ژنانی کۆبانێ لە دەستپێشخەری پێشخستنی ئابوری دان

10:29



زاهیدە ئەحمەد/ ژنها

کۆبانێ- ژنان لە کانتۆنی کۆبانێ لەگەڵ هاتنی وەرزی بەهار دەستیان بە کاری کشتوکاڵی کردوە و چەندین کێڵگەیان ڕوواندوە.

هاوڵاتیانی ڕۆژئاوای کوردستان بە پێشەنگی ژنان، کاردەکەن بۆ ئەوەی بتوانن بە بەرهەم هێنانی ئابوریەکی کۆمیناڵ بناغەی وەرچەرخانێکی ئابوری بونیاد بنێن و کاریگەری ئابڵۆقەی ئابوری سەپێنراوی سەر ڕۆژئاوای کوردستان کەم بکەنەوە.

لە کانتۆنی کۆبانێ ژنان چەندین کێڵگەی سەوزە و میوەیان چاندوە، ژنان دەستنیشانیان کرد کە ئەوان چاویان لەدەستی کەس نیە.

نورێ محیەدین، تەمەن ٤٥ ساڵان دەڵێت: "ئێستا خەریکی چاندنی گیای ملۆخیەین، لە دەوروبەریشی چەندین جۆر سەوزە و بەروبوومی تر دەڕوێنین، ئەو کارەش بە هاوکاری و هەرەوەزی دراوسێ و دەوروبەرەکانمان دەکەین، دەروازەی لە باکور و باشورەوە بەڕوومان داخراون، ئێمەش چاومان لەدەستی کەس نیە و بۆ ئەوەی بتوانین بۆ خۆمان بژێوی ژیانمان دابین بکەین."

نورا دەڵێت: هەرچەند دەرگاکان دابخرێن، دەرگای ژیان هەرگیز داناخرێت، بۆیە ئێمە دەرگایتر دەکەینەوە.

هەروەها وەجە عەبدولرەحیم، ژنێکیتری جوتیارە و ئەویش کێڵگەی سەوزەی ڕوواندووە، وەجەش بەو شێوەیە باسی لە ژیانی خۆی کرد: "ئەوەی ڕواندوومە کەرەوزە، پاقلەیە، سیر و کاهویە، سەوزە پێویستیێکی ماڵە دەبێت بیڕوێنین، ئێمە چاوەڕوان بووین دەروازەی سنور بکرێتەوە، بەڵام وەک دەبینن بە ڕەنج و هیوای خۆمان دەرگەی ژیانمان کردۆتەوە."

(ش ب)