لە ڕادیۆکانی ڕۆژئاوا دەنگی شۆڕشی ژن
14:48
گولان بۆتان/ ژنها
قامیشلۆ- لە ڕۆژئاوای کوردستان ڕۆژبەڕۆژ بەشداری ژنان لە گۆڕەپانی ڕاگەیاندن بەرفراوانتر دەبێت، بەرپرسی بەشی ڕادیۆ لە ڕاگەیاندنی کانتۆنی جزیرە لەوبارەیەوە دەڵێت دەنگی ژن دەنگی ژیانە و دەبێت ژنانی ڕۆژنامەوان کاری زیاتر بکەن بۆ بڵند کردنی ئەو دەنگە.
ژنان لە ڕۆژئاوای کوردستان وەک هەموو بەشەکانیتری کۆمەڵگە پێشەنگن لە کار و خەباتی ڕاگەیاندن، ئەو ژنە ڕاگەیاندنکارانەی کە لە ڕادیۆکانی کانتۆنی جزیرەدا کاردەکەن، لە ڕادیۆی دەنگی ژناندا و لە هەموو ڕادیۆکانیتر ڕۆڵێکی بەرچاو دەگێڕن، لەو بارەیەوە لیلۆز واشۆکانی، بەرپرسی بەشی ڕادیۆ لە ڕاگەیاندنی کانتۆنی جزیرەدابۆ ژنها دوا.
لیلۆز واشۆکانی، وتی: "شۆڕشی ڕۆژئاوا بۆ خۆی شۆڕشێکی ئافرێنەری و ژیانەوەیە، بە گەش بوونی شۆڕشی ڕۆژئاوا ڕاگەیاندنی ئازاد هەنگاوی نوێی نا لە گەیاندن و گواستنەوەی ڕاستی شۆڕش و بەرخۆدانی ژنان، هەرچەند ڕژێمی بەعس وەک هەر بەشێکی ژیانی کۆمەڵگە ڕاگەیاندنیشی خستبووە ژێر فشار و ڕاگەیاندن وەک ئامێرێکی توندوتیژی سەر ژنان بەکاردەهێنرا، بەڵام شۆڕشی ڕۆژئاوا بەرامبەر بەم ئەقڵیەتە، دەروازەی ئازادی ڕامانی بەرەو ڕووی ژناندا کردەوە."
لیلۆز واشۆکانی لە بەردەوامی قسەکانیدا سەرنجی ڕاکێشایە سەر کارو خەباتی ڕادیۆ و بەرەوپێشچونی ڕۆڵی ژنان و وتیشی: "لە کانتۆنی جزیرە ژنان لە ڕێگەی ڕادیۆی دەنگی ژنەوە، خەون و خەیاڵی کپ کراوی سەدان ساڵەیان ڕادەگەیەنن. ژنان بە گەرمی پێشوازی لە ڕاگەیاندنی ئازادی ژنان دەکەن، چونکە دەنگی ژن دەنگدانەوەی ژیانی ئازادە."
لیلۆز واشۆکانی، بەرپرسی بەشی ڕادیۆ لە ڕاگەیاندنی کانتۆنی جزیرە، لە کۆتاییشدا ئاماژەی بە بەشداری و زۆربوونی ڕێژەی ژنان کرد لە ڕاگەیاندا، هەروەها جەختیشی کردەوە: "بەشداریکردنی ژنان لە ڕاگەیاندنی بیسراودا گرنگی زۆری هەیە، چونکە ژنان هەمیشە وەک پێشکەشکاری تەلەڤزیۆنی و کارە دیتباریەکان دادەنرێن و ژنان لە ناو سیستەمی دەسەڵاتداری سەرمایەداری بێڕۆڵ کراوە. بەڵام ئێستا ژنان لە سەر بنەمای گەیاندنی دەنگی ئازادی ژنان کاردەکەن."
(ش ب)