یه‌که‌مین ڤیستیڤاڵى که‌له‌پورى شەهید گەنجۆ به‌ڕێوه‌چوو

19:48

ژنها

هەڵەبجە- ئه‌مڕۆ 22ى نیسان له‌ گوندى کوڵکنى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌، به‌ پێشه‌نگایه‌تى کۆمەڵەی گه‌نجانى وڵاتپارێزى کوردستان و له‌ژێر دروشمى "به‌ پێشه‌نگایه‌تى گه‌نجان به‌رخۆدان گه‌وره‌ ده‌که‌ین ، تێپه‌ڕاندنى قه‌یران و ده‌سه‌ڵات مسۆگه‌ر ده‌که‌ین" ، یه‌که‌مین ڤیستیڤاڵى که‌له‌پورى گه‌نجانی شه‌هید گه‌نجۆ حه‌سه‌که‌ به‌ڕێوه‌چوو .

سەرەتای فیستیڤاڵەکە نەورۆز سۆران لەسەر ناوی کۆمەڵەی گەنجانی وڵاتپارێز وتەیەکی پێشکەشکرد و بەخێر هاتنی سەرجەم ئامادەبووانی کرد، نەورۆز ڕایگەیاند کە ئامانجیان لەو فیستیڤاڵە برەودانە بە توانای گەنجان و کۆکردنه‌وه‌ى کلتور و فه‌رهه‌نگى هه‌ر چوار پارچه‌ى کوردستانە.

فیستیڤاڵەکە بە ئامادەبوونی جەماوەرێکی زۆر و ئەندامانی ڕێکخراوی ژنانی ئازادیخواز، تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان، نوێنەرانی پارتی یەکێتی دیموکرات و چەندین کۆمەڵەی گەنجان بەڕێوەچوو.

هەروەها لە فیستیڤاڵەکەدا چەندین گروپی کەلتوری و هونەری وەک گروپەکانی: شه‌هید ئامه‌د قامیشلۆ، گروپى شانۆیى داقوق، گروپى شه‌هید کاروان گابار، گروپى شانۆیى شه‌هید ده‌ستینا، گروپى کوردستان، کۆما شه‌هید به‌رچه‌م(لە کامپی شەهید ڕۆستەمەوە ئامادە ببوون)، گروپى شانۆیى که‌رکوک شه‌هید خه‌لیل، گروپى هه‌ورامان، گروپى گه‌نجانى قه‌سرێ، گروپى هه‌ڵپه‌ڕکێى دیجله‌ و لەگەڵ چەند هونەرمەندێکی میلی ئامادەبوون و بەرهەماکانیان پێشکەش کرد.

بەرهەمەکانیشیان بریتی بوون لە کۆمه‌ڵێک‌ چالاکى وەک؛ گۆرانى، هه‌ڵپه‌ڕکێ، شانۆگەری و نمایشکردنی بەرهەمی فۆلکۆری کوردی.

یه‌که‌مین ڤیستیڤاڵى که‌له‌پورى گه‌نجانی شه‌هید گه‌نجۆ حه‌سه‌که‌، لە بەیانیەوە دەستی پێکرد تا کاتژمێر پێنجی ئێوارە بەردەوام بوو.

(ش ب)