زۆرێک لە منداڵانی جزیرە لە سکی دایکیان کوژران

16:09

ژنها

شرناخ- لە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر شاری جزیرەی باکوری کورستان، لانی کەم ٢٥١هاوڵاتی گیانیان لەدەستدا، هەروەها تا ئێستا ژمارەی ئەو منداڵانەی لە سکی دایکیاندا کوژراون دیار نەکراوە.

لە ئەنجامی سیاسەتی شەڕخوازی و شەڕی دەوڵەتی تورک و هێرشی ٧٩ ڕۆژەی سەر شاری جزیرەی باکوری کوردستان، زیاتر لە ٢٥١ هاوڵاتی گیانیان لەدەستدا، سەرەڕای ئەوەی گومان دەکرێت تەرمی زۆرێک لە هاوڵاتیانیش لە ژێر داروپەردووی ڕووخاوی ماڵەکاندا مابێتەوە، یان دەوڵەت شاردبێتیەوە، هەروەها جگەلەمەش ژمارەیەکی زۆر لەو ژنانەی کە لەلایەن هێزەکانی دەوڵەت کرانە ئامانج دووگیان بوون، یان زۆرێک ژنان لە لە ئەنجامی شەڕدا منداڵەکانیان لە بارچوو، بۆیە ژمارەیەکی زۆر لە منداڵان لە سکی دایکیاندا کوژران، بەڵام تا ئێستا ژمارەی تەواوی ئەو منداڵانە نەزانراوە.

زەکیە ئەرەن دایکی حەوت منداڵە یەکێکە لەو ژنانەی کە کۆرپەلەکەی لەدەستداوە و دەڵێت: "کاتێک بریاری قەدەغەیان ڕاگەیاند دووگیان بووم، ماوەی ٢٠ ڕۆژ لە ماڵدا گیرمان خوارد، نەماتوانی دەرچین، دوای ئەوەی هێرشەکان زۆر دژوار بوون منیش ناچار بووم منداڵەکانم بگرم و بچم بۆ گەڕێکێکی تر و چووم بۆ ماڵی باوکم، کاتێک شەڕوپێکدادانەکان بەشێوەیەکی سەخت بەڕێوەدەچوون، شەوێک لەخەو هەڵسام و بینیم هەموو گیانم لە خوێندا ماوە، خزمەکانم منیان لەناو بەتانیێک پێچاو بە ئاڵای سپی منیان برد بۆ نەخۆشخانە، هێشتا بەڕێوە بووم کە منداڵەکەم لەبەرچوو، ئەگەر شەڕ نەبووایە کۆرپەلەکەم نەدەمرد، هیچ تاوانێکی نەبوو، بووە قوربانی شەڕی دەسەڵاتی ئاکەپە."

عایشە سەڤگین ژنێکیترە کە لە ئەنجامی هێرشەکاندا منداڵی لەبەرچووە، عایشە بەوشێوەیە باسی لە ژیانی ناو شەڕ و زەحمەتیەکانی خۆی کرد: "بەر لەوەی بڕیاری قەدەغەی هاتوچوو ڕابگەیەندرێت هەر ڕۆژ دەچوم بۆ لای دکتۆر، تەندروستی کۆرپەلەکەم زۆرباش بوو، بەڵام دوای ئەوەی هێرشەکانی دەوڵەت سەختتر بوون و چەکی جۆراوجۆریان بەکار هێنا زۆر دەترساین ڕۆژێک سەربازان هەڵیاکوتایە سەر ماڵەکەمان و کاتێک دەرگام کردوە هەمووان خۆیان کرد بە ژووردا، منیش بۆ ئەوەی منداڵەکانم بپارێزم خۆم فڕێدایە سەر منداڵەکانم، دوای ئەوەی ویستم هەڵسمەوە سەرپێ دەست و قاچم شل بوون، دوای ئەوەی زانیم شتێک بەسەر کۆرپەلەکەم هاتووە بە هەموو هێزی خۆم قیژاندم، دایکم ئەمبۆلانسی خواست، دوای ئەوەی گەیشتمە نەخۆشخانە دکتۆر پێی وتم کۆرپەکەت مردوە و دەستبەجێ نەشتەرگەریان بۆ کردم."

عایشە باسی لەوەکرد کاتێک لە نەخۆشخانە دەرچووە نەخۆشەوانەکە دوو مندڵانی مردووی داوەتە دەست کە یەکێکیان هی ژنێکیتر بووە، ئەویش بە هۆی شەڕ منداڵی لەبارچووە، بەڵام منداڵەکەی خۆی لەنەخۆشخانە هێشتووە، عایشە وتیشی: "هەردوو کیانم هێنا، بەلام بەهۆی بەردەوامی هێرشەکان نەمتوانی بیان نێژم و لە کۆنی پرسە دامنان، دوتریش نازانم چیان بەسەر هات."

(ش ب)