ژنانی تل تەمەر: بە تێکۆشان گۆشەگیری ئیمڕالی دەشکێنین
09:59
سۆرگول شێخۆ/ژنها
تل تەمەر- مامۆستانی ژن لە پەیمانگای شەهید ژیان لە شارۆچکەی تل تەمەر گۆشەگیری سەر عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان وەک تاوانێکی دوور لە مرۆڤایەتی هەڵسەنگاند و ڕایانگەیاند کە کەس ناتوانێت ئیرادەی ئەوان بشکێنێت و ڕێگە نادەین گۆشەگیری بگاتە ئامانج.
ڕۆژبەڕۆژ ناڕەزایی و کاردانەوەکانی بەرامبەر گۆشەگیری قورسکراوی سەر عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری پەکەکە زیاتر دەبێت، مامۆستایانی ژن لە پەیمانگای شەهید ڤیان لە شارۆچکەی تل تەمەری سەر بەکانتۆنی جزیرەی ڕۆژئاوای کوردستان، لەوبارەیەوە ناڕەزایی خۆیان دەڕبڕی و ئیدانەی گۆشەگیریان کرد.
"بە برەودان بە تێکۆشان گۆشەگیری دەشکێنین"
گولستان حەسەن، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری لە پەیمانگای شەهید ژیاندا لەوبارەیەوە وتی: "ڕێبەر ئاپۆ خاوەن گەورەترین ڕەنجە بۆ تێکۆشانی ئازادی ژنان، ئێمە وەک ژنانی کورد لەبەرامبەر گۆشەگیری قورسکراوی سەر ڕێبەرەکەمان بێدەنگ نابین و وەک هەڕەشەی سەر ژیانمان دەیبینین. ئێمە بە پێشخستنی تێکۆشانمان کاردەکەین بۆ کۆتایی هێنان بە گۆشەگیری و هێرشەکانی سەر ڕێبەر ئاپۆ."
ناوبراو وتیشی: "ئامانجی دوژمنانی گەلەکەمان لە گۆشەگیر کردنی رێبەر ئاپۆ، دورخستنەوەیە لە گەل، نایانەوێت بیر و ڕامانی خۆی بگەیەنێتە گەلان و کۆمەڵگە، بەڵام هەرگیز ناتوانن بگەن بە ئامانجەکانیان، ئامانج و خەونەکانیان لەو کاتە پوچەڵ بۆتەوە کە ڕێبەر ئاپۆیان دەستگیرد."
"تێکۆشان بە فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ سەرکەوتنی بەدەستهێناوە"
هەروەها هەر لەسەر ئەو مژارە مامۆستا جیهان ئەمین، سەرەتا بە ئاماژە کردن بە بەرخۆدانی ئێستای گەل دەستی بە قسەکانی کرد مامۆستا جیهان ڕایگەیاند: "تێکۆشانی گەل بە ڕامان و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ گەیشتۆتە ئامانج و سەرکەوتنی لە مێژووی مرۆڤایەتی و کوردا تۆمار کردوە. هێزە زلهێزەکان لەلایەک بە شەڕ کردن بەرامبەر تێکۆشانی گەل و لەلایەکیتر بە گۆشەگیر کردنی ڕێبەر ئاپۆ، دەیانەێت شۆڕشی گەل بشكێنن."
مامۆستا جیهان جەختی کردەوە: "سەرەڕای هەموو هێرش و پلانەکانیان لەسەر ڕێبەر ئاپۆ، ڕێبەرمان ئامانجی خۆی بەدیهێناوە، گۆشەگیر کردنی گیراوێک دورە لە مرۆڤایەتی، ئێمە بە توندی ئیدانەی کارە ناڕاوە و نایاساییەکانی دەوڵەتی تورک دەکەین، پێیان دەڵێین؛ زوڵم نیشانەی کۆتایی تەمەنی دکتاتۆرەکانە."
ماوەی ١٨ ساڵە عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری پەکەکە، لە ژێر هەلومەرجی سەختی زیندانی دورگەی ئیمراڵی ڕادەگیرێت، هەروەها لە (٥-٤-٢٠١٥)وە ڕێگە نەدراوەو هیچ کەس لەپارێزەرانی و بنەماڵەکەی چاویان پێیبکەوێت.
(ش ب)