سلێمانی؛ بەڕێوەچوونی مەراسیمی پرسەی شەهید ڕەسوڵ عەلەمهولی

09:11

ژنها

سلێمانی- دوێنێ لە شاری سلێمانی بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆری هاوڵاتیان مەراسیمی پرسەی گەریلای هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) شەهید ڕەسول عەلەمهولی ناسراو بە (باگەر جودی) بەڕێوەچوو.

دوێنێ یەکشەمە کاتژمێر ٢ی پاش نیوەڕۆ له‌ هۆڵی ئه‌کواپارک شاری سلێمانی مەراسیمێک بۆ پرسەی شەهید ڕەسول عەلەمهولی ناسراو بە (باگەر جودی) که ‌له‌ گه‌ڵ حه‌وت هه‌ڤاڵی تردا له‌ رۆژی ١٤ی نیسان له‌ شاری ئامه‌دی باکوری کوردستان له‌ به‌رخودانێکی بێوێنه‌دا گیانیان به‌ختکردبوو، بەڕێوەچوو.

لەمەراسیمەکەدا کەسوکاری عەلەمهولی و ژمارەیەک زۆر لە ڕێکخراو و لایەنی سیاسی مەدەنی و هاوڵاتیان ئامادەبوون. مەراسیمەکە بە خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێکرد و وەک ڕێزگرتن لەلایەن کەسوکاری شەهید مۆم داگیرسێنران.

پاشان شێخ عەبدولڕەحمان نەقشبەندی، وتەیەکی پێشکەش کرد و وتی: "رۆڵەکانمان شەهید دەکرێن، دوژمن و داگیرکار چەواشەبوون و بە هەڵەدا چوون، وادەزانن بەو شێوەیە بەرخۆدانی گەلەکانمان سارد دەکەنەوە و ئێمە دەتۆقێنن و دەست لە مافی رەوای خۆمان هەڵدەگرین، بەڵام بە پێچەوانە هەتا لێمان بدرێت ئەوا ئێمە زیاتر رق ئەستور دەبین و بە دوای مافە رەواکانی خۆماندا دەڕۆین، وە مژدەتان دەدەینێ چارەنوسی ئەو سەرۆک ودەسەڵاتدارانە و کەسایەتیانەی کە زوڵم وستەم لە گەلەکانیان دەکەن دەڕزێن و کڕمۆڵ دەبن و ئەو هەموو زرێپۆش و تانکەی هەیانبوو داڵدەیان نادات".

لە مەراسیمەکەدا لەسەر ناوی بنەماڵەی شەهید مەلەک عەلەمهویی، پەیامێک پێشکەش کرا، لە پەیامەکەدا سڵاو و سەرەخۆشی ئاراستەی بنەماڵەی هەر حەوت گەریلای شەهید کرا کە لەگەڵ هەڤال باگەر گیانیان بەختکردبوو، هەروەها باس لە گرنگی تێکۆشانی نەتەوەیی گەلی کورد کرا، هاوکات ئاماژە بە هێرش و سیاسەتی لەنێوبردنی دەوڵەتانی داگیرکەر بەرامبەر بە گەلی کورد کرا و پێویستی پتەوکردن و پشتیوانی کردنی باکوری کوردستان ڕاگەی، کە لە قۆناغێکی مێژووییدا تێپەڕ دەبێت.

هەر لە مەراسیمەکەدا شەرڤین مەزلوم لەسەر ناوی پارتی ئازادی ژیانی کوردستان(پژاک) و لەسەر ناوی کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵات (کژار) پەیامێک پێشکەش کرا، شەڤین مەزلوم سەرەتا سەرەخۆشی لە بنەماڵەی شەهید و سەرجەم گەلی کورد کرد، ناوبراو وتی: "دوژمنانی گەلی کورد، چ لە ژێر ناوی گروپە ئیسلامیەکان، یان وەک هێزی دەوڵەتی تورک یاخود ڕژێمی ئێران، لە سەرتاسەری کوردستان بە یەک ئامانج لە بەرامبەر گەلەکەمان شەڕ دەکەن و کۆمەڵکوژی پێکدێنن، بۆ ئەمەش چەندین ڕێککەوتن و هاوپەیمانیان واژووکردوە، بەڵام کەسایەتی وەک هەڤاڵ باگەڕ بە خوێنی خۆیان سنورە دەستکردەکانیان سڕیوەتەوە و شکستیان بە پلانی دوژمنان هێناوە."

پاشان سینەفزیۆنێک لەسەر خەبات و ژیانی ڕەسول ئەلەمهولی ناسراو بە باگەڕ جودی پیشاندرا.

لە بەردەوامی مەراسیمەکەدا وتاری هەریەک لە ڕێکخراوی ژنانی ئازاد، تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان، نوێنەرایەتی ڕۆژئاوای کوردستان لە هەرێمی کوردستان و چەندین بروسکەی سەرەخۆشی و پەیامی لایەنە سیاسی و مەدەنیەکان پێشکەشکران و خوێندرانەوە.

هەر لەو مەراسیمەدا مەلەک ئەلەمهولی خوشکی شەهید، بۆ ژنها دواو وتی: "سەرەخۆشی لەگەلی کورد دەکەم، سەری دایکی شەهیدان و هەڤاڵانی خۆشبێت، وەک بنەماڵەی ئەلەمهولی پێنجەمین شەهیدمانە کە بۆ خەباتی ئازادی گەلی کورد دەیبەخشین، بۆ ئێمە جێگەی شانازیە، چونکە لەپێناو مافی گەلی کورد گیانیان بەختکردوە، هەڵبەت ماف شتێک نیە کەببەخشرێت هەمیشە دەسەنرێت، ئەمەش بەخوێن و گیان بەدیدێت، بۆیە بەردەوامی بە تێکۆشان دەدەین لە سەر ڕێبازی هەڤاڵ باگەڕ و سەرجەم شەهیدان."

شه‌هید باگەر جودی، گه‌ریلای هه‌په‌گه‌ بووه‌ و خه‌ڵکی شاری ماکۆی رۆژهه‌ڵاتی کوردستانه،‌ وه‌ پێنجه‌مین شه‌هیدی بنه‌ماڵه‌که‌یه‌تی، که ‌له‌گه‌ڵ حه‌وت هه‌ڤاڵی تردا له‌ رۆژی ١٤ی نیسان له‌ شاری ئامه‌دی باکوری کوردستان له‌ به‌رخودانێکی بێوێنه‌دا گیانیان به‌ختکرد.
(ش ب)