دروستکردنی تەنور بەدەستی ژنان

12:38

ژنها

ئامەد- دروستکردنی تەنوری قوڕین لەلایەن ژنانەوە مێژووێکی کۆنی هەیە، تەنور وەک یەکێک لە بەرهەمە کەلتوریەکانی دێرینی کوردستان و ناوچەکە دەناسرێت، تا وەک و ئێستاش لە کوردستان دروست دەکرێت و بەکاردێت. چیچەک ئاکتاش یەکێک لەو ژنانەی کە کاری دروستکردنی تەنورە و دەڵێت: دروستکردنی تەنور لە قوڕ چەندە کارێک سەختە، تامی نانەکەشی ئەوەندە خۆشە.

چیچەک ئاکتاش لە شاری ئامەدی باکوری کوردستان، کاری دروستکردنی تەنور دەکات، چیچەک ئەو کارە بۆ دابین کردنی بژێوی ژیانی خێزانەکەی دەکات، چیچەک بەو شێوەیە باس لە گرنگی کارەکەی دەکات: "پێشان ماڵەکان لە قوڕ دروست دەکران، بەڵام ئێستا خانوی چیمەنتۆ دروست دەکرێت، ئەو دیوارانەی بە چیمەنتۆ دروست دەکرێن دەبنە هۆی چەندین نەخۆشی و تێکدانی هاوسەنگی سروشتی کۆمەڵگە، تەنوریش دوورە لە بەکار هێنانی مادەی کیمیاوی و بە شێوەیەک سروشتی خاوێن نانمان دەست دەکەوێت."

چیچەک چۆن تەنور دروست دەکات:

چیچەک باسی لە چۆنێتی دروستکردنی تەنور کرد و وتی: "سەرەتای بەهار دەست بەدروستکردنی تەنور دەکەین، چونکە لە زستاندا کەلوپەلی دروستکردن زۆر دەست ناکەوێت، هەوای ساردیش کاریگەری خراپی هەیە، سەرەتا دەچین لە نزیک ڕووبار شوێنێک هەیە قوڕی باشی لێدەست دەکەوێت، قوڕ دێنین. هەندێک خوری ئاژەڵ دێنین و لەگەڵ کا و قوڕ تێکەڵ دەکەین، پاشان باش دەیشێلین، شێلاندنەکەی پیاوان دەیکەن. دوی ئەوەی قوڕەکە ترش دەبێت تەنور دروست دەکرێت و ماوەی سێ رۆژ لە بەر ڕۆژ دەیهێلێینەوە."

چیچەک ئاماژەی بەوەش کرد کە ڕۆژ هەیە ١٠٠ تەنور دەفرۆشن ڕۆژیش هەیە ٢٠ یان جاری واش هەیە هیچ نافرۆشن.

تەنور سەرچاوەی بژێوی ژیانیەتی:

چیچەک ئاکتاش سەرنجی راکێشایە سەر ئەوی کە ماوەی ٢٠ ساڵە تەنور دروست دەکات و وتیشی: "لە تەمەنی ١٣ ساڵیەوە دەستم بە دروستکردنی تەنور کرد، رۆژانە ٩ کاتژمێر کاردەکەم، تاکە سەرچاوەی بژێوی ژیانی خۆم و ١٢ منداڵەکەم هەر ئەمەیە. لە کاتێک شوم کرد، تەمەنم ١٣ ساڵان بوو، بۆ دابینکردی بژێوی ژیانم دەستم بەو کارەکرد و تا ئێستاش بەردەوامم، بەدرێژایی ئەو ماوەیە ڕووبەڕووی زۆر و زەحمەتی زۆر بوومەوە."

چیچەک ئاکتاش لە کۆتایشدا ئاماژەی بەوەکرد کە کەلتوری تەنور دروستکردن خەریکە لەناو دەچێت.

(ش ب)