ژنێک لەناو پەرلەمانی هەرێم هەڕەشەی خۆکوشتن دەکات

09:23

ژنها

هەولێر- چیمەن عوسمان دوای ئەوەی ماوەی دوو ساڵ لە ناو سەختی و نەهامەتیەکانی ژیان دادەژیت و داداگاکانی دەسەڵاتیش وەڵامی نادەنەوە لەناو تەلاری پەرلەمانی كوردستان هەڕەشەی خۆكوشتنی کرد و ڕایگەیاند کە ڕەنگە هەواڵێک بێت و بڵێن لەناو پارکێکی سلێمانی خۆم کوشتوە.

چیمەن عوسمان عەزیز رایگەیاند: "ماوەی دو ساڵە جیابومەتەوە و ‏دایكی چوار منداڵم، دو كچ و دو كوڕ، كە نازانم ژیانی ئەو منداڵانە چۆن دەگوزەرێت و ماوەی دو ساڵە بەم ‏ئازارەوە دەتلێمەوە و هانام بۆ چەندین رێكخراو و دەزگا بردووە، ماوەی دوو ساڵە جێگای مانەوە و ماڵی من، ‏یان پاركی دایكە یان پاركی ئازادی، بۆیە داوا لە بەرپرسانی حكومەتی هەرێم دەكەم كە یارمەتیم ‏بدەن."

چیمەن عوسمان عەزیز پەیامێك ئاراستەی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات و داوا دەكات كە ‏بە رێگای یاسایی یارمەتی بدرێت و ژیانی لە مەترسی بپارێزرێت و لە پەیامەكەیدا رایگەیاندوە : "من وەكو دایكێك قسەتان لەگەڵ دەكەم و بە تۆمەتی بێ بنەما، چوار منداڵیان ‏لێسەندومەتەوە و ماڵم لێ تێكچووە، منداڵەكانم هەر رۆژە و لە شوێنێكن و رێگانادەن بێنەوە لای من."

هەرچەندە لە بڕگەی سێیەمی ماددەی یەك لە یاسای ژمارە ٦ی ساڵی ٢٠١٥ی پەرلەمانی كوردستاندا ‏هاتووە كە "لەماوەی شیرەخۆرەدا، بینینی منداڵەكە لە مانگێكدا دووجار دەبێت لەو شوێنەی كە لەسەری ‏رێكدەكەون ئەوەش ئەو مانایە دەگەیەنێت كە منداڵە شیرەخۆرەكە دەبێت لەلای دایكی بمێنێتەوە و ‏باوكەكە مانگانە سەردانی بكات". بەڵام چیمەن عوسمان عەزیز ئاماژە بەوە دەكات کە منداڵە بچوكەكەی ‏تەمەنی دوو ساڵە و شیرەخۆریە بەڵام ئەو نازانێت ژیانی ئەو منداڵە چۆنە و بەچی دەژیت، دەڵێت: "منداڵە ‏بچووكەكەم تەمەنی دوو ساڵ و شەش مانگە و شیرەخۆرەیە، كەچی نازانم چۆن و بەچی دەژیت و ئێستاش ‏شیری منداڵە بچوكەكەم پێیە."

ئەگەرچی چیمەن عوسمان عەزیز بەهۆی زۆری گریانییەوە بە ئەستەم دەیتوانی قسە بكات، ئاماژەی ‏بەوەكرد كە دو ساڵ لەمەوبەر لە دەرەوەی دادگا تەڵاقدراوە هەر بۆیەش ماوەی دو ساڵە خەریكی ‏هانابردنە بۆ یاسا و دادگاكانی سلێمانی بەڵام وەڵامی نادرێتەوە و وتی: "چونكە دوو ساڵ لەمەوبەر لە ‏دەرەوەی دادگا جیابومەتەوە بۆیە چەندین جار هانام بردووە بۆ یاسا و دادگای سلێمانی بەڵام وەڵامم ‏نادەنەوە و بۆیەش لێرەوە رایدەگەیەنم ئەگەر بە منداڵەكانم شاد نەبمەوە ئەوا كۆتایی بە ژیانی خۆم ‏دەهێنم و دوای مردنیشی ‏ئەندامەكانی جەستەم دەبەخشمە پێشمەرگە."

هەرەها جەختیشی کردەوە: "چوومەتە لای چەندین كەس و هیچ كەس بە هانامەوە نەهاتووە و هیوادارم ئەمجارە ‏یاسایەك بەهانامەوە بێت، ئەگەر نا رەنگە هەواڵێك بێت كە لە یەكێك لە پاركەكانی شاری سلێمانی ‏كۆتاییم بە ژیانی خۆم هێناوە‎."

جێگەی ئاماژەیە ئەو ژنە بەهۆی كەڵەكە بوونی ئازارەكانی و بیركردنەوە لە دوارۆژی خۆی و ‏منداڵەكانی، توانای قسە كردنی نەما و لە كاتی گفتوگۆكاندا لەبەردەمی پەرلەمانتاراندا بورایەوە و ‏كەوتە سەر زەوی‎.‎

(ش ب)