"میدیاکانی دەسەڵات ئەم هەرێمەیان داگیرکردووە"!

16:12

ژنها

سلێمانی- سەرگوڵ نەجمەدین مامۆستا و ڕۆژنامەوان ڕادەگەینێت کە ڕۆژنامەوانی پێویستی بە قەلەمی بوێر هەیە و نابێت لە میدیاکاندا بەو شێوەیە سنورەکانی ئەتیکێتی ڕۆژنامەوانی ببەزێندرێن.

لە ١١٨ یەمین ساڵڕۆژی ڕۆژنامەگەری کوردیدا ڕۆشنبیرانی ژن ڕوانینی جۆراو جۆریان هەیە بۆ ئاستی پێشڤەچوونی ڕۆژنامەگەری لە کوردستان زۆربەشیان نیگەرانن بەو دۆخەی کە میدیای کوردی تێی کەوتوە. سەرگوڵ نەجمەدین مامۆستا و ڕۆژنامەوان ڕایگەیاند: "لە دوو دەیەی رابردوو، ژمارەی كەناڵەكانی راگەیاندن لە كورستان بە شێوەیەكی بەرچاو زیادی كردووە جگە لە میدیای حیزبەكانی هەرێمی كوردستان، چەندەها رۆژنامە و گۆڤار و كەناڵی تەلەڤیزیۆنی و رادیۆی بەناو سەربەخۆ و ئەهلی هاوتا لەگەڵ دەیان پلاتفۆرمی ئینتەرنێت دامەزراون، بەڵام تا ئێستاش سێبەری سیستەمی پیاوسالاری بەسەر ڕۆژنامەگەری کوردیدا زاڵە."

ناوبراو جەختیشی کردەوە: "میدیای ئێمە هەتا ئێستا میدیایەکی پیاوانەیە، بە پێی ژمارەی ڕێکخراو و بنکە ئەدبیەکان بێت، لەڕاستیدا ڕۆژنامەنوسی کورد ئەوانەی کە بەڕاستی ڕۆژنامەو نوسن ژمارەیان لە پەنجەکانی دەست تێپەڕ ناکات، لە ئەمڕۆی ڕۆژنامەنوسی کوردیدا چ بینراو چ وتراو چ نوسراو، دەنگی پیاو زاڵە بەسەر دەنگی ژناندا، بەلام نکۆڵیش لەوە ناکرێت کە ئێمە ژمارەیەک ژنی بە توانا و لێهاتومان هەیە لە بورەکانی ڕاگەیاندندا، هەرچەند ڕەنگە بەکەمیش لە بواری نوسیندا دەرکەوتبن بەڵام توانیویانە سەلیقە و هەبوونی خۆیان بەرجەستە بکەن، ڕۆژنامەنوسی خۆی لە خۆیدا گەڕانە بەدوای ڕاستیەکاندا، هونەرێکە مرۆڤی بوێر و خاوەن باوەڕی دەوێت."

سەرگوڵ دووپاتیشی کردەوە: "ژمارەیەكی زۆر لە میدیاكاران بە ئاگایی بێت یان لە نەزانییەوە بێت سنوورە ئێتیكییەكانی رۆژنامەگەرییان بەزاندووە و رێگا بەخۆیان دەدەن نەك هەر برەو بە كولتوری توندوتیژی لە دژی ژنان بدەن، بەڵكو مافە بنەڕەتییەكانی ژنان پێشێل بكەن. پشت بەستو بە ڕۆشنبیریێکی هەمەلایەنە ئەوەی لێرەدا گشتیە لێشاوێکە لە گۆڤار و ڕۆژنامەو کەناڵی میدیایی دەسەڵات و پارتیەکان کە ئەم هەرێمەیان داگیرکردوە."

سەرگوڵ نەجمەدین مامۆستا و ڕۆژنامەنوس لە کۆتایدا وتی: " ئەگەر بەدوای ژنی ڕۆژنامەوانیش بگەڕێین کە توانیبێتی وێنای ڕاگەیاندنی ژن بکات، ئەمە لە خۆیدا پێویستی بە گەڕانێکی مەیدانی هەیە. چونکە ڕۆژنامەنوسانی ژن چەندین ئەرک و بەرپرسیارێتیان لە ئەستۆدایە، بەڵام ئەگەر ئێمە کاردەکەین، وەک ژنانی ڕاگەیاندکار، بەتایبەتتر، دەکرێ چالاکتر بین لە هەڵسەنگاندنی پێگەی خۆماندا بۆ گۆڕانکاریی ڕیشەیی کۆمەڵایەتی لە کۆمەڵگەدا و هۆشیار بین لە سیاسەتی بەکاڵاکردنی ژنان، گرنگە لە پەرەدان بە کاری ڕاگەیاندن لەلایەن ژنانەوە چەمکی پێداگری و بەردەوامی، نەفەسدرێژی بە بنەما بگرین. زمانی کۆلێکتیڤ و دور له‌ پۆپیۆلیزم، زمانی بابه‌تی دور له‌ ڕیسواکردن و ڕه‌خنه‌ی ڕوخێنه‌ر، زمانی بێسازش لەسەر مافەکانی مرۆڤ بەتایبەتی مافی ژن و منداڵ، زمانی ئاشتیی کۆمه‌ڵایه‌تیی دور له‌ زمانی شه‌ڕ و تاودان، زمانی پێکه‌وه‌ ژیان و دور له‌ پارچه‌کردن و زاڵپه‌رستی، زمانی دیالۆگ دور له‌ سه‌رده‌ستی، زمانی ژن دور له‌ زمانی پیاوسالاریی پێویستە، بۆ ئەوەی بتوانین کۆمەڵگەیەک یەکسان بونیاد بنێین."

(ش ب)