چالاکوانانی ژن، کردەوەکانی دەوڵەتی تورک لە گەڤەر شەرمەزار دەکەن
13:48
ژنها
هەولێر- ماوەی چەند مانگە لەباکوری کوردستان بەرخۆدانی گەل بۆ بەرگریکردن لە سیستەمی خۆبەرێوەبەری بەڕێوەدەچێت، لەبەرامبەر بەرخۆدانی هاوڵاتیان هەموو جۆرە هێرشێکی دوور لە مرۆڤایەتی ئەنجامدەدرێت، یەکێک لەو کردەوە نامرۆڤانەی دەوڵەتی تورک کە هەموو سنورەکانی مرۆڤایەتی تێپەراندووە بێڕێزیکردنە بەرامبەر بە تەرمی هاوڵاتیان و ڕووت کردنەوە و پیشاندانیانە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان، بەتایبەتیش دواین کردەوەکانی دەوڵەت لە شاری گەڤەر کە ئاستی بێڕێزیکردن بە مرۆڤایەتی تێپەڕ کرد. ژنانی هەرێمی باشوری کوردستان لەبەرامبەر ئەم کردوە نامرۆڤانەی دەوڵەتی تورکیا کاردانەوەی توندیان پیشان داو ڕایانگەیاند کە هۆکاری ئەو کردەوە قێزەونانە لاوازی دەوڵەت زیاتر دەخاتە ڕوو.
زەکیە لادێی چالاکی مەدەنی لە لەشاری سۆران لەو بارەیەوە وتی: " ئەمەی ئەنجام دراوە کردەوەیەکی ناشرینە، دوور لە ئاکارە مرۆڤایەتیەکانە، لە کاتێکدا هاوڵاتیان داوای مافی رەوای خۆیان دەکەن، ڕووبەڕووی کۆمەڵکوژی و سیاسەتی دوژمنانەی دەوڵەتی تورک دەبنەوە، ئەمەی بەرامبەر بە هاوڵاتیان دەکرێت شتێکی قبوڵ نەکراوە هەموومان پێی نیگەرانین، بەتوندی ڕیسوا و شەرمەزاری دەکەین."
زەکیە لادێی وتیشی: ئەو کردەوانەی ئەنجام دەدرێن کارێک نین کە بە ئیدانە کردن تێپەڕ ببن، چونکە وەک لەکۆنەوە پێناسەیەک بۆ دەوڵەتی تورکیا کراوە کە دەڵێن؛ تورکیا ئەو وڵاتەی خۆری لێهەڵنایەو سەوزایی لێناڕووێت، ئەمەش ئاماژەیەکە بۆ ئاستی دڕندانەی دەسەڵاتی دەوڵەتی تورک بە درێژایی مێژووی مرۆڤایەتی، ئەوەی دەکەوێتە ئەستۆی ئێمە وەک گەل نابێت درێخی بکەین چونکە پێویست بوو دۆخی باکوری کوردستان بەو شێوەیە نەبووایە، پێویست بوو ئاشتی سەروەر بوایە نەک شەڕ و چەک، کە ئەنجامی سیاسەتی دووفاقیە لەبەرامبەر کوردان."
هەروەها لەسەر هەمان مژار دایکی کانی چالاکی بواری ژنان، لە شاری هەولێر سەرەتا ئیدانەی هێرش و کۆمەڵکوژیەکانی سەر هاوڵاتیانی باکوری کوردستانی کرد، دایکی کانی وتی: "ئەمڕۆ خەباتی ڕزگاریخوازی گەلەکەمان لە باکوری کوردستان پێی ناوەتە قۆناغێکی نوێی خەبات، ئەویش رەتکردنەوەی دەسەڵاتی داگیرکەری دەوڵەتی تورکیا و داواکاری خۆبەڕێوەبەریە لە شارەکانی کوردستان، گەلەکەمان بە سەرجەم چین و توێژەکانەوە بە یەک دەنگ و یەک هەڵوێست دەسەڵاتی ڕژێمی داگیرکەری دەوڵەتی تورک ڕەت دەکەنەوە، لەناو ئەو بەرخۆدانیەش ژنان هاوشانی براکانیان بوونەتە سەمبۆلی ئازادی و بەرخۆدان و وەک قەڵایەک خۆڕاگر لە بەرامبەر دوژمنان وەساونەتەوە."
