هێزەکانی ئاسایش ئاگربەستی کاتیان ڕاگەیاند
11:15
ژنها
قامیشلۆ ــ بەرپرسی ئاسایشی گشتی کانتۆنی جزیرە، سەبارەت بە دواین دۆخی شەڕی قامیشلۆ و ڕاگەیاندنی ئاگربەست ڕایگەیاند کە بە نێواندگیری چەندین لایەن و لەسەر داوای هێزەکانی ڕژێم لە کاتژمێر ٣ بەدواوە ئاگربەستێکی کاتی ڕاگەیەندراوە.
ئایتان فەرهاد بەرپرسی ئاسایشی گشتی کانتۆنی جزیرە، سەبارەت بە شەڕی قامیشلۆ کە لە ئەنجامی هێرشی چەتەکانی ڕژمێدا ڕوویدا و دەیان کەس گیانیان لەدەستدا و ژمارەیەکی زۆر خەڵکی مەدەنی بریندار بوون زانیاری گرنگی بە ئاژانسەکەمان دا، ئایتان وتی: "لەسەر داخوازی ڕژێمی بەعس لە کاتژمێر ٣ ی نیوەڕۆ بەدواوە ئاگربەستێکی کاتی ڕاگەیەندراوە."
ئایتان لە سەر پەیوەندی شەڕی قامیشلۆی نێوان هێزەکانی یەپەگە/ ئاسایش و ڕژێمی بەعسدا وتی: " ٢٠ ی مانگ لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ڕژێمی بەعسەوە هێرش دەستی پێکرد، پێش ڕووداوەکەش چەندین کەسی مەدەنی دەستگیر کرابوون، هەڕەشە لە گەل و کارمەندان کرابوو، بۆیە لە ٢٠ ئەم مانگەدا کاتێ کە گروپێکی هێزەکانی ئاسایش بەپێش هێزەکانی ڕژێمدا ڕەت دەبن، لەلایەن هێزەکانی ڕژێمەوە گوللە باران دەکرێن، هەروەها گروپێکی تری ئێمەش دەخەنە کەمین، بەو جۆرە شەڕ دەستی پێکردوو سێ هەڤاڵمان لەوێدا شەهید دەبن، دوای شەهید بوونی ئەو هەڤاڵانەمان قینێکی گەورەی تۆڵەسەندنەوە لەناو گەلدا دروست بوو گەلیش لەسەر بنەمای پاراستنی ڕەوا بەرخۆدەدات، بەدرێژایی ڕۆژ شەڕ بەردەوام بوو."
بەڕێوەبەری گشتی ئاسایش لە کانتۆنی جزیرە، لە بەردەومی قسەکانیدا وتیشی: "دانوستاندن و چاوپپێکەوتنمان ئەنجام داوە بەڕێگەی چەند لایەنێک کە ویستیان نێوانگیری بکەن، بۆیە لە دۆخێکی وەهادا پێکدانەکانمان وەستاند، بەڵام سەرەڕای ئەوەش هێزەکانی رژێم هێرشەکانیان نەوەستاند، بەچەکی قورس هێرشیان کردە سەر هاوڵاتیان، بەتایبەتیش لە بەرامبەر گەڕەکی قدوربەگ، سەیاحی و لەسەر سنور بە هاوەن هێرشی سەختیان ئەنجامدا، چەندین ماڵیان وێران کردوە، ئەمەش سیاسەتی شەڕی تایبەتی ڕژێمی ئەسەد پیشان دەدات لەبەرامبەر گەلان."
ئایتان فەرهاد ئاماژەشی بەوەکرد کە هاوڵاتیان لەبەرامبەر هێرشەکانی ڕژێم بە هەڵوێستی پاراستنی ڕەوا وەڵامیان دایەوە و ناوبراو وتیشی: "کاتێک شەڕەکە پەرەی سەند، هێزەکانی ڕژێم داوایان کرد کە پێکدادانەکان بوەستێنین، چونکە لەلایەن هێزەکانمانەوە گورزی سەختیان بەرکەوت، گەلی کورد لە بە هەڵوێستێکی بەهێزەوە خاوەنداری لە شەهید و بریندارەکانی کرد، ئەمەش زیاتر ڕژێمی ئەسەدی ترساند. هەروەها لە ئەنجامی بەرخۆدانیێکی مەزندا گرتووخانەی عەلایا لە دەست هێزەکانی رژێم دەرهێنرا، هەورها گیراوانیش ئازادکران."
ئایتان فەرهاد بەرپرسی ئاسایشی گشتی کانتۆنی جزیرە، لە کۆتایشدا جەختی کردەوە کە ئاگربەستێکی کاتی ڕاگەیاندراوە: "ئەو ئاگر بەستەی ڕاگەیاندراوە کاتییە، هێزەکانمان و هێزی ڕژێم لە شوێن خۆیان وەستاون، بەڵام هەر نزیکبوونەوەیەکی چەوت لەبەرامبەر گەلەکەمان، یان هەوڵی دەستگیرکردنی هاوڵاتیان بدەن، یان هێرشێک ئەنجام بدەن ئەوا ئێمە لەچوار چێوەی بنەماکانی پاراستنی ڕەوادا بەرگری لە گەلەکەمان دەکەین."
(ش ب)