سێ دایکی ڕۆبۆسکی ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی دەبنەوە

14:16

ژنها

شرناخ- دایکانی ڕۆبۆسکی ماوەی پێنج ساڵە لەنێو هەوڵ و تێکۆشان دان بۆ ئەوەی تاوانبارانی کۆمەڵکوژی ڕۆبۆسکی بە سزای یاسایی بگەن، دادگای دەوڵەتی تورک بەرامبەر سێ لەو دایکانە بەبەهانەی "بێڕێزیکردن بە سەرۆک کۆمار" دەستی بەلێپرسینەوە کرد.

لە ٢٨-١-٢٠١١دا فڕۆکە جەنگیەکانی سوپای تورک بوردومانی گوندی ڕۆبۆسکی ناوچەی قلابانی سەربە شاری شرناخی باکوری کوردستانیان کرد، لە ئەنجامی بۆردومانەکەدا ٣٤ هاوڵاتی گیانیان لەدەستدابوو، دوای ئەو کارەساتە کەسوکاری قوربانیان بەگرتنەبەری رێکاری یاسایی هەوڵیاندا تاوانبارانی ئەو کۆمەڵکوژیە دادگایی بکرێن و سزابدرێن، بەڵام سەرەڕای ئەوەی ١٥٨١ڕۆژ بەسەر ئەو کۆمەڵکوژیە تێپەڕ بووە، هێشتا تاوانباران دادگایی نەکراون.

ئەو کەسانەی کە هەوڵ دەدەن کەیسەکە لە ڕۆژەڤ بهێڵنەوە ڕوبەڕووی فشاری زۆری دەوڵەتی تورک دەبنەوە، دوێنێش لەبەردەوامی فشارەکانی دەوڵەتدا دادوەری کۆماری دەوڵەت لە ناوچەی قلابان، بەبەهانەی"بێڕێزی کردن بەسەرۆک کۆمار" لێپرسینەوەی لەبەرامبەر هەر یەک لە "مەرجان ئەنجۆی دایکی شەهید وەدات ئەنجۆ، قەدریە ئەنجۆی دایکی شەهید حەمزە ئەنجۆ و ئەمینە ئوروک دایکی شەهید یوکسەل ئوروک، دەستپێکرد.

لەبەر ئەوەی ئەو سێ دایکە ئامادەنەبوون بچن بۆلای دادوەر، شەوی ڕابردوو سەربازانی تورک هەڵیان کوتایە سەر ماڵی قەدریە ئەنجۆ، ئەو هێزە سەربازیە هەوڵیاندا لێپرسینەوە لەگەڵ قەدریە بکەن، بەڵام قەدریە پێی ڕاگەیاندن: " بۆچی ئەو کەسانە دادگایی ناکرێن کە ڕۆڵەکانیان کۆمەڵکوژ کردین".

دوای ئەوەی هاوڵاتیان ناڕەزاییان دەربڕی، سەربازانی سوپای تورک ناچار بوون لە گوند بچنە دەرەوە.

(ش ب)