جەننا جیهاد، بچوکترین ڕۆژنامەنوسی فەلەستین

13:11

ژنها

ناوەندی هەواڵ- جەننا جیهاد تەمەن ١٠ ساڵان، خەڵکی وڵاتی فەلەستینە و کاری ڕۆژنامەوانی دەکات، جەننە ئازار و مەینەتیەکانی وڵاتەکەی بە جیهان ڕادەگەینێت.

جەننا لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە ٢٤ هەزار کەس چاودێری هەواڵ و بابەتەکانی دەکەن، ڕادەگەنێت: " چونکە ژمارەی ڕۆژنامەنوسان زۆر کەم بوو، زۆر جار ڕووداوێک ڕووی دەدا کەس نەبوو هەواڵەکەی ڕابگەیەنێت منیش دەستم کرد بە کاری ڕۆژنامەوانی."

جانان لە گوندێکی فەلەستین بەناوی "نەبی سلاح" لە دەژیت و نزیکەی ساڵ و نیوێکە کاری ڕۆژنامەگەری دەکات. جەننە دوای ئەوەی دەبینێت ڕاستیەکان ون دەبن، سەرەتا بە مۆبایلەکەی وێنەی ڕووداوەکان دەگرێت و پاشانیش کامێرایەک پەیدا دەکات و بە شێوەیەکی فەرمی دەست بە کاری ڕۆژنامەوانی دەکات.

جەننا لەناو هەموو چالاکی و خۆپیشاندانەکان دایە و ڕووماڵی هەواڵ و چالاکیەکانی بەرامبەر دەوڵەتی داگیرکەری ئیسرایل دەکات، هەروەها باس لەو مەینەتیانە دەکات کە بەهۆی شەڕو داگیرکاری لە وڵاتەکەیدا سەریان هەڵداوە.

جەننا جیهاد دەڵێت: زۆر جار کاتێک ڕووبەڕووی سەربازانی ئیسرایل دەوەستم و وێنەیان دەگرم وادەزانن کە یاری دەکەم، نازانن کە من کارێک دەکەم.

جەننا جەختیش دەکاتەوە کە ئەو لەناو شەڕ و زەحمەتیەکانی ژیان چاوی بە ژیان هەڵێناوە و هەرواش گەورە بووە، بۆیە هیچ ناترسێت لە دەنگی چەک و تەقینەوە.

(ش ب)