دایکی کانی جەختی کردەوە، ژنان لە کۆبانێ خەونەکانی ئەردۆغانیان لە گۆڕنا و سەروەریێکی مێژوویی گەورەیان بۆ گەلەکەمان تۆمار کرد و بوون بە ناسنامەی قارەمانێتی ژنان، ناوبراو وتیشی: " لە باکوری کوردستانیش، ئەمڕۆ یان سبەی ئامانج و ئاواتەکانی نەتەوەکەمان بەدی دێت، دواجار لە بەرامبەر خۆڕاگری و بەرخۆدانی گەل بە پێشەنگایەتی ژنان چۆک دادەنێن."
دایکی کانی لە کۆتایشدا وتی: " ئەگەر دوێنێ لە باکور زیلان بە جەستەی خۆی ژیلەمۆی ئازادی داگیرساند ئەمڕٶش هەزاران زیلان لە سەنگەرەکاندا ئامادەیە ببێت بە قەڵغان بەڕووی داگیرکەران ببێتەوە، من دڵنیام خۆری ئازادی لەلولە تفەنگەکانی ژنانی وڵاتەکەم هەڵدێت. بۆیە دەبێت ئێمە لە باشوری کوردستان بە ئەرکی نەتەوەیی خۆمان هەڵسین، هەموومان پشتیوانی خەباتی ئازادیخوازی گەلەکەمان بین، هەوڵ بدەین دەنگی ئازادیخوازیان بگەینیەن کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی، دەبێت ڕەفتاری دوژمنکارانەی دەسەڵاتی ئەردۆغان و حکومەتی ئاک-پارتی شەرمەزار بکەین."
هەروەها لاڤین نورەدین چالاکی بواری ژنان لە شاری کەرکوک، سەرەتا بە توندی ئیدانەی هێرشی دەوڵەتی تورکی کرد بۆ سەر هاوڵاتیان، ناوبراو ڕایگەیاند: "لە بەرامبەر بەرخۆدانی گەل لە باکوری کوردستان، کۆمەڵکوژی، ڕوخاندن و وێران کردنی شارەکان و بێڕێزی کردن بە بەها ئەخڵاقیەکان بوونەتە پیشەی چەتەکانی ئەردۆغان، سەرەڕای ئەوەی هاوڵاتیان دووچاری کۆچپێکردن دەبنەوە شار و گوندەکانیشیان دەسوتێنرێن، وەک دەبینین ئاگری شەڕ ڕۆژبەڕۆژ بەرفراوان دەبێت."
لاڤین لە بەردەوامی قسەکانیدا سەرنجی ڕاکێشایە سەر یارییە سیاسیەکانی حکومەتی "ئاکەپە" و وتیشی: " لێسەندنەوەی "حەسانە" لە پەرلەمانتاران بەشێکە لە سیاسەتی قڕکردنی سەر گەلی کورد و بە واتای کۆتایی هێنانە بە دۆسیەی کورد لە نێو هەموو یاسا و دەستورێک، کە بەدرێژایی چەندین ساڵە گەلی کورد لە پێناویدا تێدەکۆشێت، من بە توندی ئیدانەی بێڕێزیکردنی بەرامبەر بە جەستەی ژنان، دەکەم پێم وایە ئەمەی دەکرێت تەنها بێڕێزی کردن نیە بەرامبەر بە جەستەی ژنێک بەڵکو بێڕێزی کردن و بن پێکردنی مرۆڤایەتیە لە گەڤەر، بۆیە ئێمە وەک ژنانی باشوری کوردستان ناڕەزایی خۆمان دەردەبڕین بەرامبەر ئەو کردەوانەی حکومەتی تورکیا کە بێدەسەڵات بوونی خۆی پیشاندەدات، لە هەمانکاتدا دەسەڵاتی باشوری کوردستانیش کە خاوەن سیاسەتی هاوپشکە لەو تاوانانەدا بە توندی ڕەخنە دەکەین."
(ش ب)