکەی یاریزانان لەدوای ماندوبوونی زۆر و هەروەها رۆڵێکی زۆر گرنگی هەیە لە رێکخستنی رێژەی شەکر لەخوێندا و لەخانەکانی لەشدا.
٥- دژە کۆکە
هەنگوین بکرێتە ناو چا یاخود بە تەنیا، سوودێکی گرنگی هەیە بۆ قوڕگ ئێشە، بەپێی لێکۆڵینەوەیەک کە ئەنجامەکەی لە مەڵپەڕی "healthline " بڵاوکراوەتەوە، لەسەر 139 منداڵ کە هەوکردنی بەشی سەرەوەی کۆئەندامی هەناسەیان هەبوو ئەنجامدراوە، دەرکەوتووە کە هەنگوین زۆر کاریگەرە بۆ کۆکە و ئازاری قوڕگ زیاتر بەخێرای چارەسەی دەکات.
٦-یارمەتی خەوتن دەدات
هەنگوین یارمەتیدەرێکی زۆر باشە بۆ ئەو کەسانەی کە کێشەیان لەگەڵ خەو هەیە، هەنگوین دەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی رێژەی شەکر لە خوێندا،کە ئەمەش دەبێتە هۆی زیادکردنی دەردانی ئینسۆلین و سیرۆتۆنین کە دەبێتە هۆی زیادکردنی دڵخۆشی، دواتر لە لەشدا سیرۆتۆنین دەگۆڕێت بۆ میلاتۆنین کە ماددەیەکە دەبێتە هۆی خەو لێکەوتن.
٧-دژە کڕێش
هەنگوین پێهاتەیەکی سروشتی بەسوودە بۆنەهێشتنی کڕێش لەقژدا، دەتوانیت بڕێک هەنگوین لەگەڵ ئاوی گەرمدا تێکەڵ بکەیت وبیدەیت لە سەرت بۆ ماوەی 3 کاتژمێر بەجێی بهێلیت و دواتر بیشۆیت دەکرێ ئەم کردارە بۆماوەی هەفتەیەک دووبارە بکەیتەوە.
٨- هەنگوین تەنیا شیرینییەكە كە نە تەنیا زیانی نییە بگرە زۆریش سوودمەندە وئەو مادانەی كە هەنگوینیان لێ پێكهاتووە كۆمەڵێك مادەو ڤیتامینی بە سوودن. بەهۆی بوونی مادەی دژە باكتریا هەنگوین نە تەنیا بۆ ددانەكان زیانی نییە، بگرە دەبێتە هۆی ئەوەی كە كاریگەری مادەی فلۆراین كە لە چای دایەو دژە بەكتریایە ئەكتیڤ بێت.
٩- ئەگەر لە وەرزی زستاندا پێستت تووشی وشکبوون و قڵیشان هات، ئەوا دوو کوپ هەنگوین بکەرە ناو ئەو ئاوەوە کە خۆتی پێ دەشۆیت و با بۆ ماوەى ١٥ خولەک بە لەشتەوە بمێنێتەوە، بەو جۆرە پێستت نەرم و شێدار دەبێت و هەروەها بۆ پێستی ڕوخساریش بە هەمان شێوە هەنگوین دەتوانرێت وەک ماسکەش بەکار بهێنرێت.
١٠- یەكێك لەو خۆراكانەی كە بۆ ژنی دووگیان پێشنیار دەكرێت بخورێت هەنگوینە، كە سودەكانی لەمانەی خوارەوەدا دەردەكەوێت:
-بۆ كەمكردنەوەی ئازاری منداڵبوون پێویستە ژنی دووگیان لەماوەی دووگیانیدا هەنگوین بخوات.
- زۆر گرنگە هەنگوین بخورێت لە هەفتەی 4 بۆ 12ی دووگیانیدا بۆ كەمكردنەوەی دڵتێكەڵهاتن و ڕشانەوە.
- هەنگوین دەبێتەهۆی سەلامەتی تەندروستی كۆرپە و بەهۆی پێكهاتەی فۆلیك ئەسید جۆری "ب2" ەوەوە كۆرپەلە لە ناكامی زگماكی دەپارێزێت.
- ژنی دووگیان لە ژەهراوی بوونی دووگیانی دەپارێزێت.
-هەنگوین دەبێتەهۆی هێوركردنەوەی دەروونی ژنی دووگیان و هاوكاری دەكات لە باش خەوتندا.
(ش ب)