ئیلهام ئەحمەد: ئەمریکا و ڕوسیا ناچارن دان بە فیدراڵی دابنێن

12:34


ژنها

ناوەندی هەوڵ- هاوسەرۆکی ئەنجومەنی سوریای دیموکراتی، ڕایدەگەیەنێت، ڕژێمی ئەسەد و هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن خاوەن هیچ پڕۆژەیەکی چارەسەری نین بۆ ئایندەی سوریا، بۆیە ئەمریکا و ڕوسیا ناچارن دان بە سیستەمی فیدرالی بۆ ڕۆژئاو-باکوری سوریا دابنێن.

ئیلهام ئەحمەد هاوسەرۆکی هاوسەرۆکی ئەنجومەنی سوریای دیموکراتی(MSD)، شەوی ڕابردوو بەشداری لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنی(Ozgur Gün Tv) دا کرد و دواین بارودۆخی هەرێمەکەی هەڵسەنگاند.

ئیلهام ئەحمەد وتی: " گروپەکانی سەر بە کوالیسیۆنی نیشتیمانی سوریا لە شێخ مەقسود هێرش دەکەنە سەر هاوڵاتیانی کورد، لە قامیشلۆ هێزەکانی ڕژێم و لە هەندێک شوێنیتری ڕۆژئاوا چەتەکانی داعش و لە خاڵە سنوریەکانیش هێزەکانی سوپای تورک، هاوڵاتیان دەکەنە ئامانج، هەرچەند هێزەکان جیاواز بن، بەڵام ئامانجی هێرشەکانیان یەکە، ئامانجیان ئەوەیە سیستەمی فیدرال دیموکراتی بۆ ڕۆژئاوا-باکوری سوریا سەرنەکەوێت."

" تورکیا و ڕژێم ڕێککەوتوون"

هاوسەرۆکی ئەنجومەنی سوریای دیموکراتی، ڕایگەیاند: "دەوڵەتی تورک بە هەموو هێزی خۆی بەرامبەر بە گەلی کورد شەڕ دەکات، بۆ ئەوەش لە گەڵ ڕژێمی ئەسەد ڕێککەوتون، هێرشەکانی سەر شێخ مەقسود و قامیشلۆ ئەنجامی ئەو ڕێککەوتتنەن. تورکیا و ڕژێم بە نێوەندگیری جەزائیر ڕێککەوتون لەسەر ئەوەی بەرامبەر بە کوردان شەڕ بکەن، نایانەوێت کوردان ببن بە خاوەن پێگەیەکی خۆبەڕێوەبردن لە ناوچەکەدا."

"دەستی ئێران لە هێرشەکاندا هەیە"

ئیلهام ئەحمەد لە بەردەوامی وتەکانی دا جەختی کردەوە: "ئێران خاکی سوریا وەک موڵکی خۆی دەبینێت، بۆیە لەسوریا شەڕێکی بەرفراوان بەڕێوە دەبات، ئێران خەون بە بونیادنانی هیلالی شیعەوە دەبینێت، بۆیە کوردان وەک گەورەترین بەربەست دەبینن لە بەردەم پڕۆژەی خۆیان، ئێران دەیەوێت سوریا لەلایەن ڕژێمی ئەسەد بەڕێوە ببرێت، سیستەمێکی دیموکراتی وەک مەترسیەک دەبینن بۆ ئایندەی خۆیان."

"ناچارن سیستەمی فیدراڵ دیموکراتی قبوڵ بکەن"

ئیلهام ئەحمەد هاوسەرۆکی ئەنجومەنی سوریای دیموکراتی(MSD)، لەکۆتاییدا ئاماژەی بەوە کرد کە جنێڤی سێیەم سەرناکەوێت، ناوبراو وتی: "چونکە نوێنەرانی گەلانی سوریا لە ناو جنێڤ دا بونیان نیە، پێشبینی ئەوە دەکەم کە سەر ناکەوێت. ڕەنگە بانگهێشتمان بکەن بۆ ئەوەی ئامادەی جنێڤ ببین، بەڵام گەلی ڕۆژئاوا و باکوری سوریا سیستەمی فیدڕاڵی دیموکراتیان هەڵبژاردوە، بۆیە هەنگاو بەرەو دواوە نانەین و پاشگەز بونەوە لەو بڕیارە مەحاڵە. هەموو هێز و لایەنەکان ناچارن دان بەو سیستەمە دابنێن، ئەگەر بانگهێشتیشمان بکەن، ئەوا لەسەر سیستەمی فیدرالی گفتوگۆ پێشدەخەین، چونکە هیچ پڕۆژەیەکیتر بۆ ئایندەی سوریا پێشکەش نەکراوە، ئەمریکاو ڕوسیاش ناچارن ئەو سیستەمە قبوڵ بکەن و بە فەرمی دانی پیابنێن."
(ش ب)