لەپێناو خەونی منداڵیدا تێدەکۆشێ
09:57
ژنها
کۆبانێ ــ فاتمە دایکی دوو منداڵە، بۆ ئەوەی خیانەت لە خەونی منداڵی خۆی نەکات، ئێستا لەگەڵ منداڵە شەش مانگانەکەی ڕۆژانە دەچێتە ئاکادیمیای شەهید ڤیان ئامارا و پەروەردەی زمانی کوردی دەبینێ، بۆ ئەوەی ببێتە مامۆستای خوێندنگەی گوندەکەی خۆی.
فاتمە عەبدوڵا لە ساڵی ١٩٩٦ لە گوندی بیر عەرەبی ڕۆژهەڵاتی کۆبانێ لەدایک بووە، تا پۆلی شەشەمی سەرەتایی خوێندوەو لەبەر زیهنیەتی فیوداڵی و بارودۆخی خێزانەکەی دەست لە خوێندن بەردەدات.
خوێندن و نوسین خەون و ئامانجی فاتمە بوو، بەڵام تا کاتی شۆڕشی ڕۆژئاوا دەرفەتی خوێندنی نابێت و ژیانی هاوبەشی پێک دەهێنێت.
"هیوای ئەو دووبارە دەژیێتەوە"
لەگەڵ شۆڕشی ڕۆژئاواو کردنەوەی دەزگا، ئاکادیمی و پەیمانگای زمانی کوردی، فاتمە جارێکی تر دوای پێکهێنانی خەونەکانی منداڵی دەکەوێت. لە ئاکادیمیای شەهید ڤیان ئامارا کە بۆ ئامادە کردنی مامۆستایان کراوەتەوە ناوی خۆی تۆمار دەکات و بەشداری ئاکادیمیا دەبێت.
فاتمە ئێستا هەم لە ئاکادیما دەخوێنی هەم ئەرکی دایکایەتی خۆی بەجێ دەهێنێت. ڕۆژانە لەکاتژمێر پێنجی بەیانی هەڵدەستێت و دەست بە خەباتی ژیانی ڕۆژانەی خۆی دەکات.
ئەوکاتەی دەچێت بۆ خوێندن، لە گوندی سەرزورەوە کە ٣٢ کم لە ناوەندی کۆبانێ وە دورە بەرەو ئاکادیمیا ڕێ دەکەوێت و بەشیر کە یەکێک لە منداڵەکانیەتی و تەمەنی یەک ساڵ و نیوە لەلای داپیرەی دەهێڵێت و مستەفا کە منداڵە بچوکەکەیەتی و تەمەنی شەش مانگە لەگەڵ خۆی دەباتە ئاکادیمیا.
ئاکادیمیا لە کاتژمێر ٠٨:٠٠ دەست پێدەکات و خوێندنی وانەکان تا کاتژمێر ٢:٠٠. دەخایەنێت. مستەفای شەش مانگانە لەگەڵ دایکی بەشداری هەموو وانەکان دەبێت، فاتمە ناچارە پێیویستیەکانی ئەو پێک بێنێت و گوێش لە وانەکان بگرێت، هەر بۆیە فاتمە توشی ئاستەنگیەکی زۆر دەبێت، بەڵام سەرەڕای ئەوەش پێداگری لەسەر فێربوونی زمان دەکات تا ببێتە مامۆستاو منداڵانی گوندەکەی خۆی پەروەردە بکات.
هاوڕێیانی فاتمە لە ئاکادیمیا بەتەنها نایهێڵنەوە هاوکاری دەکەن.
تا ئەم ساتە فاتمە بە بڕیارە کە ٨ مانگ لە ئاکادیمیای شەهید ڤیان ئامارا لە خوێندن بەردەوام بێت و دواجار ببێتە مامۆستا.
(ش ب)