١٧١ وڵات واژۆیان لەسەر ڕێكکەوتنی گۆڕانکاریی کەشوهەوا کرد
09:21
ژنها
ناوەندی هەواڵ- بەمەبەستی ڕووبەڕوبوونەوەی دیاردەی پەنگخواردنەوەی گەرمی زەوی کە هۆکارەکەی دەرچوونی غازە کاربۆنییەکانە بۆ ناو بەرگەهەوا، ١٧١ دەوڵەت لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە شاری نیویۆرک ئیمزایان لەسەر ڕێكکەوتنە نێودەوڵەتییەکەی پاریس کرد.
بە پارچە میوزیکێک ڕێوڕەسمى واژۆکردنی ڕێكکەوتنە نێودەوڵەتییەکەى پاریس تایبەت بە گۆڕانکاریی کەشوهەوای گۆی زەوی بە ئامادەبوونی نوێنەری ١٧٥ وڵات لەبارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان دەستیپێکرد.
لەدەستپێکی کۆبوونەوەکەدا، بان کیمۆن سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، ئەوان لەو هۆڵەدا کۆبوونەتەوە بۆ شکاندنی ژمارەی پێوانەیی لە واژۆکردنى ڕێكکەوتنێک لەماوەی یەک ڕۆژدا، وتیشی ڕاستە ئەوە کارێکی باشە و جێگەی ستایشە، بەڵام گرنگتر ئەوەیە شکاندنی ژمارەی پێوانەیی لە دەرەوەی هۆڵەکە تۆماربکرێت، بەشێوەیەک هەر وڵاتە لای خۆیەوە هەوڵ بدات ڕێگە بگرێت لە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی گۆی زەوی و توانەوەی سەهۆڵی جەمسەرەکان و دابەزاندنی ئاستەکانی کاربۆن لەبەرگە هەوادا.
بەپێی ڕێكکەوتنەکە کە ١٧١ دەوڵەت واژۆیان لەسەرکرد، سنورێک بۆ دەرچوونی گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن بۆ ناو بەرگە هەوای گۆی زەوی دادەنرێت کە هۆکاری دروستبوونی دیاردەی پەنگخواردنەوەی گەرمیە.
چین و ئەمەریکاش کە پێکەوە بەرپرسن لە دەرچوونی ٣٨% ی قەبارەی دەرچوونی غازە کاربۆنییەکان بۆ ناو بەرگە هەوای گۆی زەوی، ڕەزامەنديیان نیشانداوە لەسەر واژۆکردنی ڕێكکەوتنەکەی پاریس.
کۆنگرەکەى پاریس لە مانگی کانونی یەکەمی ساڵی ڕابردوودا کە بەرهەمى ئەم ڕێککەوتنە و واژۆکردنى بوو، ئەو وڵاتانە پابەند دەکات کار بۆ دابەزاندنی پلەکانی گەرمای گۆی زەوی بۆ زیاتر لە ٢ پلەی سەدی بکەن، کە ئەوەش هێندە ئاسان نیە بەو پێیەی دەبێت ئەو وڵاتانە ملیاران دۆلار خەرج بکەن تا لەبری بەکارهێنانی سەرچاوەی وزەی پیسی وەک نەوت و خەڵوز بە سەرچاوەی وزەی پاکی وەک تیشکی خۆر و وزەی با بەکاربهێنن.
بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ڕێكکەوتنەکە لەڕووی کردارییەوە ناچێتە بواری جێبەجێکردنەوە تا پەرلەمانی ٥٥ دەوڵەت پەسەندی نەکەن، کە وڵاتەکانیان بەرپرسن لە دەرچوونی ٥٥% ی غازە کاربۆنییەکان بۆ ناو بەرگەهەوای گۆی زەوی بەهۆی چالاکییە مرۆییەکانیانەوە.
لەو چوارچێوەیەدا نەتەوە یەکگرتووەکان جەختی کردەوە، لەکاتی جێبەجێکردنی تەواوی ڕێكکەوتنەکە، چاوەڕوان ناکرێت قەبارەی غازە کاربۆنییەکان بەو ڕادەیە کەمبکرێنەوە کە بڕیاری لەسەردراوە.
بەپێی ڕاپۆرتیکی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ٣ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا شەپۆلێک گەرما و وشکە ساڵى و بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی دەریاکان لە نیوەى باشوورى گۆى زەوى تۆمارکران، کە بە ئاستی پێوانەیی لە ڕووی پلەکانی گەرما ناودەبرێت، لەو کاتەوەی کە دەستکرا بە تۆمارکردنی پلەى گەرمی جیهان لە سەدەی نۆزدەهەمدا.
لە مانگی ڕابردوشدا بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لە سەر ڕووبەرە ئاوییەکان کە بەهۆیەوە بەشێک لە شاخە سەهۆڵەکانی جەمسەری باشوری گۆی زەوی توانەوە، زیانی گەورە بە پۆلە مەرجانە مەزنەکان گەیشت.
زۆرترین ئەو وڵاتانەش کە ڕوبەڕووی کاریگەریی گۆڕانکاریی کەشوهەوا بوونەتەوە، ئەو وڵاتانەن کە لە دوورگە پێکهاتوون و بەرزبوونەوەی ئاستی دەریاکان بەهۆی توانەوەی سەهۆڵی بەستەڵەکانەوە کاریگەریی مەترسیدار لەسەریان دروست دەکات.
(ش ب)